قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە میانەی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا لەگەڵ موسەننا سامەڕایی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کۆبۆوە و دۆخی سیاسی عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە رێکەوتنی گشتگیر لەسەر بنەمای دەستوور لەنێوان هەولێر و بەغدا، کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستان بێت.
هەردوولا هاوڕابوون حکومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی دەرفەتی پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لەوانەش ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، داواکاریی سەرەکی هەموو خەڵکی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە، هەربۆیە پێویستە لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتی عیراق پشتگیری زیاتری حکومەت بکەن، تاکو بتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی هاووڵاتیان بداتەوە.
کوردسات نیوز