و/ جەواد حەیدەری
لە كۆمەڵگە كراوە و دیموكراتەكاندا ئازادیی رادەربڕین وەك مافێكی سەرەكی دانی پێدادەنرێت و تا رادەیەكی زۆر پشتیوانی و پاڵپشتی لێدەكرێت. لێرەدا پرسیارێك بە گشتی دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە كە بە راستی ئازادیی رادەربڕین تا چ رادەیەك قبووڵ دەكرێت و پشتگیری لێدەكرێت؟. لە هەندێك لە كۆمەڵگەكان بە هەموو شێوەیەك و بە هەموو نرخێك و بە هەر جۆرێك بێت پشتیوانی لە ئازادیی رادەربڕین دەكرێت و باجی بۆ دەدرێت. لە هەندێك كۆمەڵگەی دیكەش بە هەر بیانوو و بەهانەیەك بێت رێگری لە ئازادیی رادەربڕین دەگیرێت. بۆیە پێویستە سەرەتا بزانین كە مەبەست لە ئازادیی رادەربڕین چییە؟.
ئازادیی رادەربڕین مانای ئەوەیە كە خەڵكی بتوانن بە شێوەیەك ئازاد و سەربەستانە بە بێ ترس و هەڕەشە بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بە دوای زانیارییدا بگەڕێن
ئازادیی رادەربڕین چییە؟
زۆر پێناسەی جۆراوجۆر و جیاواز لەسەر ئازادیی رادەربڕین خراونەتەڕوو. بەگشتی ئازادیی رادەربڕین مانای ئەوەیە كە خەڵكی بتوانن بە شێوەیەك ئازاد و سەربەستانە بە بێ ترس و هەڕەشە بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بە دوای زانیارییدا بگەڕێن. بە پێی هەندێك لە بەڵگە نێودەوڵەتییەكان ئازادیی رادەربڕین بریتییە لە مافی هەوڵدان و گەڕان بە دوای زانیاریی و دەربڕینی دیدگا و بۆچوونی خۆت بە بێ ئەوەی هەڕەشە و ترس و تۆقاندنی بەدواوە بێت. لە هەندێك لە وڵاتان لەوانە لە بەریتانیا، ئازادیی دەربڕین مانای ئەوەیە كە هەموو خەڵكی سەربەستن لەوەی كە دیدگا و را و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، تەنانەت ئەگەر سووكایەتیشی تێدا بێت. هەڵبەت هاوكات ناوزڕاندن و سووكایەتی پێكردن سزا و یاسا و رێسای خۆی هەیە.
لە وڵاتێكی وەك ئێران بە پێی مادەی 24 ی دەستوور، هەموو راگەیاندن و چاپەمەنییەكان ئازادن مەگەر ئەوەی كە زیان بە بنەماكانی ئیسلام یان مافی گشتی بگەیەنن، كە دواتر یاسا وردەكارییەكانی دەخاتەڕوو. هەروەها بە پێی مادەی 23 ی دەستووری ئێران ئازادیی رادەربرین یەكێكە لە كەرەستەكانی ئازادی و رادەگەیەنێت: پشكنینی بیروباوەڕ قەدەغەیە و نابێت هیچ كەسێك بە هۆی ئەوەی كە خاوەنی بیروباوەرێكە بكەوێتە بەر هەڕەشە و دەستدرێژی.
ئایا ئازادیی رادەربڕین بەشێكە لە مافەكانی مرۆڤ؟
بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ كە لە ساڵی 1948 لەلایەن 50 وڵاتی جیهان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەند كرا، كە ئەو كارەش وەك پەرچەكردارێك بوو سەبارە بە جەنگی دووەمی جیهان، بۆئەوەی رێگری دووبارەبوونەوەی بکرێت. جاڕنامەكە لە 30 بڕگە پێكهاتووە و بەشێوەیەك داڕێژراوە كە مافی هیچ مرۆڤێك پێشێل نەكرێت و بۆ هەمووان بێت.
بڕگەی 18ی جاڕنامەكە باس لەوە دەكات كە هەموو مرۆڤێك مافی ئازادیی بیر و ویژدان و ئایینی هەیە، واتە مرۆڤ ئازادە لە گۆڕینی ئایین و گۆڕینی باوەڕ و هەروەها دەربڕین لە ئایین و باوەڕ بە تاك یان بە كۆمەڵ بە شێوەی ئاشكرا یان نهێنی، بەڕێوەبردنی مەراسیمی ئایینی.
هەروەها لە بڕگەی 19 دا ئاماژە بەوە كراوە، هەموو مرۆڤێك مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی هەیە، هەموو مرۆڤێك ئازادە بەبێ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی بیرو ڕا، گەڕان بە دوای زانیاری، وەرگرتن و بڵاوكردنەوەی زانیاری و بیروڕا بەبێ گرنگیدان بە سنووری ناوچەیی.
توخمەكانی مافی ئازادیی رادەربڕین ئازادیی بیروڕا
ئەم جۆرە لە ئازادی مافی هەموو تاكێكە و هەموو مرۆڤەكان ئازادن كە سەربەستانە بیر بكەنەوە و هاوكاتیش بیرو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
سەربەستی لە دەربڕینی بیروڕا
تا ئەو كاتەی كە نەكرێت ئەنجامی بیركردنەوە بۆ كەسێكی دی دەرببڕین بیركردنەوە چ سوودێكی دەبێت، بۆیە لە كۆمەڵگەدا مرۆڤەكان لە كاتێكدا ئازاد و سەربەستن كە بتوانن بە ئازادی بیرو باوەڕ و دیدگا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بتوانن راو بۆچوونی خۆیان بگوازنەوە بۆ بەرامبەرەكەیان.
ئازادی گواستنەوەی بیروڕا بۆ ئەوانی دیكە
مرۆڤەكان هەمیشە ناتوانن رەواج بە بیروڕای خۆیان بدەن، لەوانەیە تۆ یەكێك لەو كەسانە بیت كە بیروڕای خۆی دەرنەخەی، بەڵام دەكرێت لە رێگەی ئازادیی گواستنەوەوە راوبۆچوونی خۆت بۆ ئەوانی دیكە بگوازیتەوە.
سەربەستی لە دیارییكردنی ناوەڕۆكی دەربڕین
خەڵكی دەبێت بتوانن سەربەستانە ناوەڕۆك و بابەتەكانی كە مەیلیان لێیەتی دیاری بكەن و دەریببڕن. ئازادی لە دیارییكردنی جۆری دەربڕین مانای ئەوەیە كە توانای هەڵبژاردنت هەبێت( قسە و بابەتەكان چ سیاسی، چ ئەدەبی، چ هونەری، چ بازرگانی، چ ئایینی بێت).
سەربەستی لە دیارییكردنی وەرگر
ئەگەر تۆ گەرەكت بێت لەلاپەڕەی تایبەتی خۆت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێك بڵاوبكەیتەوە كە تایبەت بێت، دەبێت وەرگرەكان بەبێ رەزامەندی تۆ مافی ئەوەیان نەبێت كە ئەو بابەتەی تۆ لای خۆیان بڵاو بكەنەوە. هەربۆیە هەموو سەربەست و ئازادن كە وەرگری خۆیان هەڵبژێرن.
ئازادی لە هەڵبژاردنی كەرەستەی دەربڕین
هەر كەسێك كە گەرەكی بێت شتێك بڵاو بكاتەوە مافی خۆیەتی كە كەرەستەی دەربڕین و بڵاوكردنەوەكە دیاری بكات، كەرەستەكانیش هەندێك جار بە شێوەی نووسراو، بینراو، بیستراو، دەنگی و وێنەییە. لە ئەگەری هەڵبژاردنی یەكێك لەو شێوازانە كەس بۆی نییە بە بێ مۆڵەت وەرگرتن بابەتەكەی تۆ بڵاو بكاتەوە.
ئازادی گەڕان بە دوای زانیارییدا
بۆئەوەی كە دەربڕینێكی دروستكەر و سەربەستت هەبێت، دەبێت دەستت بە سەرچاوەكانی زانیاری باوەڕپێكراو بگات. زۆرجاریش لەڕێگەی یاسا و رێساوە و بەپێی یاسا دەتوانی دەستت بە سەرچاوەی زانیارییەكان بگات.
هێڵە سوورەكانی ئازادیی رادەربڕین
هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك بەپێی پێگەی سیاسی و ستراتیژی خۆی، هەروەها بە پێی دەستوور و یاسا و رێسا ئازادییەكانی خۆی دیارییدەكات. ناكرێت بە ناوی ئازادییەوە زۆرجار هێڵە سوورەكان ببەزێندرێن، بۆیە هەندێك بوار هەیە كە هێڵی سوورن و دەبێت بە وریاییەوە هەڵسوكەوت و مامەڵەی لە تەكدا بكرێت، بەتایبەتی لە بواری ئاسایشی نیشتمانی، ئازادیی تاكە كەس، تەندروستی، ئاكار و رەوشت و ئەخلاقی گشتی و كۆمەڵایەتی.
سەرچاوە/ سایت چطور