مردوو خۆرەکان

10:30 - 2023-01-22
هەمەرەنگ
537 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەندەنوسیا هۆزێک هەن بەناوی « کوروای» هەمیشە رووت و قوتن و لە دارستانەکانی بابواگینیا بە شێوازێکی زۆر دواکەوتوانە و سەرسوڕهێنەرانە دەژین، هەموو ئەندامەکانی ئەو هۆزە کە چەند هەزارێکن لە دورگەی گینیای رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەژین، هەر لەدێرزەمانەوە هەن بەڵام لە حەفتاکانەوە دۆزراونەتەوە و وا دەزانن هەر ئەوانن لەسەر رووی زەمین دەژین، چونکە تێکەڵی هیچ کەس و شوێن و دەڤەرێکی تر نابن و ناچنە ئاوەدانی، هەر پێکەوە کۆمەڵگەیەکی زۆر کلاسیکی دوور لە پێشکەوتنەکان بەڕێ دەکەن، زۆر بەدەگمەن چاویان بە خەڵکی تر کەوتووە و دونیای تایبەتی بەخۆیان هەیە.
شەڕانیەکان دەکوژن
شارەزاو کۆمەڵناسان لەساڵی 1974 لەناو ئەو دارستانانە گەڕاون و چەند کەسێکیان لەوانە بینیوە، دواتر بە توێژینەوەی زانستی بۆیان دەرکەوتووە ئەوان هەزاران ساڵە هەن، بۆیە پێشنەکەوتوون چونکە ئاگایان لە دونیای دەرەوە نییە و هەر بۆخۆیان دەژین، سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان راوی گیاندارانی ناو دارستانە و هەست بە سەرماو گەرما ناکەن، جلیان لەبەر نییە و روت و قوتن، کاتێک یەکێکیان لێ دەمرێت پارچە پارچەی دەکەن و گۆشتەکەی دەخۆن، ئەوان لەناو کوخ و ژێر درەختەکاندا بت و پەرستگایان هەیە و باوەڕیان بەوە هەیە رۆحی شەڕانگێزی لەناو هۆزەکەیاندا هەیە و کاتێک بزانن یەکێکیان وایە خۆیان لەناوی دەبەن، بەڵام گۆشتی سەراوییەکان ناخۆن، چونکە پێیان وایە رۆحە خراپەکە دەچێتە گیانیان.
پیاوەکانیان چاوبازن
ئەو هۆزە لەبەر مەترسی کارەساتی سروشتی ناو دارستانەکە وەک رەشەباو لافاو و لەسەر ئەرز ناخەون، لەسەر درەختە بەرزەکان یان لەسەر چوار کۆڵەگەی ئەستور خانوویان بە بەرزی 20 مەتر دروست کردووە و بە قادرمەی تەختە سەر دەکەون، هەر ژوورێک لەوانە لەشێوەی کوخێک دروستکراوە جێگای 10 کەسی تێدا دەبێتەوە کە هەموویان خانەوادەی یەکترن، ژن و مێرد و منداڵ و نەوەکانیان، پیاوانی ئەو هۆزە کاتێک ژن دێنن چاو بۆ کچە هەرزەکارەکان دەگێڕن و لەگەڵ خۆیان رادێنن ئینجا بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، کەرەستە و چەکی بەرگری لەخۆکردنی ئەو هۆزە بریتییە لە تیروکەوان، ئەوان جگەلەوەی ئەو چەکە بۆ راوی گیانداران بەکاردێنن بەهۆیەوە ناهیڵن کەس لێیان نزیک بکەوێتەوە و سنوری دەڤەرەکەیان ببەزێنێت.
سەرچاوە: گۆڤاری FOKUS 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان