•ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش (ئە س ش):
•بەرزترین دەسەڵاتی رەسمییە لە عیراقدا و سەرۆک سەددام حوسێن خۆی سەرۆکایەتی دەکات. لە کاتێکدا کە سەددام خۆی بە شەخسی سەرەوکاری لایەنە عەمەلیاتیەکانی ئەنفالی دەکرد لە رێگای دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، بەڵام دەسەڵاتی باڵای مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری کورددا لەنێوان ساڵانی 1987و 1989دا درابووە دەست علی حسن المجیدی ئامۆزای.
•حزبی بەعسی عەرەبیی سۆشیالیست:
ئەنفال پرۆسەیەکی حزبی بەعس بوو بە سەرپەرشتیی مەکتەبی باکووری حزب، لەرووی ئیداریشەوە لەلایەن فەرماندەیی مەکتەبی باکوور و کۆمیتەی کارووباری باکووری سەر بە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە رایی دەکرا. بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە 29ی ئازاری 1987دا، دەسەڵاتێکی نائاسایی درا بە علی حسن المجیدی سکرتێری گشتیی مەکتەبی باکوور کەوا دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم دەزگاکانی دەوڵەتی، حزبی، سەربازی و ئەمنیدا دەشکا. ئەو کەسەش کە وا لەگەڵ ئەلمەجیددا لەسەر بڕیارەکانی فەرماندەیی مەکتەبی باکور ئیمزای دەکرد طاهر توفیق العاني بوو، کە سکرتێری لیژنەی کاروباری باکووری سەر بە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بوو، جێگری سکرتێری گشتیی فەرماندەیی مەکتەبی باکووریش راچی حسن سلیمان بوو.
ئەمانەی لای خوارەوەش ئەو دەزگا سەرەکییانەی تر بوون کە لە ئەنفالدا لەژێر فەرماندەیی ئەلمەجیددا کاریان دەکرد:
•سوپای عیراق و هێزی ئاسمانی (بە یەکەکانی کۆماندۆ، هێزی تایبەت، ئەندازیاری و یەکەکانی چەکی کیمیاییەوە):
تەواوی عەمەلیاتی مەیدانیی شەڕ، گوند سوتاندن و وێرانکردنیان، گواستنەوەی بەکۆمەڵی گیراوەکان، هەمووی لە ئەستۆیاندا بوو. وەزیری بەرگری عیراق لەکاتی ئەنفالدا فەریق روکن عدنان خیرالله بوو (دواتر لەناوچوو). سەرۆک ئەرکانی سوپا لیوا روکن نزار عبدالکریم الخزرجی بوو. زۆربەی عەمەلیاتی ئەنفال لەلایەن فەیلەقی یەک، کەوا بارەگای لە کەرکووک بوو فەرماندەکەشی فەریق روکن سوڵتان هاشم بوو، لەگەڵ فەیلەقی پێنج کە بارەگای لە هەولێر بوو فەرماندەکەشی لیوا روکن یونس محەمەد الذرب بوو جێبەجێکرا. هەروەها فەریق روکن هاشم فەرماندەی مەیدانی عەمەلیاتی ئەنفالی یەکەم بوو. لیوا روکن ایاد خلیل زکی و لیوا روکن بارق عبدالله الحاج حنطە، بەدوای یەکدا فەرماندەیی ئەنفالی دوو و سێیان کردووە، بەڵام فەرماندەی مەیدانی ئەنفالەکانی تر نەناسراون.
•گاردی کۆماری: هەڵبژاردەی شەڕکەری عەمەلیاتەکان بوون لەکاتی ئەنفالی یەک و دوودا.
•بەڕێوبەرێتی گشتی هەواڵگری سەربازی (مدیریة الاستخبارات العسکریة العامة):
سەرپەرشتیکردنی شوێنە سەرەتاییەکانی کۆکردنەوەی خەڵک وەک قەڵاکانی قۆرەتوو و نزارکێ، هەندێ لێکۆڵینەوە، ئەو کاروبارانەی پەیوەندییان بە سەربازی راکردو و موتەخەلیفەوە هەبوو، فەرماندەی مەیدانی جاشەکان. دووان لە فەرماندەییە ناوچەییەکانی ئیستخبارات رۆڵی سەرەکییان لە ئەنفالدا هەبوو: فەرماندەی کەرتی ئیستیخباراتی رۆژهەڵات خالد محمد عباس بوو، فەرماندەی کەرتی ئیستیخباراتی باکوور فرحان مطلک صالح بوو.
•بەڕێوەبەرێتی ئاسایشی گشتی (مدیریة الامن العامة) (بە یەکە تایبەتییەکانی ئەمنە کوردەکانەوە کە بە مفارز خاصە دەناسران):
کۆکردنەوەی زنیاری لەسەر حاڵەت بە حاڵەت و چاودێریکردنی دانیشتوان. لێکۆڵینەوە لەگەڵ گیراوەکانی تۆپزاوا و کەمپە بەندینخانەکانی تر، سەرپەرشتیکردنی هەواڵدەران، گەڕان بەدوای ئەوانەدا کە دەرباز بوون و ئەوانەش کە داڵدەیان دابوون و دەستگیرکردنیان، چاودێریکردنی کۆمەڵگاکانی بەڕیوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان عبدالرحمن عزیز حسین بوو.
•هێزەکانی کتوپڕی (قوات الطواریء):
ئەم یەکانە لەژێر فەرماندەیی حزبی بەعسدا بوون و بریتی بوون لە جاش و ئەمن و پۆلیس و بەرپرس بوون لە زانیاری ناو شارەکان، دژە تیرۆر و سەرپەرشتی شوێنە سەرەتاییەکانی بەندکردن وەک بنکەی تەواریی لەشاری سلێمانی و رەنگە سەرپەرشتی شوێنانی تریشیان کردبێت.
•فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی (جحافل الدفاع الوطني) یان جاش:
رۆڵی یارمەتیدەریان بوو لە شەڕ و عەمەلیاتەکاندا، پاکۆدان و بەدەستەوەدانی خەڵکەکە، پاسەوانیکردن لە سەنتەرەکانی کۆکردنەوەی خەڵکدا.
•سوپای میللی (الجیش الشعبي):
کار و فەرمانیان پاسەوانی بوو لە شوێن و سەربازگەکانی بەندکردنی خەڵکەکەدا (وەک تۆپزاوا، دوبز..تاد).
•لیژنەکان:
چەند دەستە و گروپێک بەرپرس بوون لە هەندێ لایەنی جیاجیای پرۆسەی ئەنفال و لەماوەی 1987-1989دا هاوشانی پەلامارەکانی دژە کورد بوو بە عادەت ئەم گروپانە هەمیشە لێپرسراوێکی حیزبی بەعس سەرۆکایەتی دەکردن و زۆربەشیان نوێنەرانی ئەمن و فەیلەقەکانی یەک و پێنجی سوپا و ئیستخبارات و پۆلیسی عیراق و دەسەڵاتە مەدەنییەکانیان تێدابوو. ئەوانەی کە زۆر بەچاو بوون، ئەم لیژنە و دەزگایانەی خوارەوەن:
_ لیژنەی پێشوازیکردنی گەڕاوەکان (لجنة استقبال العائدین):
بەرپرس بوو لەوانەی «دەگەڕانەوە بۆ ناو ریزی نیشتمانی» بەپێی لێبووردنی گشتی، لەنێوان 6ی ئەیلوول و 9ی تشرینی یەکەمی 1988دا و لێبووردنەکانی تریش.
_ لیژنەی ئەمنی (اللجنة الامنیة) و لیژنەی بەگژداچوونەوەی چالاکیی دوژمنکارانە (لجنة مکافحة النشاط المعادي):
ئەمانە بۆ بەگژداچوونەوەی پێشمەرگە رێکخرابوون لە ئاستی پارێزگا و ناوچەکاندا و ژمارەیەک لیژنە پەیوەست بوون بەم جۆرە کارانەوە وەک چاودێریی ئابڵوقەی ئابووریی « ناوچە قەدەغە کراوەکان» و کۆنترۆڵی بەقاچاغ بردنی خواردن.
_ لیژنەی بەدواداچوون (لجنة المتابعة):
بەرپرس بوو لە مسۆگەرکردنی ملکەچی ئەوانەی بەپێی یاسا دەگەڕانەوە، راونانی هەڵاتووەکان و توندکردنەوەی جڵەوی پەلامارەکە.
بێجگە لەوانەش، ژمارەیەک وەزارەتی مەدەنی رۆڵی پاڵپشتییان لە ئەنفالدا هەبوو، بۆ نموونە وەزارەتی کشتوکاڵ بەروبوومی بەجێماوی ساڵی 1988ی دوورییەوە بۆ خۆی بردی. وەزارەتی دارایی ماڵ و سامانی «تێکدەرانی» داگیرکرد چاودێری و سەرپەرشتیی کاولکردنی خانووەکانی دەکرد. لەهەمانکاتیشدا بانکی خانووبەرەی دەوڵەتیش قەرزی بۆ نیشتەجێبوونەوەی لەناو کۆمەڵگاکاندا رێکدەخست.
سەرچاوە: راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ- و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق- چاپی سێیەم 2013 ل 455-458