خەلیل عەبدوڵڵا*
باكووری هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە و لە بوارەكانی هونەری گۆرانی و موزیك و نووسین و پەروەردە و ئەرشیفدا خزمەتی زۆری بە گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عیراق كردووە.
باكووری بە رەچەڵەك خەڵكی شاری وانی باكووری كوردستانە و بەهۆی ئەوەی لە نەتەوەی ئاشوری بوون، لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانی لە لایەن عوسمانییەكانەوە لە زێدی خۆیان راونراون و بە ناچاری بۆ عیراق و باشووری كوردستان كۆچیان كردووە و دواجار لەشاری كۆیە گیرساونەتەوە.
(ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە و بە «باكووری» ناسراوە.
نازناوی باكووری پێبەخشیوە
ساڵی 1952 كە مامۆستا باكووری چۆتە ئیزگەی كوردیی بەغدا، (كامیل كاكەمین) بەرپرسی بەشی كوردی رادیۆی بەغدا، نازناوی باكووری پێبەخشیوە، وەك ئاماژەیەك بەوەی كە خەڵكی باكووری كوردستانە.
باكووری لە ساڵی 1928 لە قشڵەی كۆیە لەدایك بووە. لە كۆیە و هەولێر قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی خوێندووە. ساڵی 1952 لە كۆلێجی (خانەی مامۆستایانی باڵا)ی بەغدا وەرگیراوە و پاش چوار ساڵ خوێندن لەو كۆلێجە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەستهێناوە.
ساڵی 1957 وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی لەشاری كۆیە دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی بە خوێندكاران وتۆتەوە و دواتر خۆی گواستۆتەوە بۆ شاری هەولێر و لەو شارە وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی خزمەتی بە خوێندكاران كردووە.
باكووری لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای هونەر بووە و وەك گۆرانیبێژ و ژەنیار خزمەتێكی زۆری كردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە.
ئەو كاتەی خوێندكاری زانكۆ بووە لەشاری بەغدا، دەچێتە رادیۆی كوردی بەغدا، پەیوەندی بە (كامیل كاكە مین) بەرپرسی بەشی كوردیی رادیۆی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی گۆرانی لەو رادیۆیە تۆمار بكات، لە رێی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەنگەوە كە هونەرمەندان (عەلی مەردان، رەفیق چالاك و ئەحمەد خەلیل) بوون، تاقی دەكرێتەوە، دەنگەكەی پەسەند دەكرێت و وەك گۆرانیبێژ لەو ئیزگەیە وەردەگیرێ، ئیدی دەست بە تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانی دەكات و بەوەش بەهۆی دەنگە رەسەن و بە سۆزەكەیەوە لە سەرانسەری كوردستاندا دەناسرێت.
كتێبخانەی كوردییان دەوڵەمەند كردووە
مامۆستا باكووری وەك نووسەریش خزمەتی كردووە و خاوەنی چەند كتێبێكی بەنرخە كە كتێبخانەی كوردییان دەوڵەمەند كردووە. لە دیارترین بەرهەمەكانی كتێبی(تەمەنێك)ە كە بیرەوەرییەكانی خۆی تێدا دەگێڕیتەوە و تیشك دەخاتە سەر ژیانی هونەری خۆی و سەردەمەكەی.
هەروەها كتێبی (گۆرانیبێژە نەمرەكان) كە بە سێ بەرگ بڵاوبۆتەوە و ( 699) لاپەڕەیە و لەو سێ بەرگەدا تیشك دەخاتە سەر ژیانی هونەریی(47) هونەرمەند.
مامۆستا باكووری، چەند كتێبێكی دیكەی هەیە، لەوانە كتێبی (تیپی مۆسیقای باواجی)، بە حوكمی ئەوەی لە دەستەی دامەزرێنەری ئەو تیپە بووە، لەم كتێبەدا بە وردی مێژووی دامەزراندنی ئەم تیپە و كار و چالاكییەكانی لە ساڵانی (1957-2008) دەخاتە روو.
(چۆنیەتی گۆرانی گوتن) كتێبێكی دیكەی مامۆستا باكوورییە، كە لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەریگێڕاوە.
كتێبی (چیرۆكی هەندێ گۆرانیی كوردی رەسەن)، كتێبێكی تری مامۆستا باكوورییە، لەم كتێبەدا چیرۆكی هەندێ گۆرانیی رەسەنی كوردی دەگێڕێتەوە.
كتێبی ئیزگە، بەرهەمێكی تری مامۆستا باكوورییە، لەم كتێبەدا تیشك دەخاتە سەر مێژووی هەردوو بەشی عەرەبی و كوردی ئەو ئیزگەیە.
مامۆستا باكووری چەندین كتێبی دیكەی چاپكراو و دەستنووسی هەیە و دەیان وتار و لێكۆڵینەوەی لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی كوردستان و عیراقدا بڵاوكردۆتەوە.
خاوەنی ئەرشیفێكی دەوڵەمەندە
خولیایەكی تری مامۆستا باكووری، كۆكردنەوە و ئەرشیفكردنی بەرهەمە هونەرییەكانی گۆرانی و مۆسیقا و بەڵگەنامەكانی ئەو بوارانە بووە، خاوەنی ئەرشیفێكی دەوڵەمەندە و وەك سامانێكی بەنرخی نیشتمانی لە دوای ئەو بەجێماوە و وەك دیاری و یادگاری ئەو دەمێنێتەوە و بە شانازییەوە لە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژوودا تۆمار دەكرێت.
لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی لە بواری هونەریدا پێشكەشی كردووە، چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
مامۆستا باكووری بە حوكمی توانا و ئەزموونی هونەری، هاوكاری بەشێكی زۆری هونەرمەندانی لەڕووی ئاوازدانان و موزیكەوە كردووە و پشتیوانی زۆربەی تیپە مۆسیقییەكانی كوردستان وعیراق بووە.
لە بواری پەروەردەشدا لە شارەكانی كۆیە و هەولێر، خزمەتێكی زۆری بە كاروانی خوێندن كردووە و وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی سەدان خوێندكار لەسەر دەستی فێری زمانی ئینگلیزی بوون.
وەك مامۆستای هونەری موزیكیش خزمەتی زۆری كردووە و سەدان كەس لەڕێی ئەوەوە بەشێوەیەكی زانستی ئاشنای هونەرەكانی گۆرانی و موزیك بوون.
هونەری كوردی دەوڵەمەند كردووە
ئەگەرچی مامۆستا باكووری، لەنەتەوەی ئاشوری و ئاینی كریستیان بوو، بەڵام هەموو ئاین و نەتەوەكانی تری خۆشدەویست و هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەری كوردی تەرخانكرد، بەرهەمەكانی لە بوارەكانی ئاواز و گۆرانی و نووسین و ئەرشیفەكەی زۆربەی زۆری كوردین و خەرمانی هونەری كوردی دەوڵەمەند كردووە. هەربۆیەش دەتوانین بە سیمبولی پێكەوەژیان پێناسەی بكەین.
پاش خزمەتێكی زۆری هونەری و پەروەردەیی، شەوی 2ی تشرینی دووەمی 2022 لە شارۆچكەی عەینكاوە كۆچی دوایی كرد و رۆژی دواتر 3ی تشرینی دووەمی 2022 لە رێوڕەسمێكی میللی و فەرمیدا ماڵئاوایی لێكراو لە گۆڕستانی عەینكاوە بە خاكی نیشتمان سپێردرا.
رێز و وەفا بۆ گیانی پاكی مامۆستا باكووری، هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.
*بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیریو لاوان