بەرهەمی سپیایی خۆماڵی کەم بۆتەوە

11:54 - 2023-01-23
ڕاپۆرت
726 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی، جێگر خدر

خواستی خەڵک بۆ بەرهەمە سپیاییە خۆماڵییەکان زۆرە و ئەو رێژەیەش کە دەخرێتە بازاڕەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە ئەوەندە نییە، بەرهەمی کارگەکانیش هەن، بەڵام لە ناچاریدا نەبێت زۆرینە پەنای بۆ نابەن و حەزیان لێی نییە.

ماستەکان تێکەڵ دەکرێن
ئیدارەی راپەڕین یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کشتوکاڵ و گاوداری و مەڕداری لە هەرێمی کوردستان، لە رابردوودا بەشی خۆی و بەشی ناوچەکانی دیکەشی لە بەرهەمی خۆماڵی خستۆتە بازاڕەوە، پەنیر و ماست و لۆرک و قەیماغ و هەنگوینی بناری قەندیل و پشدەرە رەقە ئێستاش لەبازاڕدا خۆی ناگرێت، هاووڵاتییان دەڵێن:تام و چێژی ئەو بەرهەمانە بە هی هیچ شوێنێکی دیکە بەراورد ناکرێت، ئیبراهیم بۆ کڕینی ماست رووی کردۆتە دوکانی مام زەردەشت، کە لەناو بازاڕی نەورۆزی رانیە بەرهەمە سپیاییەکان دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت:هاتووم ماستی خۆماڵی و پەنیری خۆماڵی بکڕم، هێلکەشم دەویست بەڵام نییە، خواردنی ئەو بابەتە خۆماڵیانە پڕچێژترە و بەسوودترە بۆ تەندروستی، باس لەوەش دەکات کە زۆرینەی ماستەکان جێگەی متمانە نین، مەڕت دەداتێ، مانگاشی تێکەڵ کردووە، بزنت دەداتێ جۆرێکی دیکەی تێکەڵ کردووە، بە ماستی مانگا دەیبەی، بەڵام لەولاوە دەیبینی کە ماستی دەستکردی کارگەکانە و هیچ چێژێکی نییە.
ئیبراهیم ماستی مەڕی دەویست، لە مام زەردەشتی پرسی، ماستی کوێیە؟ ماستی مەڕی خولاسەی ناوچەی شوانە. ئەی ماستی لای خۆمان؟. مەڕی خولاسە دەست ناکەوێت، لە شوانەوە بۆم دێت، بە رێژەیەکی کەم و زۆرجار ئەویش دەست ناکەوێت، مام زەردەشت وای وەڵام دەداتەوە. سەبارەت بە هێلکەی خۆماڵیش، بەهەمان شێوە دەڵێت: دەست ناکەوێت و بۆی مەگەڕێ، جاروبار دۆستێکی خۆم بۆم دێنێ، ئەویش گرانە». هەروەها دەشڵێت: بەیانیان لە پشدەرە رەقەوە تا تۆپاوای بیتوێن بەدوای ماستدا دەگەڕێم تا بیانهێنمە دوکانەکەم و بە کڕیارەکانمی بفرۆشم، بەو هەمووە پەیوەندییە پتەوەی لەگەڵ مەڕدار و ئاژەڵدارەکان هەمە، بەزەحمەت بە رێژەیەکی کەم دەستم دەکەوێت و بەشێکی کەم لە کڕیارەکانم دەستیان دەکەوێت.

زیاتر لە جاران، خەڵک تامەزرۆی بەرهەمی خۆماڵییە
لەرێگەی ئەو ماستفرۆشەوە، پەیوەندیمان بە مام رەسوڵ-ەوە کرد کە دانیشتوی پشدەرە رەقەیە و ئاژەڵدارە و بەرهەمەکانیشی دەنێرێتە رانیە، ئەو دەڵێت: خەڵکەکە زۆرە، ئێستا لەجاران زیاتر داوای بەرهەمە بێ فێڵ و بێ گرفتەکان دەکەن، جارانیش هەر وابوو، بەڵام ئێستا زۆر زیاتر، توانای دارایی من، هەر چەند مانگایەک و چەند سەرمەڕێکە، پشتیوانییەکانی حکومەت هێندەش نییە تا داهاتێکی زیاترمان بۆ گلبداتەوە، دەکرا هاوکاری پێویست کراباین و ئێمەش نەک بۆ رانیە و قەڵادزێ، بەڵکو توانیبامان بینێرینە هەولێر و سلێمانیش».
سەبارەت بەو بێ متمانەییەی کە هاووڵاتییان بۆ ماست هەیانە، مام رەسوڵ دەڵێت:بەڵێ راستە، خەڵکانێکی زۆر هەن، ماست تێکەڵ دەکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە، بۆ نموونە کابرا 20 سەر مەڕی هەیە، لەگەڵیشیدا، 5مانگای شیردەریشی هەیە، لەکاتی هەوێنکردندا، بۆ ئەو دەری ناهێنێت کە بە دوو هەوێنی جیاواز بیکات و خەرجییەکانی دەبێتە دوو خەرجی. خەڵکیش هەیە ماستی کارگەکانی تێکەڵ دەکات، ئێستا ئەو رێکارە زۆرە، مەڕ لە ناوچەکانی ئێمە کاتی زانی نییە، بۆیە هەوڵ دەدات بازاڕی خۆشی نەکەوێنێت و ئەو جۆرە ماستە کارگەییانە بەکار دێنێت.

گامێشەکانی کانیماران فرۆشراون
گوندی کانیمارانی حاجیاوا، دەمێک ساڵە بە بەخێوکردنی گامێش و فرۆشتنی بەرهەمە سپیاییەکان بەناوبانگە، گوندەکە کەوتووەتە سەر رێگەی رانیە-دوکان، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندە لەسەر ئەو رێگەیە دوکانی فرۆشتنی ماست و بەرهەمەکانی دیکەیان داناوە و بژێوی ژیانیانە، گامێشەکانی ئەو گوندە ساڵانی رابردوو بەشی ناوچەکە و شارەکانی دیکەش ماستییان لێبەرهەم دەهات، بەڵام ئەمساڵ وەک دانیشتوانەکەی باسی دەکەن، بە رێژەی تا نیوە و زیاتریش گامێشەکان کەمیان کردووە و لەلایەن خاوەنەکانیانەوە فرۆشراون، بە وتەی کامەران کە دانیشتووی ئەو گوندەیە، بەهۆی گرانبوونی جۆ و پەین کە نرخی یەک سەتڵ ماستی بۆ دوو ئەوەندەی پێشتر لەسەر خاوەنەکەی گرانکرد، خەڵکەکە گامێشەکانی فرۆشت، گەرمبوونی زۆری کەشوهەوا لە هاوینی رابردووش یەکێکی دیکە بوو لە هۆکارەکان.
لە دوکانەکانی کانیماران جۆرەکانی ماست و پەنیر هەن، ئەو جۆرانەش هەن کە بەرهەمی کارگەکانن، دوکاندارەکان بە راشکاوانە بە کڕیارەکان دەڵێن، ماستی کارگەیە و ماستی خۆماڵی کەمە و گران دەکەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان