کۆیک گوندێکی دێرینی ناحیەی بازیان

10:16 - 2022-04-13
دووتوێ
891 جار خوێندراوەتەوە

د. ئاراس محەمەد ساڵح

 كۆیك یەکێکە لە گوندەکانی کوردستان، لە رووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی بازیانە لە پارێزگای سلێمانی، هەرچەندە هۆزێکی کورد بەناوی کۆیکەوە هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نیە کە ئەم گوندە لەلایەن ئەو هۆزەوە ئاوەنکرابێتەوە، لە ناحیەی سەنگاویش گوندێک بەناوی کۆیکەوە هەیە، هەروەها لە خۆرهەڵاتی کوردستانیش گوندێک بەهەمان ناوەوە هەیە، هەرچەندە نازانرێت کەی ئاوەدانکراوەتەوە، بەڵام بە قسەی دانیشتوانەکەی لە زۆر کۆنەوە ئاوەدان بووە.
  سەرەتا گوندەکە لەبەر شەقامی سلێمانی - کەرکوک بووەو لە شوێنی ئۆردوگای بازیانی ئێستادا، لەو کاتەدا گوندێکی گەورە بووەو لەبەرئەوەی کەوتووەتە سەرە رێگای کاروانی کەرکوک و هەرێمی شارەزوور، دوکانی مسگەری و بازاڕی تیدابووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەری شاخی کۆیکی ئێستا لە شوێنێکدا پێی ئەوترێت کەڵەکەهەوار، دواتر چوونەتە شوێنێک لەخۆرئاوای گوندی کۆیک، پاشان چوونەتە شوێنی کۆیکی ئێستا.
 هەڵکەوتەی جوگرافی کۆیک دەکەوێتە خۆرهەڵاتی دەربەندی بازیان، لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکەی بازیان و لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی ئاڵیبزاو و لەخۆرھەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەگەجانی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی خاڵدان هاوسنوورن.
 لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا سەید ئەحمەد لە گوندی (ئەحمەدلەوەند)ی نزیک چەمچەماڵەوە هاتووەتە گوندی کۆیک، پیاوێکی دەوڵەمەند بووە، سەید ئەحمەد کوڕی شێخ رەشید کوڕی شێخ مارف کوڕی محەمەد کوڕی شێخ ئەحمەدی سەردار کوڕی شێخ رەزای دێلێژەیە، رشتەی بنەماڵەکەیان دەچێتەوەسەر شێخ عیسای بەرزنجە و لە ساداتی بەرزنجەن
  پێش ئەوەی سەید ئەحمەد بچێتە کۆیک ئاوەدان بووە، شێخانی کۆیک دەوڵەمەندبوون گوندی کۆیکیان کڕیوەو تاپۆی رەشی عوسمانیان هەیە، کاتێک سەید ئەحمەد چووەتە ناوچەی بازیان لەلایەن دەسەڵاتداری ئەو رۆژگارەوە سێ گوندی بۆ پێشنیارکراوە کە بیانکڕێت، ئەوانیش  هەردوو گوندی کۆیک و خاڵدان لە ناحیەی بازیان، گوندی زڕگوێز لە ناحیەی تانجەرۆ، لەو سێ گوندە کۆیکی هەڵبژاردووەو کڕیویەتی و تێدا نیشتەجی بووە.
  ئەو تاپۆیە لەرڕۆژگاری حکومەتی عێراقیدا خراوەتەسەر کوڕەکانی، کوڕی گەورەی حاجی شێخ کاکەڕەزای کۆیک بووە، ئەم کەسایەتیە پیاوێکی خانەدان و خاوەن دیوەخان بووە، لە ناوچەی بازیان و دەوروبەریدا ناسراوبووە، جێگەی رێزی کاربەدەستان و ناو کۆمەڵ بووە، هەروەها حاجی حەمەڕەزای سمایل عوزێری و کوێخا حەمەسەعید دوو کەسایەتی دیکەی ئەم گوندەبوون، یەکێک تر لە کەسایەتیەکانی ئەم گوندە شێخ نوری کوڕی شێخ کاکەڕەزا بووە، وەک ئەندازیارێک و سەرۆکی کۆمەڵەی رۆژ خزمەتی زۆری بە خاوەن پێویستیە تایبەتەکان کردووە، ئەم مرۆڤە دڵسۆزە لە 6/6/2022 بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.
   ئەم گوندە بۆ ئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵ زیاتر پشت بە ئاوی کانی و کارێز دەبەستێت، لە گرنگترین کانی و کارێزەکانی کانی کۆلەکە لەبەری بازیان، کانی چاڵەمێو، کانی تووەکان، کارێزی شێخ هەرزانی، کارێزی مزگەوتەکە، کارێزی ژنان لە ناو گوندەکەدا و کارێزی کەڵەکەهەوار، لەلایەن شێخانی کۆیکەوە لەرێگای کارێزکەندی ئێرانییەوە ژمارەیەک کارێز لێدراوە، یەکێک لەو کارێزکەندانە ناوی حەمەحەیران بووە.
 لە سنووری گوندەکە ژمارەیەک گۆڕستانی کۆن و شوێنەواری دێرین هەیە، لەوانە شەخسی دارەکە گردەگوماناوی، هەندێ گردی دەستکرد و شوێن هەواری کۆن، گردە گوماناوی هەندێ چاڵی لە شێوەی تەنوردان لەناو زەویدا، هەندێک پێیانوایە کە لە کۆندا زیندان بووە، بۆچوونێکیش پێی وایە گۆڕستانی خاوەن دینە کۆنەکان بووە کە مردوویان لەناو کوپەی گەورەدا ناشتووە.
  گوندی کۆیک شوێنێکی گرنگە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، زەوی زۆری کشتوکاڵی بەراو و پشتئاویان هەیە، لەبەرئەوەی کەوتووەتەسەر چەمی تەیناڵ و جۆگەی ئاوی لێ هەڵگیراوەو بەشێکی زەوییەکانی کۆیک سوودی لێوەرگرتووە بۆ کشتوکاڵ، بەشێکی تریان بە ئاوی کانی و کارێزەکان ئاو دەدرێن، بەروبوومی تەماتە، توتن، مەرەزە، سەوزەکانی تری لێکراوە، هەروەها گەنم و جۆو نۆک لە زەویە دێمەکاندا دەکەن.
ئەم گوندە بەهۆی شۆڕشی کوردەوە تووشی زۆر کارەسان بووەتەوە، لە ساڵی 1963 بەرهێرشی سوپا کەوتووە، لە ساڵی 1975 بۆردەومان کراوەو شێخ حەسەن سەید ئەحمەد شەهید بووەو چەند هاوڵاتیەکی تر برینداربوون، لە 1976 کە زیاتر لە 35 ماڵی تێدابووە، بەشێکی زۆری راگوێزراوە بۆ ئۆردوگای ئەڵڵایی، لە ساڵی 1987 بە تەواوی خاپورکراوە، لە ساڵی 1988 زیاتر لە 800 دۆنم زەوی کشتوکاڵیان دەستی بەسەرداگیراوەو کراوە بە شارۆچکەی بازیان.
  ئەم گوندە لە کۆندا ئاشی ئاوی تێدابووە، ئاشەکە لەلایەن بنەماڵەی شێخانەوە دانراوەو شێخ مستەفا شێخ ئەحمەد سەرپەرشتی کردووە، ئاشەوان و ئاش وەستایان هەبووە، لە زۆرێک لە گوندەکانی دەوروبەریەوە خەڵکی روویان تێکردووە، شوێنی ئاشەکە کەتووەتەسەر چەمی تەیناڵ.
 پێکهاتەی گشتی ئەم گوندە لە شێخان و سمایل عوزێری، جاف و گۆران، کەسانی تر پێکهاتووە، ژمارەیەک ماڵی تێدابووە لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و لەو گوندەدا نیشتەجێبوون.
 هەر لە کۆنەوە مزگەوتی مامۆستای ئاینی تێدابووە، لە ساڵی 1969 قوتابخانەی نوێی تێداکراوەتەوە، هەتا ساڵی 1977 بەردەوام بووە، مامۆستا جەلال و مامۆستا بەهارو مامۆستا پەری لەو قوتابخانەدا خزمەتیان کردووە. پێش راگواستنی گوندەکە پرۆژەی کارەبای نیشتمانی بۆ راکێشراوە.
لە دوای راپەڕینی 1991 ئاوەدانکراوەتەوەو  پرۆژەکانی ریگاوبان و ئاو و کارەباو قوتابخانەی بۆ کراوە.

سەرچاوەکان/
1_
چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ بەڕێز شێخ هیوا شێخ مستەفا لە 9/3/2022 لە شارۆچکەی ئەڵڵایی.
2_ د.عەبدوڵڵا غەفور، گوندەکانی باشووری کوردستان لە سەرژمێری 1977، چاپی یەکەم 2005، دەزگای ئاراس، هەولێر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان