ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازی به‌ڕێوه‌یه، ره‌نگه دواهه‌مین شۆڕشی مرۆڤ بێت له شارستانیداو راگه‌یاندنی كۆتایی سه‌رده‌مێك و سه‌ره‌تای شارستانییه‌كی نوێ بێت كه پێی ده‌وترێ شارستانی سایبۆرگ، ئه‌وه‌ش شارستانییه‌كه، كه ئێمه‌ی مرۆڤ هیچی له‌باره‌وه نازانین، خۆ ئه‌گه‌ر له مرۆڤێك بپرسین ئه‌م شارستانییه چییه‌و چۆنه، وه‌ك ئه‌وه وایه له سه‌ربازێكی سوپای رۆمانی بپرسین: جه‌نگی دووه‌می جیهانی چییه و چۆنه، ئه‌و سه‌ربازه ناتوانێ به خه‌یاڵیش وێنای بكات كه جه‌نگی دووه‌می جیهانی چۆن بووه‌و چ جۆره چه‌كێكی تێدا به‌كار هاتووه، ئه‌و ناتوانێ له تانك و تۆپ و فڕۆكه‌و بۆمبی ئه‌تۆمی تێبگات و هه‌ر خه‌یاڵیشی بۆی ناچێت.
هه‌ر به پێی ئه‌و لۆژیكه، تێگه‌یشتنی ئێمه‌ش بۆ شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازی قورسه، به‌ڵام ده‌كرێ له‌وه تێبگه‌ین كه چوار شۆڕشه پیشه‌سازییه‌كه‌ی پێشوو رێخۆشكه‌ر بوون بۆ ئه‌م شۆڕشه نوێیه، ره‌نگه ئه‌مه دواهه‌مین شۆڕشی مرۆڤ بێت له بواری پیشه‌سازیداو دواهه‌مین شۆڕشیش هێنده نزیكه له روودانی كه پێده‌چێ ته‌نیا پێویستی به پاشایه‌ك بێت له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دابنیشێت، به‌ڵام كام پاشا؟ مرۆڤێكی دووڕه‌گی تێكه‌ڵ به ته‌كنه‌لۆژیا، ئه‌و مرۆڤه‌ش پێی ده‌وترێ مرۆڤی سایبۆرگی.
شۆڕشه‌كان تا دێت خێراتر ده‌بن
شۆڕشی یه‌كه‌م و دووه‌می پیشه‌سازی، هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ده‌یه‌كی خایاند، به‌ڵام ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی شۆڕشه‌كان به خێراییه‌كی زیاتر به‌ڕێوه ده‌چن، شۆڕشی سێیه‌می پیشه‌سازی ته‌نیا نیو سه‌ده‌ی خایاند، شۆڕشی چواره‌میش كه‌متر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كی خایاند و ئێستا باس باسی شۆڕشی پێنجه‌مه كه مرۆڤ تیایدا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كییه.
له شۆڕشی یه‌كه‌می پیشه‌سازیدا كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه ده‌ستی پێكرد و تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی خایاند، مرۆڤ هێزی هه‌ڵمی دۆزییه‌وه و ئامێر و مه‌كینه‌ی گه‌وره‌ی دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی كاره قورس و گه‌وره‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه بوو كه‌شتی گه‌وره‌ی بارهه‌ڵگر و شه‌مه‌ندۆفێر و كارگه‌ی گه‌وره‌ی دروست كرد، شۆڕشی دووه‌می پیشه‌سازی كه تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیستی خایاند بناغه‌كه‌ی هه‌مان ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی به‌كه‌م بوو، به‌ڵام له‌م شۆڕشه‌یاندا مرۆڤ كاره‌بای داهێنا و له پاڵ هێزی هه‌ڵمدا به‌كاری هێناو شێوازی ژیانی مرۆڤی پێگۆڕی، ئه‌وه بوو ناوماڵ و شه‌قامه‌كانی رووناك كرده‌وه، گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات.
زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئینته‌رنێت
شۆڕشی سێیه‌می پیشه‌سازی له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ده‌ستپێده‌كات، له‌و كاته‌وه كه مرۆڤ كۆمپیوته‌ری داهێنا، ئه‌م شۆڕشه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری بنیات نرابوو، نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ی خایاند، شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك نابێت ده‌ستی پێكردووه، له‌م شۆڕشه‌ی مرۆڤدا داهێنانی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئینته‌رنێت سه‌ری هه‌ڵدا كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه، هه‌ر له‌م شۆڕشه‌دا مرۆڤ چه‌ندین ته‌كنۆ‌لۆجیای نوێی داهێنا وه‌ك بلۆكچه‌ین، دراوی به‌كۆدكراو، پرنته‌ری سێ رەهەندی و پاره‌دان به رێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی بێته‌ل كه ئه‌مڕۆ به وای فای ناسراوه.
ئه‌م شۆڕشه بڕیاره له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌متر له شۆڕشه‌كانی دیكه روو بدات و نازانین ماوه‌كه‌ی چه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به روونی دیاره ئه‌وه‌یه كه له‌م شۆڕشه‌دا ته‌كنۆ‌لۆجیای زیره‌ك گه‌یشتۆته دواهه‌مین قۆناعه‌كانی كامڵبوون، واته گه‌یشتۆته راده‌یه‌ك كه شتێكی ئه‌وتۆ نه‌ماوه له پێشكه‌وتنی ته‌كنۆ‌لۆجیادا مرۆڤ ده‌ستی پێی نه‌گات، هه‌ر له مۆبایله‌وه تا ده‌گات به كۆمپیوته‌ر و ته‌نانه‌ت سیستمی زیره‌كیی ده‌ستكردیش گه‌یشتۆته ئاستێك كه زۆر نزیكه له واقیعه‌وه.
بیر له هه‌مبه‌رگر بكه‌ره‌وه پرنته‌ره‌كه‌ت بۆت دروست ده‌كات
دراوه به‌كۆدكراوه‌كان
له 10 ساڵی رابردوودا دراوه به‌كۆدكراوه‌كان سه‌نته‌ری سه‌ره‌كی وه‌به‌رهێنان بوون، به‌ڵام ده‌ركه‌وت بڵقێكی گه‌وره‌یه‌و ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان دووباره نه‌بنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رنجی گشتی به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی مرۆڤ بوو، به‌ره‌و پیشه‌سازیی زیره‌ك بوو كه ئامانجی په‌ره‌پێدانی مرۆڤ بوو له پاڵ په‌ره‌پێدانی ته‌كنۆ‌لۆجیای زیره‌كدا.
له 10 ساڵی رابردوودا چه‌مكی شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو پێشكه‌وتنه ته‌كنۆ‌لۆجییه‌كاندا كێشابوو، به‌ڵام وا پێده‌چێت پێشكه‌وتنه ته‌كنۆ‌لۆجییه‌كانی داهاتوو نه‌وه‌یه‌كی نوێ له پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه ببینێت، ئه‌ویش شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازییه. ئه‌گه‌ر شۆڕشی چواره‌م خۆی له داهێنانی زیره‌كی ده‌ستكرد و به ئینته‌رنێتكردنی شته‌كان و دراوی ئه‌له‌كترۆنی و بلۆكچه‌یندا ده‌بینێته‌وه، ئه‌وا شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازی كار له‌سه‌ر پێشخستنی خودی مرۆڤ ده‌كات، ئه‌ویش له رێگه‌ی چاندنی چیپی ئه‌له‌كترۆنییه‌وه له ناو جه‌سته‌ی مرۆڤدا بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی مرۆڤ بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و داهێنانانه به‌رز بكاته‌وه كه له چوار شۆڕشه پیشه‌سازییه‌كه‌ی دیكه‌دا كراون.
ئه‌م جاره‌یان مرۆڤ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كییه
كه‌واته ئامانجی كۆتایی شۆڕشی پێنجه‌می پیشازی ئه‌وه‌یه كه بۆ یه‌كه‌م جار مرۆڤ بكاته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆ‌لۆجیا، به پێچه‌وانه‌ی شۆڕشی چواره‌مه‌وه كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی په‌ره‌پێدانی ئامێر‌و ئامرازه‌كان بوو، بۆ نموونه له شۆڕشی چواره‌می پیشه‌سازیدا كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه ئامێری زیره‌ك دروست بكات تا ئه‌و راده‌یه‌ی بتوانێ له جیاتی مرۆڤ كار بكات و هه‌ر خۆیشی توانای بڕیاردانی هه‌بێت، به‌ڵام شۆڕشی پێنجه‌م كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی تواناكانی مرۆڤ ده‌كات، ئه‌ویش له دوو رێگه‌وه، یه‌كه‌میان له رێگه‌ی به‌هێزكردنی تواناكانی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر و باشتر توانای كۆنترۆڵكردنی ئامێره‌كانی هه‌بێت، به جۆرێك ته‌نیا به مێشك و به بیركردنه‌وه ئینته‌رنێت و سه‌رجه‌م ئامێره‌كانیش كۆنترۆڵ بكات، دووه‌میشیان له رێگه‌ی پێدانی ئازادییه‌كی زیاتر به هه‌ڵسوكه‌وت و جموجۆڵه‌كانی مرۆڤ له ژینگه پیشه‌سازییه نوێیه‌كه‌یدا.
هه‌رچی به خه‌یاڵی مرۆڤدا بێت
له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ری هه‌یه مرۆڤ تێكڕای ئامێره زیره‌كه‌كان كۆنترۆڵ بكات و هه‌موو كارێكیشیان پێ بكات، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و چیپه ئه‌له‌كترۆنییه‌وه ده‌بێت كه له مێشك و جه‌سته‌ی مرۆڤدا ده‌چێنرێت، وه‌ك ئه‌و چیپه‌ی ئێستا ئایلۆن ماسك هه‌وڵ ده‌دات له مێشكی مرۆڤدا بیچێنێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه سه‌ربگرێت، ئه‌و كاته مرۆڤ ته‌نیا له رێگه‌ی بیركردنه‌وه‌وه ده‌توانێ ئامێری گه‌رمكه‌ره‌وه‌كه‌ی ناو ماڵه‌كه‌ی بخاته كار، بێئه‌وه‌ی خۆیشی له ماڵه‌وه بێت، یان ئه‌و كاته مرۆڤ ده‌توانێ داوا له پرنته‌رە سێ رەهەندییەکە بكات خواردنێكی بۆ دروست بكات و پرنته‌ره‌كه‌ش چ جۆره خواردنێك له خه‌یاڵی مرۆڤه‌كه‌دا بێت دروستی ده‌كات، یان مرۆڤ زۆر به ئاسانی ده‌توانێ ئۆتۆمبێله بێشۆفێره‌كه‌ی بانگ بكات له هه‌ركوێیه‌ك بێت، بێت بۆ لای و بیگه‌یه‌نێته شوێنی مه‌به‌ست.
رێگه‌ی دووه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی مرۆڤ وه‌ك پێشتر باسمان كرد ئازادیی هه‌ڵسوكه‌وت و جموجۆڵه، له شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازیدا مرۆڤ كاتێكی زۆری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه له جێبه‌جێكردنی كاره رۆتینییه‌كانیدا، چونكه ئه‌و كاته زۆر له كاره رۆتینییه‌كانی رۆژانه‌ی مرۆڤ به شێوه‌ی میكانیكی به‌ڕێوه ده‌چن، ئه‌ویش له رێگه‌ی سیستمی زیره‌كیی ده‌ستكرد و ئامێره زیره‌كه‌كانه‌وه، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له كاره رۆتینییه‌كانی وه‌ك ماڵپاكردنه‌وه و بازاڕكردن و گه‌یاندن و چاوخشاندنێك به هه‌واڵه‌كانی رۆژدا، له‌گه‌ڵ نووسینی تێبینی رۆژانه‌دا، یان ناردن و گۆڕینه‌وه‌ی وێنه و ڤیدیۆ له‌گه‌ڵ هاوڕێیاندا و نامه‌گۆڕكێ و ته‌نانه‌ت چاودێریی بارودۆخی ته‌ندورستیش، هه‌موو ئه‌م كارانه له رێگه‌ی ئامێره زیره‌كه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێن.
مرۆڤ كاتی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه
له كاركردندا ئازادی جموجۆڵ زۆر له‌وه زیاتریش تێده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌ر شۆڕشی چواره‌م توانیبێتی په‌یكه‌ری كاری هه‌ندێك شوێن رێك بخاته‌وه‌و كۆنترۆڵی بكات كه پێشتر مرۆڤ كاری تێدا كردووه، ئه‌وا شۆڕشی پێنجه‌م هه‌موو ئه‌وانه وه‌لا ده‌نێت و سیستمی زیره‌كیی ده‌ستكرد جێگه‌یان ده‌گرێته‌وه، زۆر وردتریش له جاران جێبه‌جێی ده‌كات، ئه‌م پڕۆسه‌یه راسته كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر زۆر كه‌س له‌به‌رئه‌وه‌ی كاره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و كاته به‌رهه‌م هێنده زیاد ده‌بێت كه به‌شی ئه‌وه ده‌كات بدرێت به‌و كه‌سانه‌ش كه كاره‌كانیان له‌ده‌ست داوه، تا پێداویستییه‌كانی خۆیانی پێ بكڕن، ره‌نگه ئه‌و كاته ئه‌و بڕه پاره‌یه له بری بیمه‌ی بێكاری وه‌رگرن، یان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك كاری زۆر ساده‌و ئاساندا، ئه‌و كاتیش شێوازی كاری رۆژانه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌گۆڕێت بۆ كاری چوار سه‌عاتی له رۆژێكداو له هه‌فته‌یه‌كیشدا ته‌نیا چوار رۆژ یان كه‌متر كار ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته مرۆڤ زیاتر كاری سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، نه‌ك جێبه‌جێكردنی كاری قورس، كاره‌كانیش هیچ پابه‌ندبوونێكیان به سنووری جوگرافییه‌وه نابێت، ئه‌مه به رووكه‌ش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه به قازانجی مرۆڤه، به‌ڵام دواتر مرۆڤ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌شێكی زۆر له لێهاتوویی و كارامه‌یی له‌ده‌ست داوه.
ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شارستانییه‌كی نوێ
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره ته‌كنۆلۆجیایه‌دا كه زیره‌كییه‌كی باڵا‌و له راده‌به‌ده‌ری هه‌یه، ئه‌گه‌ری هه‌یه ببێته هۆی دانانی به‌ردی بناغه‌ی یه‌كه‌م شۆڕشێكی نوێ له شارستانیی سایبۆرگدا، ئه‌و شارستانییه‌ی ته‌واو جیاواز ده‌بێت له سه‌رجه‌م شارستانییه‌كانی پێشتر كه مرۆڤ به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌وانه‌یه له ئه‌نجامی هاوڕێكبوون و گونجانی نێوان مرۆڤ و ئامێر له لایه‌ك و ئامێر‌و ئامێر له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له ئامێره زیره‌كه‌كانه، هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی گونجان له نێوان زیره‌كی مرۆڤ و زیره‌كی ده‌ستكرددا، جۆرێكی نوێ له مه‌عریفه بێته ئاراوه كه ره‌نگه ناو لێبنرێت (مه‌عریفه‌ی مرۆیی ده‌ستكرد)، ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ش چه‌ندین جۆر هونه‌رو ئه‌ده‌ب و داب و نه‌ریتی نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه هه‌موویان جیاواز ده‌بن له‌وانه‌ی پێشتر مرۆڤ خۆی به‌رهه‌می هێناون.
له‌سه‌ر به‌هاو بنه‌مای نوێ بنیات ده‌نرێت
كاتێك قسه له‌سه‌ر هونه‌ر ده‌كه‌ین، پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه هونه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا مۆركێكی ته‌واو مرۆییه‌و تایبه‌ته به خودی مرۆڤ، واته مرۆڤ له داهێنانی هونه‌ردا هیچ بوونه‌وه‌رێكی دیكه‌ی نه‌كردۆته هاوبه‌ش، له هه‌ر شوێنێك نه‌خشێك، نیگارێك، وێنه‌یه‌كی به‌ده‌ستكێشراو، یان پارچه میوزیكێك، یاخود به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی هه‌بوو، ئه‌وه جێده‌ستی مرۆڤه و ده‌توانین بڵیێن (مرۆڤ بێره‌دا تێپه‌ڕیوه)، به‌ڵام ئه‌و شارستانییه نوێیه‌ی به‌ڕێوه‌یەو به‌هۆی شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازییه‌وه ئه‌گه‌ری دروستبوونی هه‌یه، ده‌بێته یه‌كه‌م شارستانی كه به ته‌نیا موڵكی مرۆڤ نییه.
ئه‌و شارستانییه نوێیه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌هاو بنه‌مای نوێ بنیات ده‌نرێت، كه تایبه‌تن به زیره‌كیی ده‌ستكرد، به واتایه‌كی دیكه به‌هاكان ده‌گۆڕێن، چونكه زیره‌كیی ده‌ستكرد زۆر خێرا‌و كارایه، كاره‌كانی به وردی بێ هه‌ڵه ئه‌نجام ده‌دات، هه‌ر له‌م شارستانییه نوێیه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی و ماددیگه‌رایی و قازانجخوازیی به زه‌قی ده‌رده‌كه‌ون، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م شارستانییه‌ش قبوڵنه‌كردنی یان نه‌بوونی هه‌ڵه‌یه.
ململانێ ده‌ستپێده‌كات
به‌ڵام ئه‌م شارستانییه‌ش بێكێشه نابێت، چونكه دوای هاوڕێكبوون و گونجانی زیره‌كیی مرۆڤ و زیره‌كیی ده‌ستكرد، ئه‌و كات هه‌ره‌یه‌كه له مرۆڤ و ئامێر پێی وایه خۆی باڵاده‌سته به‌سه‌ر ئه‌وی دی‌دا و خۆی كاره‌كان به‌ڕێوه ده‌بات، ئه‌و كاتیش ئه‌و شه‌ڕه ده‌ستپێده‌كات كه له فیلمه‌كانی خه‌یاڵی زانستیدا پێشبینیی بۆ كراوه، ئه‌و كاته پرسیاری هه‌ره گرنگ ئه‌وه‌یه، داخۆ مرۆڤ سه‌رچاوه‌ی وزه له ئامێره‌كان ده‌بڕێت تا هه‌موویان له‌ناو ده‌چن، یان ئامێره‌كان خاڵی لاوازی مرۆڤ به‌كار ده‌هێنن بۆ له‌ناوبردنی خودی مرۆڤ؟ خاڵی لاوازی مرۆڤیش ئه‌وه‌یه كه هه‌ر ده‌بێ بمرێت و به ئاسانی ده‌مرێت.
ئه‌زموونه‌كانی ژیانی رابردووی مرۆڤ پێمان ده‌ڵێ: مرۆڤ هه‌روا به ئاسانی به‌یده‌ست نابێت و هه‌وڵ ده‌دات خۆی له‌گه‌ڵ بارودخه نوێیه‌كه بگونجێنێت، بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌ست و قاچی پۆڵا دروست ده‌كات و له شارستانییه‌كی وا پێشكه‌وتووشدا هه‌ر پارچه‌یه‌ك له جه‌سته‌ی پیر بێت و له‌كار بكه‌وێت به ئاسانی ده‌یگۆڕێت، به تایبه‌ت كه ئه‌و كاته پرنته‌ری سێ ره‌هه‌ندیشی له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت و زۆر به ئاسانی پێستی خۆی ده‌گۆڕێت بۆ جۆره پێستێك كه به‌رگه‌ی كاریگه‌رییه ده‌ره‌كییه‌كان بگرێت، به كورتی هه‌وڵ ده‌دات جۆرێك له نه‌مریی به‌ده‌ست بهێنێت، ره‌نگه هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه بكه‌وێته داوی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه پێی وایه خۆی باڵاده‌سته.
هه‌ندێك كه‌س پێیان وایه روو نادات
له شۆڕشی پێنجه‌می پیشه‌سازیدا جیهانی مێتاڤێرس، یان جیهانی خه‌یاڵی ده‌بێته پانتایی سه‌ره‌كی كارلێكی ژیانی مرۆڤ، دراوه به‌كۆدكراوه‌كان دوای ئه‌وه‌ی خه‌وش و كه‌موكووڕییه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێ، جێگیر ده‌بن بۆ سه‌ودا و مامه‌ڵه و كڕین و فرۆش به‌كار ده‌هێنرێن، ئینته‌رنێت ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له ژیانی مرۆڤدا، هاوشانی نان و ئاو، زیره‌كیی ده‌ستكرد باڵاده‌ست ده‌بێت له زۆربه‌ی كاروباره‌كاندا.
ره‌نگه هه‌ندێك پێیان وابێت ئه‌و شتانه روو ناده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه كاره‌ساتێكی سروشتی روو بدات، یان په‌تایه‌كی گشتگیر بڵاوبێته‌وه و ره‌وتی پێشكه‌وتنی مرۆڤ په‌ك بخات و مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژیانی سروشتی، به‌ڵام هێشتا زۆر زووه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌سه‌ر ئه‌میان، یان ئه‌ویان بده‌ین.
سه‌رچاوه: مركز المستقبل