بە وردی چاودێریی نرخ لە بازاڕەكاندا دەكرێت

10:09 - 2022-04-13
ئابووری
594 جار خوێندراوەتەوە

لیژنە پەیوەندیدارەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی، بە وردی چاودێریی بارودۆخی بازاڕەكان دەكەن و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ و كاری قۆرخكاری دەكەن، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانیش باس لە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شمەك دەكات و رایدەگەیەنێت: «رێگەنادەین هیچ بازرگان و خاوەن دوكانێك بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، نرخەكان بەرز بكاتەوە».

شەڕی ئۆكرانیا - روسیا و نرخی نەوت
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: كاری سەرەكی ئێمە چاودێریكردنی نرخی كاڵا و شمەكە لە بازاڕەكاندا و رێگریكردنە لە بەرزكردنەوەی نرخەكان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، بەڵام ئێستا بارودۆخێك هاتۆتە ئاراوە و ناتوانرێت بە تەواوی كۆنترۆڵی نرخەكان بكرێت، چونكە لەلایەك شەڕی ئۆكرانیا و روسیا بەردەوامی هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە نرخی نەوت هەر بە بەرزی ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: بەردەوامی شەڕی ئۆكرانیا و روسیا و هەروەها بەرزی نرخی نەوت، كاریگەری راستەوخۆیان كردۆتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شمەك لە بازاڕەكاندا، چونكە لەلایەك بەهۆی شەڕەوە بڕی كاڵا و شمەك كەمبۆتەوە لە بازاڕەكانی جیهان، لە لایەكی دیكەشەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تێچووی گواستنەوەی خۆراك و كاڵاكان زۆر زیادیكردووە، ئەمەش وایكردووە كە دواجار نرخی كاڵاكان بەرز ببێتەوە و ئەوەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

״نرخ بەرزنەبۆتەوە״
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە: «خۆشبەختانە لە كۆگانی شاری سلێمانی بڕی پێویست خۆراك و پێداویستی هەنووكەیی هاووڵاتیان زۆرە و هیچ گرفتێكمان نییە، هاوكات پێش هاتنی مانگی رەمەزان، ئێمە نرخی كاڵا و شمەكە خۆراكییەكانمان تۆمار كردووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەم چەند رۆژەی مانگی رەمەزان دووبارە بەراوردی نرخەكانمان كردۆتەوە و بەرزبوونەوەیەكی ئەوتۆمان بەدینەكردووە  كە لەلایەن خاوەن دوكان و كۆگاكانەوە كرابێت».
وتیشی: «رێگەنادەین هیچ بازرگان و خاوەن دوكانێك بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، نرخەكان بەرز بكاتەوە».
لیژنەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی كە لە نوێنەری چەندین لایەنی پەیوەندیدار پێكدێت، بەردەوام چاودێریی نرخ لە بازاڕەكاندا دەكەن و رێگری لە كاری قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و شمەك دەكەن.

#بازاڕ

بابەتە پەیوەندیدارەکان