ئایا من بەئاگام؟

11:52 - 2023-01-17
کەلتور
956 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

دەگێڕنەوە رۆژێ کەسێک لە ژێر دارێ، لەسەر کانی و ئاوێکی سازگار خەوتبوو. ئەو هاوڕێیەمان خووی وابوو کە دەخەوت دەمی دەکردەوە. لەو ئان و ساتەدا مارێک دێ و دەچێتە دەمی کابراوە و لەوێوە شۆڕدەبیتەوە بۆ ناوەوە. کابرا خەوی قورسە و وەخەبەر نایە. کەسێکیتر ئاگای لە رووداوەکەیە. پەلاماری کابرا دەدا، بە تووندی رایدەچەكێنێ و هەوڵدەدا لە خەوی هەڵسێنێ، قاچەکانی دەگرێ و کابرا سەرەونخوون دەکا، دیهێنێ و دەبا و رایدەوەشێنی بەشکم مارەکە بێتە دەرەوە، بەڵام نایەتە دەرەوە. هاوڕێکەمان ترساوە، نازانێ چ باسە! بە کابرا دەڵێ بۆ وام لێدەکەی؟ تۆ کێی و کارت بە من چیە؟! ئەویش بە بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە هەروا لێدەدا و ئەمدیو و ئەودیوی پێدەکا، بەڵام سوودی نیە. کابرا هەرچی نان و ئاوی لەبەر دەستێتی دیهێنێ و بە زۆر دەرخواردی کابرای دەدا، ئەوەندەی دەرخوارد دەدا تا دەڕشێتەوە. کاتێ خواردن و خواردنەوەکە هەڵدێنێتەوە، مارەکەش لەگەڵی دێتە دەرەوە. هاوڕێکەمان کە مارەکە دەبینێ ئینجا لە حیکمەتی هەڵسوکەوتی کابرا تێدەگا و سپاسی دەکا.

مەولاناش لە «مەسنەوی مەعنەوی»دا ئەم حیکاتەی بەکارهێناوە. ئەم حیکاتە ئاماژە بە مرۆڤ و واقعیی مرۆڤ دەکا، کۆمەڵێک قفڵی تێدایە دەبێ بکرێنەوە. ئەو هاورێیەمان کە خەوتووە ئاماژەیە بەوەی هەر یەک لە ئێمە ناهوشیارین، خەوتووین و دەممان کردۆتەوە. لەم حاڵەتەدا خۆمان و بەختی خۆمان، بۆی هەیە هەمووشتێکی باش و یان خراپ بێتە ناومانەوە، یان لەناومانەوەڕا بێتە دەرەوە و پێی نەزانین. ئەگەر بە دوو چاوی سەر سەیری خۆمان بکەین بە رواڵەت بەخەبەرین، بەڵام لە راستیدا خەوتووین. ئەم بەخەبەرییە ئێستای مرۆڤ تەنیا جەستەییە، ئەقڵیی نیە. مرۆڤ درکی خەوتووە یان خەویان لێخستووە. خەوتن ئەمەیە نەزانین کێین، نەزانین بۆ لێرەین و نەزانین بەرەو کوێ دەچین. بەخەبەریی ئەمەیە بزانین کێین، بزانین بۆ لێرەین و بزانین بەرەو کوێ دەچین.
مرۆڤی چوارقۆڕنەی دنیا دەمێکە بە دەمی کراوەوە خەوتووە. جار و بار پێشەوایەک، رابەر و رێنیشاندەرێک، رووداوێک، نەخۆشی و ناخۆشییەک دێ رامانچڵەکێنێ و وەخەبەرمان بێنی و خاوێنمان کاتەوە، بەڵام ئێمە خەومان لەوە قورسترە وەخەبەر بێین. 
کێ پیاوچاک و کێ پیاوخراپە؟
جارێک کەسێک لە «ماهاڤیرا» دەپرسێ، کێ پیاوچاکە و کێ پیاوخراپە، کێ گوناهبارە و کێ بێ گوناهە، کێ بەهەشتییە و کێ جەهەننەمییە؟ ئەو کەسەی پرسیار دەکات و هەموو ئەوانەی لە «جەم»ی «ماهاڤیرا»دا دانیشتوون چاوەڕێی وەڵامێکی پێشوەخت ئامادەکراون، وەڵامێک کە پێشتر لەلایەن سەرجەم دینەکان و بانگخوازەکانەوە دراوەتەوە، بەس «ماهاڤیرا» بە وەڵامەکەی تووشی شۆکیان دەکا، چاوەڕێی وەڵامێکی وا نەبوون، «مەهاڤیرا» دەڵێ: (ئەوەی بەئاگایە پیاوچاکە و ئەوەی بێ ئاگایە پیاوخراپە). وەڵامێکی تەواوە، راست دەکا بەئاگایی تاکە چاکەیە و سەرچاوەی هەموو چاکییەکانە، تاکە بەهەشتە و تاکە ئاستی پاکبوونە، لەبەر ئەوەی مرۆڤی بەئاگا لەگەڵ تاک و کۆ، لەگەڵ دیار و نادیاردا لە هاوئاهەنگی دایە، واتە «من - ئیگۆ»ی ناڕاستەقینەی نەماوە، خۆپەرست و خۆویست نیە. لە بەرامبەردا بێ ئاگایی تاکە خراپەیە و سەرچاوەی هەموو خراپە و خراپییەکانی دیکەیە، تاکە جەهەننەمە و تاکە ئاستی ناپاکییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤی بێ ئاگا «من - ئیگۆ» ناڕاستەقینەکەی بەهێزە و بەردەوام خۆپەرست و خۆویستە، سوقراتیش هەمیشە دەیوت: (مرۆڤ لە رووی نەزانییەوە خراپە دەکا.) مەبەستی سوقرات ئەوەیە ئەگەر کەسێک بە ئاگا بێ خراپە ناکا و ناشتوانێ بیکا، چونکە هیچ پاڵنەرێکی ناخەکیی نیە بۆ خراپەکردن نیە، بۆیە بەردەوام دەیوت «خۆت بناسە»، خۆت بناسە یانی هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی خۆت و ئەوانی تر و گەردوون درک بکە و تێبگە و بناسە.
یانی چی؟!
جارێکیش «مەسیح» لەسەر تەپۆڵکەیەک ئامۆژگاریی خەڵکی دەکرد، دەیوت: دوژمنەکانی خۆتانتان خۆش بوێ، ئەوەی زلەیەکی لە لای راستت دا لای چەپیشی بۆ ڕابگرە و...هتد، یەکێک لەناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەوە وتی: کوڕەکەی مەریەم لەناو ئێمەدا کاممان دەچینە بەهەشت و مەلەکوتی خوا بە نەسیبی کاممان دەبێت؟ مەسیح چاوی بەناو خەڵکەکەدا گێڕا، زۆربەیان چاویان وەک ئەستێرەی گەلاوێژ کەوتە بریسکانەوە، هەرکامەیان چاوەڕێ بوو مەسیح بڵێ بەڕێزتان، بەڵێ بەڕێزتان دەچنە بەهەشت، کەچی چاوە هێمن و گەش و قووڵەکانی مەسیح لەسەر پەڕەی سپی دڵی منداڵێک گیرسایەوە، وتی ئەو منداڵە! کەس چاوەڕێی ئەو وەڵامەی نەدەکرد، یانی چی؟! یانی ئێمە هەموومان دەچینە جەهەننەم و بەس ئەو منداڵە دەچێتە بەهەشتەوە؟ مەسیح وتی: (هەرکەس دڵێکی پاک و بێگەردی منداڵانەی هەبێ مەلەکوتی خوا هی ئەوە.) ئەو قسەیەی مەسیحیش ئاماژە بەهەمان بابەتی «ماهاڤیرا» دەکا، ئەگەر کەسێک بەئاگا بێ، وەک منداڵ، بێ «من – ئیگۆ» دەبێ، ئەو کەسە خۆپەرستی و ئەو کارانەی خۆپەرستی بە مرۆڤی دەکات، ئەو نەیکردووە، کەواتە کەسێکی پاکە، پاکبوون مەلەکوتی خوایە و بەهەشتە، یانی چاکە و چاکبوون خۆیان بەهەشتن نەک ئەوەی رێگەیەک بن بەرەو بەهەشت، بەهەمان شێوە خراپە و کاری خراپیش خۆیان جەهەننەمن، نەک ئەوەی هۆکاری چوونە جەهەننەم بن.
رامان دەچڵەکێنێت
زۆر پێش «مەسیح» و «ماهاڤیرا» لە «جەم»یەکی گەرموگوڕدا کەسێک لە «بودا» دەپرسێ ئەرکی مرۆڤ لەم ژیانەدا چییە؟ هەموان سەرتاپا دەبن بە گوێ، بزانن وەڵامی بودا چییە؟ هەرچەند تاڕادەیەکیش وەڵامەکەیان لاڕوون بوو، پێویستە کەسەکان کاری چاک بکەن، بۆ خەڵک باش بن، درۆ نەکەن، توندوتیژ نەبن، ماڵی خەڵک نەخۆن، ستەمکار نەبن، داوێن پیسی نەکەن، نوێژ بکەن و بنەما دینی و کۆمەڵایەتییە بەهادارەکان رەچاو بکەن و ...هتد، بەڵام وەڵامەکەی بوداش هەموانی تووشی شۆک کرد، هەمیشە وایە، کەسە بەئاگاکان راچڵەکێنەرن، وەخەبەرمان دێنن، چونکە هەر یەکەمان وەک مامڕ لەسەر کۆمەڵێک هێلکەی پیسی دینی و دنیایی بەو هیوایەی رۆژێک بیانکەین بە جوجکە و سوودیکیان بۆمان هەبێ لەسەریان کڕکەوتووین و خەومان لێکەوتووە، بەڵام رۆژێ بودایەک لێمان پەیدا دەبێ و رامان دەچڵەکێنێت، تووشی شۆکمان دەکا، هەوڵدەدا وەئاگامان بێنێ و لەو خەوی بێ ئاگاییە را بین، بەهەرحاڵ ئەی بودا، ئەی میراتگری پاشایەتی هەردوو دنیا، یەکەم و تاکە ئەرکی مرۆڤ چییە؟ بودا لەوەڵامدا وتی: (یەکەم و تاکە ئەرکی مرۆڤ ئەوەی خۆی لە بێ ئاگایی رزگار بکات.) ئایا من ئەمە درک دەکەم؟ ئایا من قەت بیرم لەمە کردۆتەوە؟ ئایا من بەئاگام؟

بابەتە پەیوەندیدارەکان