قوباد تاڵەبانی و UN: هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد

09:26 - 2023-01-25
کوردستان
775 جار خوێندراوەتەوە

«پێكهاتە و كەمینەكان رێزلێگیراون لە هەرێمی كوردستاندا، زۆریش مەبەستمانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ و نوێنەرایەتیی تایبەتی دڵخوازی خۆیان، كە دووربێت لە دەستتێوەردانی حزب و هێزە سیاسییەكان»

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پێشوازیكرد لە رۆزماری دیكارلۆ جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە دوێنێ بەڕێوەچوو، جەخت لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان كرایەوە. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، لەمپەرەكانی بەردەم پڕۆسەكەی روونكردەوە كە بریتین لە (سیستم و بازنەكانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسیی كۆتا و پێكهاتەكان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن). داواشیكرد: نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچوونی دروستی پڕۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەكی راستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان.
قوباد تاڵەبانی، راشیگەیاند: پێكهاتە و كەمینەكان رێزلێگیراون لە هەرێمی كوردستاندا، زۆریش مەبەستمانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ و نوێنەرایەتیی تایبەتی دڵخوازی خۆیان، كە دووربێت لە دەستتێوەردانی حزب و هێزە سیاسییەكان.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆك وەزیران، جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن كردەوە بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەجۆرێك كە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لێبكەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێك دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێكتێگەیشتنی هاوبەش.
لەبارەی دۆسێی وزە، قوباد تاڵەبانی، وتی: مەبەستمانە خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم بن لە سەرچاوەكانی وزە بەتایبەتی غازی سروشتی كە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بەكاربهێنرێت.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، باسی دۆخی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی رێكخراوە ناحكومییەكان كرد كە پایەی سەرەكیی كۆمەڵگەی مەدەنین و وتی: رێكخراوەكان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەكان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەكانیان بەهەندوەربگیرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، ستایشی هەوڵەكانی جێنین پلاسخارتی كرد لە عیراق و كوردستاندا، كە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاوی گرنگی ناوە.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان