״لە پڕۆسەی ئازادیدا كەركوك لەسەر دەستی یەكێتی رزگاركرا״

10:01 - 2022-04-13
ڕاپۆرت
472 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، سیروان محەمەد

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی دیدارێكی كوردستانی نوێ-دا، تیشكی خستەسەر پرۆسەی رزگاركردنی كەركوك لە 10/4/2003 و رایگەیاند: ئەوكاتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی سەرەكی گێڕا لە رزگاركردنی كەركوك لە پڕۆسەی ئازادیی عیراقدا بە هاوكاریی هاوپەیمانان، هەندێ لایەنی سیاسی لەو كاتەدا نەك هەر بەشدارنەبوون لە پلانی رزگاركردنی شارەكەدا، بەڵكو هەڕەشەیان دەكرد كە دەبێت لە ماوەی 72 سەعاتدا كەركوك جێبهێڵین.

پلانی هاوبەشی هاوپەیمانان و یەكێتی
سەبارەت بە پلانی هاوبەشی هاوپەیمانان و لەناوخۆشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پڕۆسەی رزگاریی كەركوك، ئەحمەد عەسكەری، راشیگەیاند: ئەو پلانەی بۆ رۆژی 10/4/2003 بە پلانی تۆكمەی هاوپەیمانان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دانرا، بەسەركەوتوویی و وەك خۆی جێبەجێكرا و شارەكە لە دەسەڵاتی بەعس پاككرایەوە، وتیشی: هەر لە سەرەتاوە كە هێزەكانی یەكێتی چوونە كەركوكەوە بەپێی پلانێك بەهاوكاریی هاوپەیمانان شارەكە لە دەسەڵاتی بەعس و دەستوپێوەندەكانی پاككرایەوە، بەرنامەكەش بەشێوەیەك بوو لەگەڵ داخڵبوون بە كەركوك، هێزەكانی یەكێتی بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ عومەر فەتاح هەموو ئەو شوێنانەیان بەزوویی رزگاركرد كە بۆیان دیاریكرابوو.

بۆ هەموو لایەك روونكرایەوە كە یەكێتی لە خەمی پاراستنی كەركوكدایە
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە پلانەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بۆ رزگاركردنی كەركوك، هەموو لایەك ئاگاداركرابۆوە كە دامودەزگاكانی كەركوك بپارێزرێت، كە هەر بەو شێوەیەش بوو و هێزەكانی یەكێتی تەواوی ئەو دامودەزگایانەیان پاراست، بەڵام هەندێك لە كەسانی رژێم دوای كەوتنی بەغدا و پێش داخڵبوونی هێزەكانی یەكێتی، بەشێك لە دامودەزگاكانی كەركوكیان تاڵانكردبوو و بەڵگەنامەكانیشیان لەناو دامودەزگاكاندا سووتاندبوو، هەروەها پلانەكەش بەوشێوەیە بوو كە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێگەی دامودەزگاكانی شارەكەوە خزمەتگوزارییە سەرەكی و پێویستەكان بۆ هاووڵاتیان بگەڕێنرێنەوە، كە هەر بەوشێوەیەش بوو و بەزوویی خرانەوەكار، جگەلەوەش «بەرنامەی یەكێتی بەو جۆرە بوو كە بەگیانی تۆڵەكردنەوە لە كەركوكدا كارنەكرێت و ئەو هەڵە تێگەیشتنەی لەو كاتەدا هەندێك لایەنی توركمانی و عەرەبی هەیانبوو بەرامبەر پێشمەرگە، لەلایەن یەكێتی-یەوە رەوێندرایەوە و بۆ هەموو لایەك روونكرایەوە كە یەكێتی لە خەمی پاراستنی كەركوكدایە و هەموو تواناكانی لەو پێناوەدا دەخاتەكار و وەك پێشمەرگەش كاری پاراستنی كەركوك دەبێت.

ئەحمەد عەسكەری:
هێزێكی كوردستانی، لەوكاتەدا جگەلەوەی باوەڕی بەوەنەبوو كە بەشداری لە پڕۆسەی رزگاركردنی كەركوكدا بكات، رۆڵێكی خراپیشی گێڕا و بە رۆحیەتی دژایەتی مامەڵەی دەكرد و كەوتبووە پڕوپاگەندەی نابەجێ لەسەر رزگاركردنی كەركوك لە دژی یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان

پڕوپاگەندەی نابەجێ لەسەر رزگاركردنی كەركوك
لە درێژەی قسەكانیدا، ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی، ئاماژەی بە چەند لایەنێكی دیكەی پڕۆسەكە كرد و ئەوەی ئاشكراكرد كە هێزێكی كوردستانی، لەوكاتەدا جگەلەوەی باوەڕی بەوەنەبوو كە بەشداری لە پڕۆسەی رزگاركردنی كەركوكدا بكات، رۆڵێكی خراپیشی گێڕا و بە رۆحیەتی دژایەتی مامەڵەی دەكرد و كەوتبووە پڕوپاگەندەی نابەجێ لەسەر رزگاركردنی كەركوك لە دژی یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەر ئەوەش نا ئەو لایەنە سیاسییە بە ئیعازی هەندێ وڵات بەیاننامەی لەسەر رزگاركردنی كەركوك دەردەكرد، كە ئێستاش بەیاننامە و وتاری سەركردەكانیان ماون، هەر لەو كاتەدا گوێمان لێدەبوو كەسانێك هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد كە دەبێت پێشمەرگە لەماوەی 72 سەعاتدا كەركوك جێبهێڵێت، بەداخەوە ئەو هێزە كوردستانییەش پشتیوانی دەكردن، كە ئەوەش ببووە مایەی دڵتەنگی و نیگەرانیی خەڵكی كەركوك و هێز و لایەنەكانی دیكە.

«وەك هەمیشە لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا دەكەین و بۆ داهاتووش وەكو یەكێتی پلان و بەرنامەمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە و دانیشتوانەكەی هەیە»

پابەنددەبین بەبەرنامەی كاری حكومەتەوە بەمەرجی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك
لە كۆتایی قسەكانیدا، ئەحمەد عەسكەری، دووپاتیكردەوە كە «وەك هەمیشە لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا دەكەین و بۆ داهاتووش وەكو یەكێتی پلان و بەرنامەمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە و دانیشتوانەكەی هەیە، هەروەك پابەنددەبین بە بەرنامەی كاری حكومەتی داهاتووی عیراقەوە بۆ شارەكەمان، ئەگەربێتو دۆخی شارەكە بەپێی مادەی 140 ئاساییبكرێتەوە و مافەكانی كەركوك و كەركوكییەكان لەو چوارچێوەیەدا زامن بكرێت، لایەنگری و هاوكاریشمان بۆ حكومەت تەنها بۆ پرسی ژیانی خەڵك و داواكارییەكانی هاووڵاتیانە و بەدڵنیاییشەوە وەك یەكێتی سازش لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان ناكەین و دەبێت جێبەجێ بكرێن.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان