ژنان بەهۆی دانەمەزراندنەوە روویان لە نانکردن کردووە

10:25 - 2023-01-24
ڕاپۆرت
288 جار خوێندراوەتەوە
کەرکوک، ژنان لە هەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیاندان

کەرکوک، هێمن ئەحمەد

ژنانی كرێكار شان بەشانی پیاو لە هەوڵی دابینکردنی بژێوی ژیاندان. بەشێك لەو ژنانە دەرچووی پەیمانگە و زانكۆكانن، لەبەر دانەمەزراندن لە دەزگا حکومیەکان بەپێی پسپۆڕییەکانی خۆیان، لە پێناوی دابینکردنی بژێوی ژیانیان، پەنایان بردۆتە بەر كاركردن لە پیشە جیاوازەکان و زیاتر پیشەی نانکردن.
نەسرین محەمەد، دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵە، شەش ساڵە، زانكۆی تەواو كردووە دەڵێت، لە زۆر دەرگامدا بۆ دامەزراندن، بەڵام بێئومێد بووم، بڕیارمدا لەگەڵ چەند کچێکی تردا کە هەموویان دەرچووی زانکۆن، دوكانێك بۆ (نانی تیری و ناوە شكێنە و كەلانە و كولێرە بە گەنم و جۆ) لە بازاڕی رەحیماوای شاری كەركوك بكەینەوە، ئێستا هەر یەكێكمان خاوەن سەرمایەی خۆمانین و بژێوی ماڵ و منداڵمانی پێ دابیندەکەین.

دوای سەرکەوتنم ئاسوودەبووم
شنۆ محەمەد لە دوای كۆچی هاوسەرەكەی ئەركی بژێوی پێنج منداڵەکەی كەوتە سەر، دەڵێت، ماوەیەكی زۆرم بە هەژاری بەڕێکرد، دواتر بڕیارمدا دوكانێكی نانکردن لەگەڵ چەند ژنێكی هاوڕێم دابنێم، هەرچەندە سەرەتا كارەكە هەندێك زەحمەت بوو، بەڵام توانیمان بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بین و توانیم خۆم و  منداڵەکانم لە هەژاری رزگار بكەم و دوای بەدەستهێنانی سەركەوتن لە كارەكەمدا، هەست بە ئاسوودەیی دەكەم و بەردەوامیش دەبم لە کارکردن.
وتیشی: چەند كچێك دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكانن، لەلام كاردەكەن، پێویستە لەسەر هەموو تاكێك چاوەڕێی دەستی حكومەت و دامەزراندن نەكەن، بەڵكو هەوڵبدەن لە كەرتی تایبەت كار بكەن .
شادیە حەمید، خاوەنی دوکانی نانی كوردەواری دەڵێت: دەمێك بوو بیرم لێكردبۆوە، بەڵام سەرەتا نەمتوانی سەركەوتووبم لە بەر ئەوەی بودجەیەکی پێویستم نەبوو بۆ دەستپێکردن، بەڵام توانیم لە رێگەی قەرزی كورت خایەنەوە، دەستمایەیەك بەدەستبهێنم و بكەومە سەر پێیەكانی خۆم، وتیشی ئەو ئەركە قورسەی لەژیاندا بینیومە توانیمە خۆشی و  بژێوی خۆم و خێزانمی پێبەدەستبهێنم.

كار ئاسانیان بۆ دەكەن
سامان یابەعەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، رایگەیاند: ئێمە وەكو تیمی سەرپەرشتیاری تەندروستی بەشێوەیەكی بەرنامە داڕێژاو بە پشكنین بۆ كۆگا و دوكانەکانی پیشەی نانکردن دەكەین لەلایەن ژنانەوە، چاودێری كارمەندەكان و پاك و خاوێنی شوێنەكان دەكەین، جێگەی باسە ژنان زیاتر بایەخ بە پاك و خاوێنی دەدەن و رێنماییەكانی لیژنەکانی تەندروستی جێبەجێدەكەن و بەرهەمەكانیشیان پوخت و خۆماڵین و لەڕووی تەندروستیەوە شیاون.
وتیشی: هەر شوێنێك لەڕووی تەندروستیەوە شیاو بێت، ئێمە وەكو لیژنەكانی تەندروستی بە چاوی رێزەوە تەماشایان دەكەین و كارئاسانیان لە دەزگا تەندروستیەكان بۆ راییدەكەین، لەبەرئەوەی كارەكان بۆ لیژنەكانی تەندروستی ئاسان دەكەن، زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی لەو شوێنانە كاردەكەن كارتی پشكنینی تەندروستیان هەیە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ پاك و خاوێنی شوێنەكە و بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەكان.

بە خواستی خۆم نانەنەکەم بۆ  دروست دەکەن
مەحمود جومعە، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە، دەڵێت: ماوەیەكی زۆرە نانی تیری دەكڕم لەو دوکانانەی ژن ئامادەی دەکات، چونكە تامێكی خۆش و نانێكی تەندروست بەرهەم دەهێنن، پاك و خاوێنیشە، پاڵەپەستۆی خوێن و شەكرەم هەیە و ئەو نانەم بە ئارەزووی خۆم بۆ دروست دەكەن كە بۆ تەندروستیم شیاو بێت، نانێکی کەم خوێ و ئاردی سپی کەم و زیاتر جۆی تێكەڵ دەكەن. وتیشی: نانکردن پیشەیەکی كوردەوارییە ناوخۆییە و مۆركێكی فۆلكلۆری جوانی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان