رێژەی هەڵئاوسان لە توركیا بەرزبوونەوەیەكی نوێی تۆمار كرد و گەیشتە (61,14 %)، كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەو ژمارە بەرزە لە ئابووریی ئەو وڵاتەدا تۆمار نەكراوە. بەپێی ئامارەكانیش، بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵئاوسان تێچووی گوزەرانی لە توركیا قورستر كردووە و هێندەی دیكە چینی خوارەوەی كۆمەڵگەی توركی تووشی كێشە كردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگەی ئاماری توركیا، بەراورد بە مانگی رابردوو، تەنیا لە چوار رۆژی ئەم مانگەدا نرخی شمەك و كاڵا پێویستییەكان لە بازاڕەكانی توركیا بە رێژەی (5,4 %) بەرزبۆتەوە، بەوەش رێژەی هەڵئاوسان لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتۆتە (61,14 %)، لـەكاتێكدا ئـەو رێـژەیە لە مانگی رابردوودا بریتی بوو لە (45,44 %).
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە: نرخ لە سێكتەری گواسـتنـەوەدا بـە رێـژەی (99,12 %) بــەرزبــۆتـەوە، هـاوكات نرخی شمەكی خۆراكیش بە رێژەی (70,33 %) بەرزبۆتەوە، كە لە ساڵی 2002ەوە بەرزبوونەوەی لەو شێوەیە رووی نەداوە.
بەرزبوونەوەی نرخ لە توركیا بەشێكە لەو قەیرانە ئابوورییەی كە لە دوای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە لەو وڵاتە دروستبوو، هاوكات هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئۆكرانیا - روسیا، هێندەی دیكە نرخی لە توركیا بەرزكردۆتەوە.