لە یادی هەشت ساڵەی شەهیدی فەرماندە شێركۆ شوانی-دا

09:43 - 2023-01-30
ڕاپۆرت
373 جار خوێندراوەتەوە

شەهیدی فەرماندە شێركۆ فاتیح شوانی، جیا لەوەی خۆی پێشمەرگەی دێرینە و كوڕی پیاوێكی ناسراو و پێشمەرگەی دێرینیشە، لە دوای ساڵی 2003 و سەرهەڵدانی تیرۆریستانەوە لە عیراق، ناوی شێركۆ شوانی وەك كەسێكی ئازا و شارەزا و لێزان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا، درەوشایەوە.
كاتێك تیرۆریستان لەژێر پەردەی ئاین و بیری شۆڤێنییەت دەیانویست كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان و باقی شوێنەكانی تری چوارچێوەی هەرێم، بكەنە مەیدانی چالاكییەكانیان، شەهید شێركۆی فەرماندە ئازایانە رووبەڕوویان بۆوە و لەهەر شوێنێك مەترسی هەبوایە لەوێ ئامادەبوو بۆ بەگژداچوونەوەیان، لە ئەنجامدا كاك شێركۆ ببووە پاڵەوانی پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و ئەوانیش بەهەموو جیاوازییەكانیانەوە، خۆشیان دەویست.
شەهید شێركۆ تەنیا پێشمەرگەی كورد نەبوو، بەڵكو پێشمەرگەی كوردستان بوو، كوردستانی هەموان بە كەركوك و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەكانەوە، بە كورد و عەرەب و توركمان و هەموو نەتەوەكانەوە، بە سوننە و شیعە و مەسیحی و هەموو ئاینەكانەوە، هەر بۆیە هەموان بەهی خۆیان دەزانی و كە شەهیدیش كرا هەموان بۆی ماتەمباربوون.

ژیاننامەی شەهید شێركۆ
شەهیدی فەرماندە شێركۆ فاتیح نامیق كەریم شوانی، لەدایكبووی ساڵی 1969ی ناحیەی ماوەتە، قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە ماوەت تەواوكردووە.
فاتیح شوانیی باوكی لە ساڵانی حەفتاكاندا دەستگیركراوە، بۆیە شێركۆ ساڵێكی تەمەنی منداڵی لە گرتووخانەی گەورەی سلێمانی بەسەربردووە و لە رۆژی 18/3/1981 بە لێبووردنی گشتی ئازادكراوە.
ساڵی 1984 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ساڵی 1987 لەلای باوكی بۆتە پێشمەرگە و تا راپەڕین دانەبڕاوە.
ساڵی 1991 بەشداریی راپەڕینی كردووە، لە رۆژی 18/5/1991 لەگەڵ پێشمەرگەیەكی هاوڕێی لە دەربەندی بازیان بە هەڵە كەوتنە بۆسەی لیوای حەرەس جمهوری و دەستگیركران و فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
شەهید شێركۆ لە زیندان بە هەڤاڵەكانی وتووە «دڵگران مەبن، ئێرە شوێنی شەهیدانی وەك خاڵە شیهاب و ئەنوەر و جەعفەر و سەدان شەهیدی تر بووە، شۆڕش لێرەوە بڵێسەی سەندووە».
دوای ماوەیەك لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی رژێمی عیراق، دیل بەدیلیان پێكراوە و ئازادكراون.
دوای ئازادبوونی كراوە بە فەرماندەی بەتالیۆنی 13ی شوان لە هێزی شوان-ی سنووری كەركوك، دواتر كراوە بە فەرماندەی لیوا لە قیادەی مەنتیقەی كەركوك و دواتریش لە لەشكری بازیاندا درێژەی بە خەبات داوە.
ساڵی 1996 لەلایەن هەڤاڵ مام جەلال-ەوە خەڵاتی قارەمانێتی پێبەخشراوە و پاشان كراوە بە بەرپرسی مەشق و پشكنین لە فەرماندەیی كەركوك.
سەرەتای ساڵی 2000 خولی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی تەواوكردووە و  چەند جارێك لەلایەن تیرۆریستانەوە كراوەتە ئامانج ‌و بریندار كراوە.
ساڵی 2006 كراوە بە فەرماندەی لیوای 10ی كەركوك و لە 2010 كراوەتە فەرماندەی لیوای یەك و ئەندامی لیژنەی ئەمنیی كەركوك بووە.
رۆڵێكی كاریگەرانەی بینیوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
بەداخەوە، رۆژی 30/1/ 2015 لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، شەهیدكرا.

ئاوات كۆكەیی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان