لە بەیاننامەیەكدا كۆمپانیای فڕۆكەوانیی میسر دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ روسیا راگەیاند و رۆژانە گەشتێك رێكدەخات.
كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە: لە سبەینێ هەینییەوە گەشتی ئاسمانی نێوان قاهیرە و مۆسكۆ دەستپێدەكاتەوە و گەشتەكەش بە فڕۆكەی بۆینگ 800-B737 دەبێت.
لای خۆشیەوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر یاسایەكی دەركردووە، كە رێگە بە وەزیری دارایی وڵاتەكەی دەدات، سەرپەرشتیی گەرەنتی فڕۆكەكانی كۆمپانیای فڕۆكەوانیی میسر بكات لە دژی هەر مەترسییەكی جەنگ یان رفاندن و هەر رووداوێكی دیكە.
جێی ئاماژەیە، كۆمپانیای فڕۆكەوانیی میسر لە سەرەتای مانگی رابردوودا، بەهۆی كێشە لە گەرەنتیی فڕۆكەكانیدا، گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ روسیا هەڵپەسارد.