״پارتی دەیەوێت بە زۆرینەی پەرلەمانی هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە بەڕێوەبچێت״
راپۆرتی، تەها عەبدوڵڵا
نووسەران و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن كە «هەڵوێستەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رێگربووە لەوەی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان قووڵتربێتەوە، بەتایبەتی لە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا».
پێشیانوایە «سەرۆكی پەرلەمان داواكارییەك جێبەجێناكات ببێتە هۆی لێكترازان و شكاندنی ئەو سازان و تەوافوقەی لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكومەت ئیمزایان لەسەر كردووە»، ئاماژە بەوەش دەكەن كە «پێشتر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا رێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە ئەو پارێزگایەی بینای پەرلەمانی تێدایە، بەبیانووی شكاندنی تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەكان. كەچی ئێستا هەر ئەو لایەنە خۆی ئەو داوایە لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات بۆ كۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی لایەنەكان هیچ رێكەوتنێكیان لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كردبێت، بەتایبەتی پرسێكی گرنگی وەك هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كە پەیوەستە بە تەواوی لایەنەكان و خەڵكی كوردستانەوە».
بارودۆخی ئێستا لە چەندین رووەوە گۆڕانكاریی بەسەرداهاتووە
سەعید مەسیفی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و شارەزا لە بواری هەڵبژاردن، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە واقیعی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە پێویستە لە پرسە چارەنووسسازەكاندا تەوافوق و رێكەوتن لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت، ئێستاش كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەمدایە، پێویستە سازان و تەوافوق و تەنانەت ئامادەكاریی تەواویشی بۆ بكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە هەیە. ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی تێبینی دەكەین زۆربەی زۆری فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدان كە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، بەوپێیەی یاساكەی ئێستا هەیە كۆنە و بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لە چەندین رووەوە گۆڕانكاریی زۆری بەسەرداهاتووە.
پارتی دەیەوێت رێگریی بكات لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
وتیشی: تەنها داواكاریی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێچەوانەی داواكاریی لایەنەكانی دیكەیە و دەیەوێت و مەبەستێتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بە یاسا كۆنەكە بكرێت، بەوەش دەیەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروست بكات و رێگریی بكات لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەش فراكسیۆنی پارتی داوادەكات سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران بكات بۆ كۆبوونەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر پڕۆژەیەك رێكنەكەوتوون بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. «مەبەستیشیان لێرەدا ئەوەیە بە زۆرینەی پەرلەمانی و هاوكاریی كورسیی پێكهاتەكان، هەڵبژاردنی داهاتوو هەر بە یاسا كۆنەكە، كە یەك بازنەییە، بچەسپێنن و بەڕێوەبچێت». لەو بارەیەشەوە كە سەرۆكی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی خستەڕوو بەوەی وەڵامی فراكسیۆنێك ناداتەوە، زۆر گونجاو بوو و لە شوێنی خۆیدا بوو، هەڵوێستەكەشی بەو مانا و ئامانجە بوو كە ئەو وەك سەرۆكی پەرلەمان پابەندە بە یاسا و رێساكانەوە و بەرپرسیارێتیی یاسایی و سیاسی لەئەستۆدەگرێت و كارێك ناكات ببێتە هۆی لێكترازانی لایەنەكان و نابێتە بەشێك لە ململانێكان، تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێكەوتن. بەدڵنیاییشەوە هەر فراكسیۆنێكی دیكە لە ئێستادا داواكاریی لەو شێوەیە لە سەرۆكی پەرلەمان بكات، ئامادەنابێت بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوە و رەچاوی بەرژەوەندیی گشتی دەكات.
سەرۆكی پەرلەمان هەڵوێستەكانی زۆر گونجاوە و خۆی نەخستۆتە ناو ململانێكانەوە
هەر پەیوەست بە هەڵوێستەكانی سەرۆكی پەرلەمان، شیروان عەوڵا راگەیاندنكار و چاودێری سیاسی، بە كودستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كێشە و ململانێكانی نێوان لایەنەكان لە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی پەرلەمان هەڵوێستەكانی زۆر گونجاوە و خۆی نەخستۆتە ناو ململانێكانەوە و كارێك دەكات ببێتەهۆی سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی، نەك شكستهێنان و قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكان. وتیشی: رەخنەگرتن و تەنانەت هەڕەشەش لە سەرۆكی پەرلەمان هەندێكجار دێتەئاراوە و دووبارەدەبێتەوە، بەتایبەتی لە خولی رابردوودا بینیمان پارتی لە بازگەكانی هەولێر رێگەی نەدا سەرۆكی پەرلەمان، بچێتە هەولێر و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات، بیانووشیان بۆ ئەوە پێیانوابوو «د.یوسف محەمەد تەوافوقی نێوان لایەنەكانی شكاندووە و بەبێ فراكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەی كردووە»، ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا پارتی داوای شتێك دەكات كە شكاندنی ئەو تەوافوقە سیاسییەیە كە لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ئێستادا لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان-دا كردوویەتی.
پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەر ئاستەنگێكی یاسایی یان سیاسی
باسی لەوەشكرد كە د.ڕێواز فایەق، لە ماوەی سەرۆكایەتیی ئەم خولەی پەرلەماندا هەڵوێستی زۆر گونجاوی هەبووە، وەك ژنێك هاوشێوەی چەندین ژنی بەتوانا لە كوردستان و عیراق و جیهاندا توانیویەتی ئەرکەكانی خۆی بە باشی و بەبێ كەموكوڕی بەڕێوەببات، دیارترین هەڵوێستیشی بۆ پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانە، كە رێگانادات تەوافوق و سازانی نێوان لایەنەكان تێكبچێت، كە هەندێك لایەن كاری بۆ دەكەن و وتیشی: ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەیكات شتێك نییە پێچەوانەی خواستی لایەنەكان و هاووڵاتیان بێت و داواكات «رێكەوتن بكرێت لەسەر یاسایەك كە پەیوەندیی بە پڕۆسەی سیاسیی كوردستانەوە هەیە»، تا لە داهاتوودا هەرێم رووبەڕووی هیچ ئاستەنگێكی یاسایی یان سیاسی نەبێتەوە.
سەرۆكی پەرلەمان بەیەك دووری دەڕوانێتە دید و سەرنجی لایەنەكان
لای خۆیەوە، فوئاد عوسمان نووسەر و چاودێری سیاسی لە لێدوانێكدا ئەوەی بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو كە د.ڕێواز فایەق وەك سەرۆكی پەرلەمان لە پرسی هەڵبژاردندا بەیەك دووری دەڕوانێتە دید و سەرنجی لایەنەكان و لایەنگیریی ناكات و هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە ئەو كەلێنەی خەریكە فراوان دەبێت لەنێوان فراكسیۆنەكاندا، نەمێنێت و چارەسەری گرفتەكان بكات، بۆ ئەوەش رێچكەی یاسایی گرتووە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەتایبەتیش كە سەرۆكی پەرلەمان خۆی كەسێكی یاسایی و شارەزا و قاڵبووی بنەما یاساییەكانە و هەر بەوشێوەیەش كارەكانی دەكات.
ناچاركردنی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆبوونەوە، سەركەوتوو نابێت
باسی لەوەشكرد كە هەر جۆرە هەوڵێك و هەڕەشەیەك بۆ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان ناچاربكات بڕیاری كۆبوونەوە بدات، بەدڵنیاییەوە سەركەوتوونابێت، ئەوەش لەو چوارچێوەیەدا كە سەرۆكی پەرلەمان جگە لە ئەركە یاساییەكەی، ئەركی سیاسی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش لەبەرچاودەگرێت و كارێك ناكات ببێتەهۆی لێكترازان و چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، هاوكات نابێتە تەرەف لە ململانێكاندا، وەك ئەو هەڵوێستەی لە دۆسێی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، نواندی. پێشیوابوو «دواجار لە پرسێكی وەك هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆندا، دەبێت لایەنەكان رێكەوتن بكەن، بەدڵنیاییشەوە بەكارهێنانی هەر رێگایەكی دیکە سەركەوتوونابێت و كێشەكانیش قووڵتردەبنەوە».
سەعید مەسیفی: هەڵوێستەكانی سەرۆكی پەرلەمان رێگربووە لەوەی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان قووڵتربێتەوە
شیروان عەوڵا: ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەیكات لەگەڵ خواستی لایەنەكان و هاووڵاتیاندا یەكدەگرێتەوە
فوئاد عوسمان:
لە پرسی هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆندا، هەر دەبێت لایەنەكان بگەنە رێكەوتن