بڕیاری جێبەجێکردنی ئەنفال

02:30 - 2022-04-18
ڕاپۆرت
683 جار خوێندراوەتەوە

دەقی بڕیاری س ف 4008:
20ی حوزەیرانی 1987


لە: فەرماندەیی مەکتەبی باکوورەوە
بۆ: فەرماندەیی فەیلەقی یەک، فەرماندەیی فەیلەقی دوو، فەرماندەیی فەیلەقی پێنج
بابەت: مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو گوندانەی کە لەبەر هۆکاری ئەمنیی قەدەغەکراون
لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەی کە دوا مۆڵەتی رەسمیی راگواستنی ئەم گوندانە لە 21ی حوزێرانی 1987دا کۆتایی دێت بڕیارماندا ئەم خاڵانەی خوارەوە لە 22ی حوزەیرانی 1987ەوە جێبەجێ بکرێن:
1.هەموو ئەو گوندانەی کە تێکدەران _بەکرێگیراوانی ئێران و خیانەتکارانی لەو چەشنەی دەرهەق بە عێراقیان تێدابێت لە بەرهۆکاری ئەمنی بە قەدەغەکراو دادەنرێن.
2.ئەم شوێنانە بە ناوچەی عەمەلیات دادەنرێن و بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ تیایاندا بە تەواوی قەدەغەیە و هێزە چەکدارەکان بێ هیچ بەربەستێک دەتوانن دەستیان لێبکەنەوە تاوەکو راسپاردەی تریان لەلایەن مەکتەبمانەوە بۆ دێت.
3.هاتووچۆکردن بۆ ئەم ناوچانە، هەروەها هەر چالاکییەکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و پیشەسازی قەدەغە دەبێت و بە چاکی لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە چاودێری دەکرێت.
4.فەرماندەیی فەیلەقەکان پەیڕەوی بۆردومانی کوێرانەی ئەو ناوچانە دەکەن و تۆپخانە و هەلیکۆپتەر و فڕۆکە هەموو کاتێک بە شەو و بە رۆژ بەکاردێنن، بۆ ئەوەی گەورەترین ژمارەی ئەو کەسانە بکوژن کە لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندان و ئێمەش لە ئەنجامەکانی ئاگادار بکەنەوە. (لێرەدا جەختی لەسەر کراوە).
5.هەموو ئەو کەسانەی لەو گوندانەدا دەگیرێن دەبێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ئەوانی تەمەنیان لەنێوان 15-70 ساڵدایە پێویستە ئیعدام بکرێن پاش ئەوەی زانیاریی بەکەڵکیان لێوەردەگیرێت و لەکاتی خۆیدا ئاگادار بکرێنەوە (جەختی لەسەر کراوە).
6.ئەوانەی تەسلیم بە دەسەڵاتە حکوومی و حزبیەکان دەبنەوە لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بۆ ماوەی ئەوپەڕەکەی سێ رۆژ کە دەکرێ درێژبکرێتەوە بۆ دە رۆژ ئەگەر پێویستی کرد، بەمەرجێ لەهەموو حاڵەتەکان ئاگادارمان بکەنەوە. ئەگەر لێکۆڵینەوەکە پێویستی بە ماوەیەکی زۆرتر بوو پێویستە بە تەلەفۆن یان بروسکە رەزامەندیی ئێمە یان هەڤاڵ گاهر توفیق العانی وەربگیرێت.
7.هەموو شتێک کە لەلایەن موستەشارەکان و فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆ خۆیان دەبێت جگە لە چەکی قورس و دابەستراو و مامناوەندی. ئەوان دەتوانن چەکە سووکەکان بۆ خۆیان گلبدەنەوە بە مەرجێ تەنها ئاگاداری ژمارەی ئەو چەکانەمان بکەنەوە. فەرماندەی فەیلەقەکان دەبێ بە خێرایی تەواوی موستەشارەکان و فەرماندەی یەکەکان ئاگاداربکەنەوە و زانیاریی تەواومان بدەنێ سەبارەت بە چالاکییان لەنێو فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانیدا (لێرەدا جەختی لەسەر کراوە).
8.بۆ زانیاریتان و دەستبەکاربوون لە ناوچەی دەسەڵاتتاندا، ئاگادارمان بکەنەوە.

 

ئیمزا
هەڤاڵ
علی حسن المجید
ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمایەتی
سکرتێری گشتیی مەکتەبی باکوور

وێنەی بۆ:
_ سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانان.
_ سەرۆکی ئەنجومەنی راپەڕاندن.
_ دەزگای ئەمنی حزب.
_ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا.
_ پارێزگارەکان (سەرۆکی لیژنە ئەمنیەکانی)ی نەینەوا، التامیم،
دیالە ، سەڵاحەدین، سلێمانی، هەولێر، دهۆک.
_ ئەمیندارێتی لقەکانی (حزبی بەعس)ی ئەو پارێزگایانەی لەسەرەوە ناوبراون.
_ بەڕێوەبەرێتیی گشتی ئیستیخباراتی سەربازی.
_ بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ئاسایش (ئەمن).
_ بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.
_دەزگای ئیستیخباراتی ناوچەی باکوور.
_ دەزگای ئیستیخباراتی ناوچەی رۆژهەڵات.
_ بەڕێوەبەرەکانی ئاسایشی پارێزگاکانی: نەینەوا، التامیم، دیالە،
سەڵاحەدین، سلێمانی، هەولێر، دهۆک.


سەرچاوە:
راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ- و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق- چاپی سێیەم 2013 ل 146-149

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان