چۆن دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی شرۆڤە بکەین؟

09:37 - 2023-01-22
ئابووری
579 جار خوێندراوەتەوە
هەندێک جار کەلتور و بیروباوەڕ رێگرن لەبەردەم پێشکەوتندا

فەیسەڵ عەلی

 بیرمەندان و رۆشنبیرانی هەر کۆمەڵگەیەکی ئەم جیهانە فراوانە، لە نووسین و کۆڕ و سیمینار و دیدارەکانی میدیاکاندا سەرقاڵن بە شرۆڤەکردنی گرفتی دواکەوتوویی و پەرەسەندنی کۆمەڵگەکانیانەوە، تەنانەت زۆر جار بەراورد لە نێوان دەوڵەتاندا دەکەن، ئەو دەوڵەتانەی خاوەن دەرامەتێکی سروشتی ئێجگار زۆرن، بەڵام دواکەوتوون، لە کاتێکدا دەوڵەتانی تریش هەن، دەرامەتی سروشتی ئێجگار کەمیان هەیە، یان هەر نییانە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی جیهانن و بەرهەمە پیشەسازییەکانیان لە زۆربەی بازاڕەکانی جیهاندا دەبینرێت، لە رووی کشتوکاڵیشەوە زۆرترین بەرهەمیان هەیە و رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوەی دەکەن، ئەمەش بە مانای بوونی هزری داهێنەرانەیە، کە وا دەکات رۆڵەکانی نیشتمانەکەی بەو ئاستەی پێشکەوتن بگات، ئەوەی بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە پەیوەستە، دەشێ بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی راست بێت، لەبەرئەوەی سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاسایش مسۆگەر دەکات، پاشان خۆشگوزەرانی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگەکەی فەراهەم دەکات، ئەگەر بۆ هەمووشی نەبێت.
باکگراوەندی فەلسەفی
جیاوازیی لە نێوان ئەوانەی بایەخ بە شرۆڤەکردن و دیاریکردنی هۆکارەکانی ئەو جیاوازیی دواکەوتن و پێشکەوتنە دەدەن، لەگەڵ ئەوانەی بایەخی پێنادەن روونە، رەنگە هۆکارەکەشی بۆ پاشخانی رەگەزیی، یان ئاینی یان کەلتوری یان تەمەن یان هوشیاریی مەعریفی و شارەزایی و یان ئەو باکگراوەندە فەلسەفیەی کە بڕوای پێی هەیە بگەڕێتەوە، بە بەدواداچوون بۆ هەندێک لە تێڕوانینی ئەوانەی بایەخ بەم پرسە دەدەن، کە دەگاتە مشتومڕ و گفتوگۆی توند لە نێوانیاندا، دەردەکەوێت، پرسی پێشکەوتن چەند شرۆڤەیەکی بۆ دەکرێت، دەشێ هەندێکیان بۆ دەوڵەتێک راست بێت و بڕواش بە هەموو لێکدانەوەکان بکرێت، بەوەی هۆکاری دواکەوتوویی و پێشکەوتن بن.

کەلتور بزوێنەری بنچینەییە
ئۆسۆن ویگتیز رای وایە، کە کەلتوری کۆمەڵگە بزوێنەری بنچینەیی گۆڕانی هەر کۆمەڵگەیەکە، لەبەرئەوە کەلتوری گشتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی خێراتر دەکات، ئەو ئاراستەیەش دیاری دەکات کە گۆڕانکارییەکەی تێدا روودەدات، هەروەها سنوورێکیش دیاری دەکات تا گۆڕانکارییەکان تێی نەپەڕێنن، بێگومان ئەو دەستەواژەیە بەو مانایەی هەیەتی، دەروازەیەکە زۆر لەوانەی بایەخ بە پرسی پێشکەوتن دەدەن، پەیڕەوی لێدەکەن، بەڵکو کەلتور بۆتە ئەو گەلەرییەی هەموو وێنەکانی دواکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکی تێدا هەڵدەواسرێ، لەمەشدا زێدەڕۆییەک هەیە، کاتێک کەلتور بنچینەی پێشکەوتنە، یان هۆکاری دواکەوتنە، تەنانەت هەندێک هەموو پاشماوەی باب و باپیران رەتدەکەنەوە، بەوەی لەگەڵ کەلتور و پێداویستییەکانی سەردەمدا نایەنەوە، بەبێ ئەوەی بزانێ یان لە بیری بێت کە ئەویش دوای مردنی دەبێتە رابردوو، ئەو کەلتورەش کە جێی هێشتووە، چارەنووسی وەک هەمان کەلتورە کە ئەمڕۆ خۆی رەتی دەکاتەوە.

دەبێ پشت بە توێژینەوەی زانستی ببەستێ
گۆمانی تێدا نییە، کە هەندێک لە پێکهاتەکانی کەلتور پێشکەوتن پەک دەخات و دواکەوتوویی دەچەسپێنێت، بەڵام ناکرێ ئەوە بەسەر تێکڕای کەلتوردا پراکتیزە بکرێت، بەڵکو دەبێ بنچینەی حوکمدان لەسەر ئەو پرسە گرنگە پشت بە توێژینەوەی زانستی هوشیارانە ببەستێت و تیایدا میتۆدی بەراوردکاری پەیڕەو بکرێت، بەراورد لە نێوان ئەو کۆمەڵگانەی رواڵەتە کەلتورییەکانیان لێک دەچن بکرێت، بۆ ئەوەی توخمە کەلتورییەکان بدۆزنەوە، چ ئەوانەی رێگرن لەبەردەم پێشکەوتن، چ ئەوانەش کە بەشداری لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا دەکەن، پێشکەوتن لەسەر ئاستی تاکەکەس دەشێ بۆ بڕوای تاکەکەس و پەیوەندیی ویژدانی نێوان تاک و ئەو شتەی پێوەی پابەندە و نایەوێ دەستبەرداری بێت، بگەڕێتەوە.

گوندێک پڕۆژەکە رەتدەکاتەوە
ناکرێ بڕوای تاکەکەس بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت، چونکە بوونی بڕوای تاکە کەسێک لای زۆرینە پێشکەوتنی کۆمەڵگە پەک دەخات، ئەگەر لە شارێک یان شارۆچکەیەک یان گەڕەکێکیش بێت. لە توێژینەوەیەکدا باس لە حاڵەتێک دەکات، کە بریتانیا روویداوە، کاتێک حکومەتی لە بریتانیا ویستویەتی هێلی شەمەندەفەر بگەیەنێتە گوندێکی بریتانی، بەڵام دانیشتوانی گوندەکە ئەو پڕۆژەیەیان رەتکردۆتەوە، تا گوندەکەیان لە پیسبوونی ژینگە و ژاوەژاو و دوکەڵی شەمەندەفەرەکە بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستی و کشتوکاڵ و ژیانی خۆیان بکەن.

ئیدارەیەکی دروست و ژیرانەی پێویستە
بەشێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتن، بڵابوونەوەی زانست و کارپێکردنیەتی، بە جۆرێک بکرێتە دەروازەی هەموو چالاکی و بەرنامەکانی کارکردن، بە زانست خورافات ناهێڵدرێت، پیشەسازی گەشە دەکات، تەندروستی خەڵکی باشتر دەبێت، بەرهەمی نوێ دێتەگۆڕێ، بە زانست دەرامەتەکان بەشێوەیەکی دروستتر بەگەڕدەخرێن، هەروەها لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی تر، بوونی ئیدارەیەکی دروست و ژیرانەیە، کە توانای بەگەڕخستنی هەموو دەرامەتە رەخساوەکانی ناو کۆمەڵگەی هەبێت، بە شێوازێکی دروست، تا لەسەر هەموو ئاستەکان سوودی لێوەربگیرێت و لە شوێنی دروستی خۆیدا بەگەڕبخرێت و پەرە بدات بەو پێشکەوتنەی کە هەیە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان