خوێندنەوەیەک بۆ تەقینەوەی گڕکانی ئۆکرانیا

09:45 - 2023-01-18
ڕاپۆرت
619 جار خوێندراوەتەوە

هادی غولام 

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم ئەگەر تەقینەوەی گڕکانی ئۆکرانیا نەبێتە هۆی دروستبوونی دۆزەخێکی ناوەکی کە مەحاڵە رزگارمان بێت، دەبێت خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەوەی بەرگەی تسونامی لیبرالیزم بگرین.

هۆکارەکان
زۆربەی نووسینەکان دەڵێن، ململانێی ئێستای ئۆکرانیا و روسیا رەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ  چەندین هۆکاری مێژوویی و سیاسی و ئابوورییەوە هەیە. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان پرسی ناسنامەی نەتەوەیی ئۆکرانیا و پەیوەندییەتی لەگەڵ روسیا،  ئۆکرانیا لە مێژوودا بەشێک بووە لە کایەی هەژموونی روسیا، بەڵام زۆرێک لە ئۆکرانییەکان هەوڵیانداوە خۆیان لە روسیا دووربخەنەوە و ناسنامەیەکی ئۆکرانیی جیاواز دابمەزرێنن.  ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەتی لە دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991.
 سەرەڕای ئەوەش ناکۆکی لەسەر خاک هەیە، لەوانە، نیمچە دوورگەی کریمیا کە روسیا لە ساڵی 2014 دا کۆنتڕۆڵی کرد و لکاندیی بە خاکی خۆیەوە .  هەروەها هۆکارە ئابوورییەکانیش، وەک ناکۆکی لەسەر دابینکردنی غازی سروشتی  و پەیوەندییە بازرگانییەکان، رۆڵیان لە ململانێکاندا هەبووە.
لکاندنی کریمیا لەلایەن روسیا لە ساڵی 2014 پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ ململانێی بەردەوامی نێوان روسیا و ئۆکرانیا،بەڵام هەرگیز پاڵنەری جەنگێک لەو ئاستەدا نەبووە . ئەم کارەی روسیا لە وەڵامی شۆڕشی ئۆکرانیا بوو کە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سەرۆکی لایەنگری روسیای رووخاند. روسیا پێی وابوو شۆڕشەکە کودەتایەکی خۆرئاوایە و حکومەتی نوێی ئۆکرانیا زیاتر لەگەڵ خۆرئاوا هاوتەریب دەبێت و لە روسیا دوور دەکەوێتەوە. هەروەها روسیا ئیدیعای لە مێژینەی لەسەر کریمیا هەبوو کە زۆرینەی روسی زمان و کەشتیگەلی دەریای روسی تێدایە. 
سەرەڕای ئەوەش، روسیا پشتگیری لە یاخیبووانی جیابووەوە لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات، کە بەدوای سەربەخۆیی زیاتر یان تەنانەت سەربەخۆیی لە ئۆکرانیادا دەگەڕێن.
روسیا تۆمەتبار کراوە بەوەی پاڵپشتی سەربازی بۆ ئەو یاخیبووانە دەکات، لەوانە بە ناردنی چەکوتەقەمەنی و سەرباز بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا. بەڵام مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی راستەوخۆی لەو ململانێیەدا هەبێت و دەشڵێت هەر روسییەکانی ئۆکرانیان، کە جەنگی خۆبەخشانە دەکەن بۆ دابینکردنی مافەکانیان و بەرگری لە خۆیان دەکەن دژی نازیەکانی ئازۆف، کە بە قسەی روسیا پەیمانی ناتۆ دروستیکردوون لە دژی روسیا. 
بە گشتی بەشێکی زۆر لە نووسەران دەڵێن:  کارەکانی روسیا لە ئۆکرانیا دەبێ وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە و پاراستنی مافی نەتەوەیی روسەکان و روسی زمانەکان سەیر بکرێت. بەڕای من ئەگەر بەو شێوەیە بڕوانینە جەنگەکە  و بڵێین ئەو ناکۆکیانەن کە جەنگەکەیان خوڵقاندووە، دەکەوینە ناکۆکی لەگەڵ راستییەکان، چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئەو جۆرە کێشانەیان هەیە لەگەڵ دراوسێکانیان. 

پوتین
هەر لە ماوەی سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتین وەک سەرۆک کۆماری روسیا، ئەو وڵاتە تووشی چەندین ململانێ بووە، لەوانە: جەنگی دووەمی چیچان، جەنگی روسیا و جۆرجیا و جەنگی بەردەوامی سوریا، بەڵام هیچیان وەکو جەنگی ئۆکرانیا کاریگەری گەورەی نەبووە کە هەموو وڵاتانی ناتۆ بهێنێتە سەر خەت و هاوکاری بێ سنووری ئۆکرانیا بکەن.
 بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای کیل بۆ ئابووری جیهانی کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەی ئەڵمانییە، لە ساڵی 2022دا تەنیا ئیدارەی بایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا نزیکەی 50 ملیار دۆلار هاوکارییان ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە، کە پاڵپشتی مرۆیی و دارایی و سەربازی لەخۆدەگرێت، جگە لە وڵاتەکانی تری ناتۆ. ئەمریکا بەردەوام بەڵێنی ئەوە دەدات، کە ناهێڵێت روسیا لەو جەنگە سەرکەوتوو بێت و ناو بەناو زیاتر لەوە دەڕۆن کە روسیا تێکدەشکێنن.
 ڤلادیمێر پوتین لە زۆربەی قسەکانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە سیستمی تاکە جەمسەری کۆتایی هاتووە و داوا لە وڵاتە موحافیزکارەکان دەکات، پشتیوانی لێبکەن بۆ رووخاندنی تاکە جەمسەری لیبرالیستەکان . هەروەها  دەڵێت: ئێمە رێگە بە بڵاوکردنی لیبرالیزمی LGTBQ  نادەین و خێزانی روسیا لە ژن و پیاو پێکدێت نە لە پێنج رەگەز LGBTQ
بە بڕوای من شارستانیەتی سەرمایەداری کەوتۆتە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز و ناکۆکی لەناو خودی جەمسەرەکەوە دەستی پێکرد، کاتێک لایەنگرانی ترەمپ بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئەمریکا لە 6/1 2021 هێرشیان کردە سەر بینای پەرلەمانی ئەمریکا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

جەنگی دوو کەلتور
جەنگی ئۆکرانیا جەنگی نەوت و گاز و گەنم و چۆ نییە ، بەڵکو جەنگی دوو کەلتوری جیاوازە. موحافیزکارەکان دەیانەوێت بەها و نرخە کۆمەڵایەتی و ئاینی و مرۆییەکان بمێننەوە، بەڵام لیبراڵەکان دەیانەوێت ئەو بەهایانە بشکێنن و ئازادییەکانی تاک فراوانتر بکەن .
ناکۆکی نێوان دوو شارستانیەت یان دوو کەلتور جیاواز نابێتە مایەی  جەنگێکی گەورە وەکو جەنگی ئۆکرانیا تا یەکێکیان هەست بەوە نەکات ئەویتر هەڕەشەیە لەسەر بوونی . بۆیە روسیا نەیویست چاوەڕێ بکات تا لەناوی دەبەن و جەنگی هەڵبژارد . 
زەحمەتە پێشبینی ئاسۆی وردی کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکرانیا بکرێت، چونکە دۆخەکە ئاڵۆز و بەردەوامە. ئەو ململانێیە کە لە ساڵی 2014 دەستی پێکردووە، دەرەنجامی گرژییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئۆکرانیا و روسیا نەبووە، جەنگی دوو کەلتوری جیاوازە . بۆیە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، وەک رێککەوتننامەکانی مینسک، تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون لە هێنانەدی چارەسەرێکی بەردەوام.
دۆخەکە ئاڵۆزترە و ئەگەری پەرەسەندنیشی بەردەوامە. هەرچەندە ئەگەری جەنگی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتان بەهۆی بەردەوامی ململانێی ئۆکرانیا، بە رێژەیەکی کەم دادەنرێت. لەکاتێکدا بەدڵنیاییەوە بارودۆخی ئۆکرانیا ئاڵۆزە و نموونەی پەرەسەندنی سەربازی هەبووە، هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکرانیا ئیمزایان لەسەر  پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە، کە پابەندیان دەکات بە بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمی لە هیچ جۆرە ململانێیەکدا.جگە لەوەش هەردوو وڵات رایانگەیاندووە، کە هیچ نیازێکیان نییە چەکی ئەتۆمی لە جەنگەکەدا بەکاربهێنن.

دوو ئەگەر  سەرەڕای ئەوەش جەنگی ئۆکرانیا دوو ئەگەری هەیە:

ئەگەری یەکەم :  ئەگەری جەنگی ئەتۆمی بەڕێکەوت یان بەبێ مەبەست بەهۆی حیساباتی هەڵە یان پەیوەندی هەڵە، ناتوانرێت بە تەواوی رەت بکرێتەوە.بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بابەتێکی جدییە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە چاودێرییکردنی دۆخەکە و هەنگاو بنێت بۆ رێگرییکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان. ئەگەر وڵاتانی پەیمانی ناتۆ راستەوخۆ بەشداری جەنگەکە بکەن زیاتر لە جەنگی ناوەکی نزیک دەبینەوە.

ئەگەری دووەم:  رێژەکەی تائێستا زۆرترە لە ئەگەری جەنگی ئەتۆمی، ئەویش  ئەوەیە، کە روسیا یان جەنگەکە دەدۆڕێنێت یان رازی دەبێت لەخاکی ئۆکرانیا پاشەکشێ  بکات.

شکستی روسیا
هەردوو ئەگەرەکە بۆ روسیا شکستە  .شکستی روسیا بەتەنیا نییە بەڵکو شکستی موحافیزکارەکانە لە ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها سەرەتای کۆتای هاتنی هەموو ئەو فیکرانەیە کە بە  موحافیزکار ناسراون . دۆڕاندنی روسیا لەم جەنگە سەرکەوتنی لیبرالیزمە .لە دوای ئەم جەنگە شەپۆلی فەرهەنگی لیبراڵیزم وڵاتەکانی ناوچەکەی خۆمان دەهەژێنێت و ململانی توند لە نێوان لیبراڵیزم و موحافیزکارەکان دروست دەبێت. لیبراڵیزم دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی نوێ دروستبکات کە تیایدا تاک بنەمای کۆمەڵگەیە نەک خێزان.

#جەنگی روسیا و ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان