فه‌یسه‌ڵ عه‌لی
پێشبینییه‌كان بۆ بارودۆخی ئابووریی جیهان له‌م ساڵدا، چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی جیایان هه‌یه، له هه‌ندێك رووه‌وه گه‌شبینانه‌یه و هه‌ندێكیشیان نوقڵانه‌ی خراپ لێده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی پێشبینی باشیان هه‌یه به‌ڵگه‌و بیانووی خۆیان هه‌یه و ئه‌وانه‌ش پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینن، به هه‌مان شێوه بنه‌ماو به‌ڵگه‌و بیانووی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام هیچكام له پێشبینییه‌كان له سه‌دا سه‌د نین، چونكه هه‌ر ئان و ساتێك ئه‌گه‌ری گۆڕانكاریی هه‌یه.
له تشرینی یه‌كه‌می 2022دا سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌ختینه، راپۆرتێكی له‌مه‌ڕ ئاسۆی ئابووریی جیهان بڵاوكرده‌وه، تێیدا پێشبینییه‌كانی بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی جیهان بۆ ساڵی 2023 به %2.7 دیاری كرد، كه به‌راورد به ساڵی 2022 كه %3.2 بوو، پاشه‌كشه‌ی پێوه دیاره، به‌ڵام پێشبینییه‌كانی سه‌باره‌ت به هه‌ڵئاوسان رووی له داکشان كردووه، له 2022دا رێژه‌كه‌ی %8.8 بووه، به‌ڵام له 2023دا دابه‌زیوه بۆ %6.5، هه‌ڵبه‌ت به گریمانه‌ی به‌رده‌وامیدان به سیاسه‌تی توندی نه‌ختینه له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌كی فیدراڵی و بانكه ناوه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كانی جیهانه‌وه.
له هه‌مان حاڵه‌تی حه‌فتاكان ده‌چێت
بانكی نێوده‌وڵه‌تییش لای خۆیه‌وه، له راپۆرتی ئاسۆی ئابووریی جیهانی كه له ئه‌یلولی 2022 ده‌ریچواند، گه‌شه‌ی ئابووریی جیهانی له نێوان هه‌ردوو ساڵی 2023 و 2024 به نزیكه %2.9 خه‌مڵاندووه.
له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ده‌ربازبوون له پوكانه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسان له ئابوورییه پێشكه‌وتووه سه‌ره‌كییه‌كاندا، پێویستی به زیادكردنی نرخی سوود هه‌بوو، ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له ئابووریی ده‌وڵه‌تانی گهشندهدا. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی ئێستا، له رووی به‌رده‌وامبوونی ناجیگیریی خستنه‌ڕوو، كه هۆكاری هه‌ڵكشانی هه‌ڵئاوسانه، له هه‌مان حاڵه‌تی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌چێت، كه پێشتر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سیاسه‌تی ئاسانكاریی بڕه‌كی له ئابوورییه پێشكه‌وتووه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرا، چونكه ئه‌و سیاسه‌ته بۆ ئه‌و كات وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كه ده‌بینرا.
سیاسه‌تی توندی نه‌ختینه
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ته‌كنۆكراته‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه‌ی راپۆرته‌كه‌ی بانكیان ئاماده كردووه، هانی ده‌وڵه‌تانی گه‌شنده ده‌ده‌ن، هاوكاتی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ئه‌مریكا و بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وروپا ده‌یكات، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ڵئاوسان سیاسه‌تی توندی نه‌ختینه په‌یڕه‌و بكه‌ن، له هه‌مان كاتیش‌دا، له كۆتایی راپۆرته‌كه‌یاندا داوا له بڕیار به‌ده‌سته‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ده‌كه‌ن، خۆیان له په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی شێواو، وه‌ك كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و باربووكردن و كۆت و به‌ندكردنی هه‌نارده به دوور بگرن، واته هۆشداری به حكومه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌ده‌ن، له‌وه‌ی نابێ ده‌ستوه‌رده‌نه ناو بازاڕه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆی یاریكردنی بازرگانانی جومله و ورده ئاستی نرخ جێگیر بكه‌نه‌وه، مه‌به‌ست له باربووكردن، ئه‌وه‌یه كه نابێ حكومه‌ته‌كان له‌ڕێی دووباره تهمویلكردنهوه پشتیوانی بودجه گشتییه‌كه‌یان بكه‌ن، مه‌به‌ست له كۆت و به‌ندی هه‌نارده‌ش، نابێ حكومه‌ته‌كان له هه‌لومه‌رجی نائاساییدا هه‌نارده و هاورده‌یان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، چونكه به‌پێی رێساكانی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی ئه‌م پڕۆسه‌یه ئازاده و نابێ ده‌وڵه‌تان ده‌ستوه‌ردانی تێدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به سوودی ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا ده‌شكێنه‌وه.
كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی ئه‌مریكا
سیستمی تاك جه‌مسه‌ری كه به (ده‌وری دیزاین) ده‌كرێته‌وه تا پارێزگاری لێ بكرێت، هه‌روه‌ها سیستمی زنجیره‌یی قۆرخكاریی كه‌رته ئابوورییه سه‌ره‌كییه‌كانی جیهان، به یه‌كێك له هۆكاره ریشه‌ییه‌كانی قه‌یرانی جیهانی داده‌نرێت. به‌پێی ئه‌م سیستمه، نێوه‌ندێكی گه‌وره‌ی به‌كاربردن هه‌یه، كه ئه‌ویش ئه‌مریكایه و به‌رده‌وام له رێی قه‌رزی ده‌ره‌كییه‌وه، ته‌مویلی ئه‌و كورتهێنانه و ئه‌و قه‌باره گه‌وره‌یه‌ی به‌كاربردنی ده‌كات، به‌مه‌ش كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام له هه‌ڵكشانه، دراوی یهدهكیش زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و هێزه‌یه كه به بنچینه سه‌ره‌كییه‌كانی ئابوورییه‌وه په‌یوه‌سته، هه‌روه‌ها یه‌ك سیستمی زاڵ هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بنه‌چه و مه‌ترسییه‌كان، كه سێ ئاژانسی پله‌به‌ندیی ئه‌مریكایی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی رۆڵی زێڕ ده‌درێت
هه‌روه‌ها هیچ ئابوورییه‌كی نیشتمانی له جیهان ناتوانێ به‌رگه‌ی ئه‌و خه‌رجییه سه‌ربازییه ده‌ره‌كییه ئێجگار گه‌وره‌یه بگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مریكا توانیویه‌تی، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌های ئاڵووێری دراوه‌كه‌ی له ده‌ست بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیمتیازاتانه نه‌بوایه، ئه‌وا ئابووریی ئه‌مریكا له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه نغرۆ ده‌بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆكاره‌یه كه چین و روسیا و هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی تر هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی رۆڵی زێڕ ده‌ده‌ن، تا وه‌ك بنه‌چه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و بنچینه‌یی له راستكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگیی ته‌رازووی پێدانی نێوان ده‌وڵه‌تان رۆڵ بگێڕێت، ستراتیجییه ئه‌مریكییه‌كانیش ئه‌م هه‌وڵانه به ركابه‌ر و دوژمنكارانه داده‌نێن، بێگومان هۆكاره‌كه‌شی روونه، چونكه ئه‌و ده‌یه‌وێ دۆلار ئه‌و رۆڵه بگێڕێت، نه‌ك زێڕ.
ده‌توانێ پاره چاپ بكات
قه‌رزه‌كانی سه‌ر ئه‌مریكا به دۆلارن، جارێك (ئالان گریسبان)ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌كی فیدرالی وتی: «ئه‌مریكا هه‌ر كاتێك بیه‌وێ ده‌توانێ قه‌رزه‌كانی بداته‌وه، چونكه ئێمه ده‌توانین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پاره چاپ بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ دواكه‌وتن له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانمان نییه«. دانه‌وه‌ی قه‌رزی حكومی له رێی چاپكردنی پاره‌وه، چاره‌سه‌رێكی داهێنه‌رانه‌ی حكومه‌ته‌كانی كۆلۆنیاله ئه‌مریكییه‌كان بوو، كه دووچاری گرفتی دارایی بووبوونه‌وه، به‌ڵام هه‌ڵئاوسان ئه‌و چاره‌سه‌رە ئهفسوناوییهشی له‌بار برد.