״سوودوەرگرتن لە توانای گەنجان و دەرچووانی زانكۆكان بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان״
«بەردەوام دەبم لە هەوڵەكان بۆ رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ كاری میدیا و ئازادیی رەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە»
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و بەرپرسانی یۆنامی و یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان و لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بەریتانیا، ئۆلیڤێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فەرەنسا، هێپەر پاترسۆن بەرپرسی نووسینگەی كەنەدا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر (یۆنامی)، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا و كونسوڵی وڵاتانی كۆریای باشوور و یۆنان و سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی ئامادەبوون، تیشك خرایەسەر ئازادییە گشتییەكان و مافی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان. لەو بارەیەوە، قوباد تاڵەبانی، جارێكی تر جەختیكردەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ كاری میدیا و ئازادیی رەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبنەوە.
قوباد تاڵەبانی، باسی لەوەش كرد كە لە هەوڵی بەردەوامدان تا زانكۆكان ببەستنەوە بە بازاڕی كارەوە بەپێی تایبەتمەندیی ناوچە و شارەكانی دابەشبوونی زانكۆكان، هەروەها لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ كۆمپانیا گەورە ناوخۆیی و بیانییەكان بۆ سوودوەرگرتن لە توانای گەنجان و دەرچووانی زانكۆكان بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان.
لە بەرامبەردا، كونسوڵ و نوێنەرانی میوان، پێزانین و دەستخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هاوڕابوون لەبارەی گرنگیی پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوە لە قۆناغەكانی داهاتوودا، جەختیشیان لە هەماهەنگی كردەوە لە پرسە جێگە بایەخە هاوبەشەكان.
كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دوێنێ لە سلێمانی پێشوازیكرد لە رۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و وێڕای بەخێرهاتن، لەبارەی هەندێك پرسەوە بیروڕایان گۆڕییەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی، بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیای كرد لە هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانی، لە بەشێكی تری دیدارەكەدا تیشك خرایەسەر كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و چۆنێتی چارەسەركردنیان.
لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی، جەختی لە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرە ناوخۆییەكان كردەوە بەمەبەستی داكۆكی لە مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2023 بەوپێیەی شایستەییەكی نیشتمانیی سەرجەم پێكهاتە و چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستانە.
هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و كاری هاوبەش كردەوە لە قۆناغی داهاتوودا.