بۆچی هەولێر دوو عەلوەی هەیە؟

09:49 - 2023-01-30
ڕاپۆرت
465 جار خوێندراوەتەوە
عەلوە کۆنەکە لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


لەسەر رێگای نێوان هەولێر- موسڵ عەلوە کۆنەکەی هەولێر هەیە، لەسەدان دوكان كە بە سەدان كاسبكار و میوەفرۆش و جووتیار و كرێكار تێیدا كاری بازرگانیكردن و گواستنەوە و باركردن بۆ دەیان جۆر میوەو سەوزە دەکەن کە شوێنەكەی موڵكی حكومەتە، ئەم عەلوەیە، هاوکات كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت ماوەی چەند ساڵێكە لە نزیك عەلوە كۆنەكە، عەلوەیەكی گەورەی لەگەڵ چەند بەشێك بۆ پاراستنی سەوزەو میوەی كردۆتەوە، بەڵام ئێستا هیچ كاسبكار و دوكاندارێكی عەلوە كۆنەكە ئامادەنین كارەكانیان بۆ ئەو شوێنە تازەیە بگوازنەوە، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقانی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، كێشەكە چارەسەر كراوە ئێمە لە قۆناغی كۆتایی گواستنەوەی كاسبكارانی عەلوە كۆنەكەین بۆ عەلوە تازەكە، پێشتر هەندێك كێشەیان هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكانیان چارەسەركراو ئێستا رازین بەگواستنەوەیان.

هیچ كەس موڵكی خۆی هەرزان فرۆش ناكات
خەلیل عومەر، یەكێكە لە كاسبكارانی عەلوە كۆنەكەی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت: عەلوە تازەكە زەویەكەی بەرز و نزمی هەیە، ئۆتۆمبێل ناتوانێت بەئاسانی بچێتە ناویەوە، جگە لەوەش نرخی دوكان لەعەلوە كۆنەكەی ئێمە ئەگەر یەك ملیۆن دۆلار بێت، ئەوا لەوێ نرخەكەی سەدو پەنجا هەزار دۆلارە كە ئایا هیچ كەس هەیە موڵكی خۆی بەو شێوەیە هەرزان فرۆش بكات؟، حكومەتیش قەرەبووی ئەو كەسە ناكاتەوە، لە عەلوە كۆنەكە ساڵانە حكومەت 500 ملیۆن دینار لە كرێكەی دەستدەكەوێت، ساڵانە هەر دوكانێك كرێكەی 6 ملیۆن دینارە، بەڵام ئەگەر بچین بۆ عەلوە تازەکە، لەبەرئەوەی موڵكی كەرتی تایبەتە، خاوەنەكەی بە ئارەزووی خۆی پارەمان لێ دەسەنێت.

جووتیاران ناگوێزنەوە عەلوە تازەکە
ماوەیەك لەمەوبەر كێشەیەك لەنێوان كاسبكارانی عەلوە كۆنەكە و خاوەنی عەلوە تازەكە روودەدات، لەوبارەیەوە ئەو كاسبكارە وتیشی: كێشەكە لەسەر ئەوە لە نێوانمان دروستبوو، هەوڵیاندا گۆڕەپانی شووتی فرۆشتن لە عەلوە كۆنەكە دابخرێت و بچێتە عەلوە نوێیەكە، دواتر بڕیارەكە لەلایەن پارێزگای هەولێر و قائیمقامیەت رەتكرایەوە هۆكارەكەش ئەوەبوو ئەگەر گۆڕەپانی شووتی فرۆشیەكە رۆشتبایە ئەوێ، لەدوایدا دوكانەكانی سەوزە و میوەفرۆشتنیش دەبرانە ئەوێ.
وتیشی:  شوێنەكەمان هیچ كێشەیەكی نییە و لە هەموو روویەكەوە هی ئێمە باشترە لەتازەكە و تائێستاش حكومەت بەئێمەی نەوتووە شوێنەكەتان چۆڵ بكەن هەركاتێكیش وتی لێرە بڕۆن، ئەوا جێگایەكی ترت وەكو قەرەبوو پێدەدات كە لەوانەیە نزیكەی 2 هەزار كاسبكار لەعەلوەكە كاربكەن، هەندێك كاسبكاری ئێمە چوونە شوێنە تازەكە، بەڵام لەوێ ماوەیەك كاریان كردو زیانیان كردو هاتنەوە شوێنە كۆنەكەی خۆیان كە سەرەتا 30 تا 40 كاسبكار چونكە لەوێ بەخۆڕایی كاردەكەیت و كرێ نادەیت، بەڵام جێگاكەی بۆ كارەكەمان گونجاو نییە راستە لەوێ ئامێری گەورەی ساردكردنەوەی تازەیان داناوە، بەڵام دەبێت كرێ بدەین بۆ پاراستنی بەروبوومەكانمان، لێرەش ئەو ئامێرەمان هەیە لەگەڵ كۆگاو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، بەڕای من هیچ كێشەیەكی خزمەتگوزاریمان نییە و بڕیاریشم نەداوە بچمە عەلوە تازەكە، ئەو كەسەی هەستاوە بە دروستكردنی ویستویەتی بەو عەلوەیە قازانجێكی زۆر بكات.

گرێبەستمان تا ساڵی 2038 هەیە
عەبدوڵڵا مەنتك دوكانی لە عەلوە كۆنەکەی هەولێر هەیە، وتی: ئێمە لەگەڵ حكومەت گرێبەستمان هەیە تا ساڵی 2038  کە بەكرێ كاری تێدا بكەین، عەلوە كۆنەكە لەساڵی 2013 نۆژەنمانكرد و دروستکردنی عەلوە تازەکە لە 2011 دەستیپێكرد. لێرەدا هیچ كێشەیەكمان نییە و بچینە دەرەوە، دەكەوینە ژێر دەستی خەڵك، ئێمە پێمانوایە هەر كرێچی حكومەت بین باشترە نەوەك كرێچی كەرتی تایبەت، هەروەك لە عەلوە نوێیەكە كاركردن قورسە، چونكە جێگای ئۆتۆمبێلی بارو جووتیاری تێدانییە، لەسەر شێوازی ئەوروپی دروستكراوە، هەر كەسێك ئازادە بچێتە ئەوێ یان لەشوێنی خۆی بمێنێتەوە با دوو عەلوە لە هەولێر هەبێت.

پڕۆژەكەمان شكستی نەهێناوە
عەلوە نوێیەکە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتە لەساڵی 2012 دەست بەدروستكردنی كراو لەسەر رووبەری 200 دۆنم زەوی، بریتیە لە چوار بەش بەشێكی عەلوەی فرۆشتنی سەوزەو میوە، بەشی دووەمی كۆگای ساردكەرەوەیە و بەشی سێیەمی دروستكردنی خانووی سەوزە بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و بەشی چوارەمیش سەنتەری توێژینەوەیە بۆ پێشخستنی كاری جووتیارەكان.
بەدرەدین یوسف خاوەنی پڕۆژەی عەلوە نوێكەی هەولێرە، وتی: ئێمە لە دژی كاسبكارانی عەلوەی هەولێر یان بۆ كێبڕكێی ئەوان ئەو پڕۆژەیەمان دروستنەكردووە، ئەوان با كاری خۆیان بكەن و ئێمەش كاری خۆمان دەكەین، ئەگەر حكومەت بەكرێ بە ئەوانی داوە، كاری وەبەرهێنانیشی بە ئێمە داوە، هەوڵی خۆمان دەدەین وەكو پڕۆژەیەكی بازرگانی بازاڕی بۆ فەراهەم بكەین ئێستاش وا ئامێری ساردكەرەوە كار پێدەكەین و بەروبوومی تێدا عەمبار دەكەین، پڕۆژەكەمان وەك سەرای خۆراك وایە پڕۆژەكەمان شكستی نەهێناوە و رۆژانە بارمان بۆ دێت و بار دەنێرین و لە خانووە سەوزەكان بەرهەممان دێتە بازار و دەیانفرۆشین، وتیشی تەنها بەشێك لە دوكاندارەكانی عەلوەی كۆن ماون ئێمە سەركەوتوو نەبووین ئەوان بۆ هێنانە ناو پڕۆژەكەمان رازی بكەین، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بەرژەوەندیەكی هاوبەشە لەنێوان هەردوولامان، هەرچەندە شوێنەكەی ئێمە باشترە، بەڵام ئەگەر ئەوان بڕوایان بە شوێنەكەی ئێمە نەبێت چیبكەین.
سەبارەت بە زیان لێكەوتنی هەندێك كاسبكاری سەوزە ومیوە لە پڕۆژەكەیان، بەدرەدین یوسف وتی: وەكو هەر بازاڕێكی تر كەسێك دوكانێك دەكاتەوە و هەندێكجار قازانج دەكات و هەندێكجار زەرەمەند دەبێت كە بەشێكی زۆریان لێرە قازانجیان كردووە، ئێمە رێگە بە كرێكاری باردەدەین لە پڕۆژەكەمان كاربكات و ئەگەر كەسێك دوكانی سەوزە و میوە بكاتەوە دەبێت كرێكاری بارو عەرەبانە و قەپانیش بێنێت چۆن دەكرێت شتێكی لەو بابەتە قەدەغە بكەین.
سەبارەت بە گواستنەوەی گۆڕەپانی شووتی وتیشی: ئەو گۆڕەپانە هی ئێمە نییە، بەڵكو كەسێكی تر هەوڵیدا بیهێنێتە ناو عەلوە نوێیەکە، ئێمە تەنها هەوڵی هێنانی بازارەكە دەدەین بۆ ناو پڕۆژەكە و هیچ هێزێكی چەكداریمان نییە بە ناچاری كاسبكارەكان بهێنینە ناو پڕۆژەكە.

كاری وەبەرهێنانی خۆی دەكات
سەبارەت بە کێشەی نێوان ئەو دوو عەلوەیە، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر وتی: ئێمە ناتوانین بە ستەمكردن لە كاسبكارەكان بیانگوازینەوە بۆ عەلوە تازەكە، چونكە ئەوانیش گرێبەستیان هەیە لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە بەڕەزامەندی هەردوولا بێت و خاوەنی عەلوە نوێیەكە كارئاسانی بۆ ئەو خەڵكانە بكات كە لەوێ كاردەكەن، ئێمە وەكو حكومەت بەردەوام لەبەرەی خەڵك دەبین خاوەن پڕۆژەكەش وەكو هەر وەبەرهێنەرێك كارێكی خراپی نەكردووە و دەیەوێت كاری وەبەرهێنانی خۆی بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان