كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
ئەمڕۆ كە یادی سیوچوار ساڵەی ترسناكترین تاوانی سەدەی بیست تاوانی ئەنفال دەكەینەوە، وێڕای دانەواندنی سەری رێز بۆ رۆحی پاكی گشت ئەو مرۆڤانەی كە بە دڕندانەترین شێوە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا گوللەباران كران، یان لە برسێتی و تینوێتیدا لە سەحرا و زیندانەكاندا ژیانیان لێسەندرایەوە، لەم یادەدا وەبیر هەموولایەكی دەهێنینەوە، كە بەهۆی زۆر و زەوەندیی ئەو زیانە گیانی و ماڵی و مەعنەوییانەی كە بە خەڵك و ناوچەكانی كوردستان كەوت لەو تاوانەدا، سەرەڕای هەوڵەكانی سۆراغ و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنكراوان و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئاشكراكردنی ناسنامەی شەهیدەكان و هێنانەوەی رووفاتەكانیان بۆ كوردستان، بەڵام هێشتا لە ناساندنی تاوانی ئەنفال وەك جینۆسایدكردنی گەلی كورد لە ئاستی جیهانیدا و قەرەبووكردنەوەی زیاتری ئەوانەی لەو تاوانەدا رزگاریان بووە و هەروەها كەسوكاری قوربانییەكان و ئاوەدانكردنەوەی ئەو گوند و ناوچانەی بەهۆی پەلامارەكانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، نەگەیشتۆتە ئاستی رازیبوونی هەموو لایەكمان.
بۆیە لێرەدا جارێكی تر دووپاتیدەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەو هەوڵانەی بەردەوامە كە لەسەرەوە ئاماژەمانپێدا و هەروەها بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانێكی وەها بەرامبەر گەلەكەمان، لە نێوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەكاندا گشت توانایەكی خستۆتەگەڕ بۆ زامنی زیاتری پارێزگاریكردن لەو مافە دەستووریانەمان، كە جێبەجێكراون و كار و هەوڵی بەردەوام بۆ ئەوانەشی بەدینەهاتوون، ئەمانەش پێویستیان بە گفتوگۆ و زمانی دیالۆگی بەردەوامە، نەك موزایەدەی بێهوودە، كە ببنەهۆی هەڵچوون و دروستبوونی تەنگژەی وەها، كە ئاقارەكەی بەرەو كێشە و روودانەوەی كارەساتێكی تر بڕوات و بارگرانیی زیاتر لەسەر شانی گەلەكەمان دروست بكات.
هەر لەم یادە خەمناك و كارەساتبارەدا، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە هەموو هەوڵەكانمان بۆ ساڕێژكردنی یەكجارەكیی برینەكانی ئەنفال و لێكەوتەكانێتی.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان