تۆمارە دەنگییەکانی عەلی کیمیایی
ئەمانەی خوارەوە چەند تێبینییەکی هەڵبژاردەی علی حسن المجیدی سکرتێری گشتی مەکتەبی باکووری حزبی بەعسە، لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی پایەبەرزی حزبی بەعسدا، ساڵانی 1988 و 1989. کاسێتی زیاتر لە دە دوانزەیەکی ئەم کۆبوونەوانە لەنێو دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق و ماڵەکەی ئەلمەجیدا لە کەرکوک، لە کاتی راپەڕینە شکستخواردووەکەی کورد، لە ئازاری 1991دا دۆزرانەوە.
یەکەم تۆماری دەنگی
کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی باکوور و پارێزگارەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عیراق لە 15ی نیسانی 1988دا:
هاوینی داهاتوو نابێ هیچ گوندێک لێرە و لەوێ مابێتەوە، کۆمەڵگەکانی لێبەدەر، دەبێ رێک وەکو مریشکە بەکڕی لێبێت کاتێ جووجکەکان دەخاتە ژێر باڵیەوە. ئێمە دەبێ ئەو خەڵکە بخەینە کۆمەڵگاکانەوە و چاویشمان لەسەریان بێت، چیتر نایەڵین لە گوندەکاندا بژین و تێکدەران بتوانن سەریان لێبدەن، کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار کارێکی پێویستە لە باکوری عیراقدا. لە ئێستا بەدواوە من ئارد، شەکر، نەوت، ئاو، کارەبا نادەم بەو گوندنشینانەی لەوێ بژین. با لە من نزیک ببنەوە و گوێم لێبگرن، منیش بتوانم ئەو شتانەیان بۆ باس بکەم کە بڕوام پێیانە و پێویستن بۆ ئایدیۆلۆژی و فێرکردن و حوکمدانی دروست لەسەر مەسەلەکان. بۆ چی رێگەیان بدەم لەوێ وەک کەر بژین و هیچ شتێک نەزانن؟ بۆ گەنم؟ من گەنمی ئەوانم ناوێ، ئێمە ئەو بیست ساڵە گەنم لە دەرەوە دەهێنین با پێنج ساڵی تریشی لەسەربێ.
من ئەو ناوچە گەورە و بەرینانە قەدەغە دەکەم و نایەڵم کەسیان تێدا بمێنێت، گوایە چییە ئەگەر ئێمە تەواوی ئەو حەوزە قەدەغە بکەین، لە قەرەداغەوە بۆ کفری بۆ دیالە بۆ دەربەندیخان بۆ سلێمانی؟ ئاخر ئەم حەوزە کوێی چاکە؟ ئێمە تا ئێستا چیمان لێ دەستکەوتووە؟ ئێوە تێفکرێن چەندمان خەرجکردووە و لەدەستمان چووە لەسەر ئەم ناوچانە.
لەناو ئەو خەڵکەدا چەند هاووڵاتی باش هەن و چەندیشیان خراپ تێدایە؟ باشە چ شتێک هەڵە بوو؟ چی روویدا؟ سی، بیست، بیست و پێنج ساڵ چالاکی تێکدەر، بیری لێبکەنەوە ئێمە چەند شەهیدمان داوە!.. ئێستا وایلێهاتووە تۆ هیچ کاتێک ناتوانی لە کەرکوکەوە بچی بۆ هەولێر بێ ئوتومبیلێکی زرێپۆش. سەرانسەر ئەم حەوزە لە کۆیسنجەقەوە بۆ ئێرە (کەرکوک).. من چۆڵیدەکەم، من تا گوێر و موسڵ چۆڵیدەکەم. یەک مرۆڤی تێدا نامێنێ تەنها رێگاوبانە سەرەکییەکان نەبێت. تا پێنج ساڵی تر نایەڵم یەک بنیادەم پێ بخاتە ئەوێوە.
من کشتوکاڵیانم ناوێ، تەماتەم ناوێ، بامێ و خەیارم ناوێ، ئێمە ئەگەر بەم شێوەیە کارنەکەین چالاکی تێکدەران هەرگیز کۆتایی نایەت، تا یەک ملیۆن ساڵی تریش. ئەمە هەموو تێبینییەکانی من بوو، پشت بە خوا ئێمە زۆر بە زوویی لەناویان دەبەین لە ئێستاوە مانگێک زیاتر نابات و لە هاویندا هیچ شتێک نەماوەتەوە.
دووەم تۆماری دەنگی
کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی باکوور و بەرپرسانی بارەگاکانی حزبی بەعس لە پارێزگاکانی باکووردا. کاسێتەکە بەرواری 26ی مایسی 1988ی لەسەرە، بەڵام بەپێی قسەکان و بەراوردکاری لەوە دەچێ هی ساڵی 1987 بێت
(وەڵامدانەوەی پرسیارێک لەبارەی سەرکەوتنی پەلاماری راگواستنەوە) تێکدەران تەماشای فەرمان و راسپاردەکان دەکەن. فەرمانەکان ئەو گوڕ و هێزەیان تێدا نییە. ئەوانی پێشوو سەد ئەوەندە بەهێزتر بوون، بەڵام لەگەڵ قەناعەت و بڕوای ئەوانەدا کە جێبەجێیان دەکرد یەکیان نە دەگرتەوە. ئێستا ئەو بڕوایە هەیە، ئێمە وتمان لەو بەروارەدا دەستدەکەین بە جێبەجێکردنی پەلاماری راگواستن و بە پشتیوانی خوا لە هەموو شوێنێک کردمان، لەهەمان رۆژدا (لە 1987) دا ئەوان بۆ تۆڵەکردنەوە قەرەداخیان گرت.
جەلال تاڵەبانی داوای لێکردم کەناڵێکی پەیوەندیی تایبەتیی لەگەڵدا بکەمەوە و ئەو ئێوارەیە من چووم بۆ سلێمانی و بە چەک و کەرەستەی تایبەت لێمدان. ئەوە وەڵامی من بوو، ئەوجا ئێمە هەر بەردەوام بووین لەسەر راگوێزان. من بە مستەشارەکانم راگەیاند کە وا رەنگە بڵێن ئێمە گوندەکانی خۆمان خۆش گەرەکە و نامانەوێ بەجێیان بێڵین. وتم، من ناتوانم لە گوندەکەت بگەڕێم لە شوێنی خۆی بمێنێ، چونکە بە چەکی کیمیایی لێیدەدەم و ئەو کاتە خۆت و خێزانت تیا دەچن. دەبێ هەر ئێستا جێی بێڵیت، چونکە من ناتوانم لە هەمان رۆژدا پێت بڵێم دەمەوێت بە چەکی کیمیایی هێرش بکەم. من هەر هەموویان بە چەکی کیمیایی تاقبڕ دەکەم! بزانم کێ قسە دەکات؟ کۆمەڵی نێودەوڵەتی؟ لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەم و لەوانەش گوێیان لێدەگرن! تەنانەت ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێرانیشدا بوەستێ و ئێرانیەکان لە تەواوی ئەو شوێنانە بکشێنەوە کە داگیریان کردووە، من هەر دانوستان لەگەڵ ئەودا ناکەم (واتە تاڵەبانی) و راگواستن ناوەستێنم. ئەمە نیازی منە و دەمەوێ بە چاکی ئاگاداری بن. هەر کاتێکیش لە راگواستن بووینەوە لەهەموو شوێنێک دەستدەکەین بە پەلاماردانیان و بەپێی نەخشە و پلانێکی داڕێژراوی سەربازی پێگە و سەنگەرەکانیان دەکوتین، لەو هێرشانەدا سێ یەک یان نیوەی ئەو شوێنانە دەگێڕینەوە کە لەژێر دەسەڵاتیاندایە، ئەگەر توانیمان دوو لەسەر سێی شوێنەکانیان لێ بگرینەوە ئەوە لە قوژبنێکی بچووکدا گەمارۆیان دەدەین و بە چکی کیمیایی دایاندەگرینەوە. من تەنیا رۆژێک بە کیمیایی لێیان نادەم بەڵکو بەردەوام ماوەی پانزە رۆژ بە چەکی کیمیایی دەیانکوتم، دوای ئەوە رایدەگەیەنم کە هەرکەسێک دەیەوێ بە چەکەکەیەوە خۆی بداتە دەستەوە رێگەی پێدەدرێت. ئەوکاتە من یەک ملیۆن لەم پارچە کاغەزانە چاپ دەکەم و لە باکووردا بە کوردی سۆرانی، بادینانی، عەرەبی بڵاویدەکەمەوە.
من ناڵێم ئەمە لەلایەن حکومەتی عیراقەوەیە و نایەڵم حکومەت تێکەڵی کارەکە ببێت. من دەڵێم ئەمە لێرەوەیە (واتە مەکتەبی باکوور).
عەلی حەسەن مەجید:
من بە مستەشارەکانم راگەیاند کە وا رەنگە بڵێن ئێمە گوندەکانی خۆمان خۆش گەرەکە و نامانەوێ بەجێیان بێڵین. وتم، من ناتوانم لە گوندەکەت بگەڕێم لە شوێنی خۆی بمێنێ، چونکە بە چەکی کیمیایی لێیدەدەم و ئەو کاتە خۆت و خێزانت تیا دەچن
سێیەم تۆماری دەنگی
کۆبوونەوەی مەکتەبی باکوور بۆ پێداچوونەوەی پەلامارەکانی ساڵانی 1987 و 1988. نەوارەکە بەرواری لەسەر نییە بەڵام لەناو کۆمەڵێکدایە بە بەرواری 21 و 22ی کانوونی دووەمی 1989
ترسناکترین قۆناغی هەڕەشەکردن لە عیراق، لەنێوان ئابی 1987 و نیسانی 1988دا بوو. بارودۆخێکی زۆر خەتەرناک بوو، ئێمە لە 18ی شوباتەوە تا 4ی ئەیلولی 1988لەبەرەی سەربازیدا کارێکی جدیمان دەست پێکردبوو، تەواوی فەرماندە یەک لەدوای یەکەکانی فەیلەقی یەک و فەیلەقی پێنج: فەریق نزار (الخزرجي) و سوڵتان هاشمی فەیلەقی یەک و طالع الدوري و شەهید محەمەد الحدیثي و نعمە فارس و ئەیادی فەیلەقی پێنج.. هەموو ئەو پیاوانەی کە ناوم هێنان لەو فەرماندانەن کە وا لە پلەی مولازمییەوە لە باکووری عیراقدا حزمەتیان کردووە، یەکەم کەس لەناو ئەمانەدا کە هاتبێتە حزبی بەعسەوە طالع الدوري بوو.
کاتێ کە بڕیارماندا گوندەکان بڕوخێنین و کۆیان بکەینەوە و هێڵی جیاکەرەوەمان بۆ کێشا (ئەوەی کە بە هێڵی سوور ناودەبرێت) لەنێوان ئێمە و تێکدەراندا، یەکەم کەس کە دوودڵی و گومانی بۆ من دەربڕی لەبەردەم سەرۆکدا طالع الدوري بوو، یەکەم کەس کە ئاگاداری کردمەوە طالع الدوري بوو، تا ئەمڕۆش کاریگەری طالع بە ئاشکرا دیارە.
هەموو ئەو گوندانەی نەڕووخاند کە من داوام لێکردبوو، بەلای خۆشیەوە کۆنترین ئەندامی حزبی بەعسە، ئەی کە وابوو دەبێ خەڵکیتر چۆن بن؟ چۆن قەناعەتمان پێ بکردنایە کە کێشەی کورد چارەسەر دەکەین و تێکدەرانیش لەناو دەبەین؟
بەمجۆرە بە تەلەفزیۆن کەوتینە پیشاندانی (ئەو تێکدەرانەی) خۆیان بەدەستەوە دابوو، بۆ ئەم فەرماندە پایەبەرزانە. باشە دەکرا من ئەمانە هەر وا بە سەلامەتی بهێڵمەوە؟ ئەی کەواتە چیم لەم بزنانە بکردایە؟ من پەیامێکم لە پیاوە مەزنەکەوە، لە باوکەوە (واتە سەددام حسێن) پێگەیشت و پێم رادەگەیەنێت چاوت لە خێزانی تێکدەرەکان بێت و ئەمە و ئەوە. فەرماندەی گشتیی ئەمەی بۆ ناردم و منیش نامەکەم خستە سەر سەرم، بەڵام چاوم لەمانەوە بێت؟ نەخێر من بە بلدۆزەر دەیانکەمە ژێر خۆڵەوە. بۆ ئەوەی دوایی داوای ناوی هەموو گیراوەکانم لێبکەن بۆ بڵاوکردنەوەیان؟ منیش وتم: باشە ئێوە قەناعەتتان نییە بەوەی کە وا لەسەر تەلەفزیۆن بینیوتانن و لە رۆژنامەدا خوێندوتانەوە؟ ئەی من ئەم خەڵکە لە ئەژمار نەهاتووە لە کوێ دابنێم؟ بۆیە کەوتمە دابەشکردنیان بەسەر پارێزگاکاندا، ئەوکاتەش دەبوو بلدۆزەرەکان بەملا و بەولادا بڵاوە پێبکەم ...
سەرچاوە: راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ- و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق- چاپی سێیەم 2013 ل 446-454.