«150 هەزار تۆن هاوردە كراوە»

لە عیراق وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران دەستیپێكرد

10:35 - 2022-04-12
ئابووری
793 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی ئابووری

وەرگرتنەوەی گەنم لە ناوچەكانی باشووری عیراق دەستپێكردووە و وەكو قۆناغی یەكەم بڕی 25 تۆن گەنم وەرگیراوە. هاوكات وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاشكرایدەكات: لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بڕی 150 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوە هاوردە كراوە.

25 تۆن وەرگیراوە
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاشكرای دەكات: وەرزی دروێنە لە پارێزگای موسەننا دەستیپێكردووە ‌و یەكەم قۆناغی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیارانیش كە 25 تۆن بووە، لە سایلۆكان وەرگیراوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق راشیگەیاندووە: سەرجەم گەنمی بەرهەمهێنراو بەپێی پلانی كشتوكاڵی لە جووتیاران دەكڕینەوە‌ و بۆ وەرزی دروێنەی ئێستاش، نرخی یەك تۆن گەنم بە 750 هەزار دینار دیاریكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە كۆگاكانی وەرگرتنی گەنم لەسەرتاسەری پارێزگاكان، ئامادەكاری پێویست كراوە.
وتەبێژی ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوەشداوە: هەموو شوێنەكانی بازاڕكردن ئامادەن، بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەری عیراقدا وەربگرن، ئەگەر گەنمی ئەمساڵ لە پێداویستی ناوخۆش كەمتر بوو، ئەوە وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئامادەیە بڕی پێویست گەنم هاوردە بكات.

هاوردەكردنی گەنم لە دەرەوە
هاوكات، حكومەتی عیراق لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی 150 هەزار تۆن گەنمی لە دەرەوە هاوردە كردووە و بەشێكی زۆریش لەو دانەوێڵەیە لە ئوسترالیاوە دێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عیراق، بە هاوكاری كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی و كۆمپانیای عیراقی بۆ گواستنەوە، توانراوە لە ماوەیەكی پێوانەییدا بڕی 150 هەزار تۆن گەنمی هاوردەكراو بگوازرێتەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە: لە چەند رۆژی داهاتوودا چاوەڕوان دەكرێت یاسای ئاسایشی خۆراك پەسەند بكرێت و چەندین رێكەوتن ئمیزا بكرێن، بۆ هاوردەكردنی كەلوپەل و خۆراك .

لە ساڵانی رابردوودا عیراق یەكێك بووە لەو وڵاتانەی كە گەنم و دانەوێڵەی لە روسیا و ئۆكرانیاوە هاوردە كردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی جەنگەوە نەتوانراوە گەنمی ئۆكرانی هاوردە بكرێت، بۆیە ئێستا بەشێكی زۆر لەو گەنم و دانەوێڵەیەی هاوردە دەكرێت، لە ئوسترالیاوە دێت.

بۆ ئەمساڵیش بڕیارە بەشێك لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن سایلۆكانی عیراقەوە وەربگیرێت و بەشەكەی دیكەشی لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە، لە جووتیاران وەردەگیرێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەریش، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند: ئەو 50 هەزار دینارەی بۆ هەر تۆنێك گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2021 بڕیاری لێ درابوو، چەكەكەی گەیشتۆتە هەرێم و دابەشدەكرێت.

وتیشی: «لەم هەفتەیەدا رێكارە کارگێڕییەكانی تەواو دەبێت و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر ئەو جووتیارانەی گەنمیان تەسلیمی سایلۆكانی هەرێم كردووە و تەنیا پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن، چونكە دهۆك لە وەجبەی پێشوو پارەی تەواویان وەرگرتووە».

پێشتریش وەزارەتی بازرگانیی عیراق ئاگاداری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كردبوو کە بڕی پەنجا هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم تەرخانكراوە، ئەو بڕە پارەیەش جیاوازی نرخی گەنمی ساڵی پێشووە كە جووتیاران لە پێشوودا گەنمەكانیان تەسلیمی سایلۆكان كردووە.

تائێستا پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی (2014، 2015، 2016) خەرج نەکراوە کە بڕەکەی زیاترە لە 700 ملیار دینار و بە پاساوی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و قەیرانی داراییەوە، تەنیا نیوەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دراوە.

#گەنم

بابەتە پەیوەندیدارەکان