د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا و وەفدی هاوڕێی و جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیری لەڕێگەی چارەسەری ئاشتیانە و وتووێژی بنیاتنەرانەوە.
لەدیدارێكدا، سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی روسیا، باسیان لە چۆنێتی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ئاسۆی هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی هەماهەنگی و راوێژ سەبارەت بەو بابەتانەی كە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكە و جیهاندا، كرد. سەرۆك كۆمار هەڵوێستەكانی روسیا بۆ پشتیوانی لە عیراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەی، بەرزنرخاند. جەختیشیكردەوە كە پاڵپشتیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ حكومەت بەهێزە لە هەوڵەكانیدا بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشخستنی دۆخی خزمەتگوزاری.
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ پێگەی عیراقی بە گرنگ دانا كە داوای گفتوگۆ و دووركەوتنەوە دەكات لە قەیران و هەروەها گرنگیدان بە بژاردەكانی ئاشتی، پاڵپشتی وڵاتەكەشی بۆ عیراق دووپاتكردەوە لە چوارچێوەی هاریكارییەكان و سەرپێخستنەوەی ژێرخانی وڵاتەكەی.
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران
هەر دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دكتۆر مەهدی سەفەری یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد كازم باڵیۆزی ئێران.
لەدیدارێكدا، سەرۆك كۆمار پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەپێویستیی بەهێزتركردنیان كرد لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی و رۆشنبیرییدا. رۆڵی ئێرانیشی لە پشتیوانیكردن لە عیراق بەرزنرخاند.
لای خۆیەوە، مەهدی سەفەری، ویستی گەل و حكومەتی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی هاریكاریی بونیادنەر لەگەڵ عیراق لە گشت بوارەكاندا، دووپاتكردەوە. راشیگەیاند: لیژنەیەكی ئابووریی هاوبەش لە هەردوو وڵات دەستبەكاردەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەموو پرسە هاوبەشەكان.