کۆیە سیتی پڕۆژەیەکی لەبیرکراو

09:59 - 2023-02-07
ڕاپۆرت
394 جار خوێندراوەتەوە
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیە سیتی

پ.د.وەلی مەحمود حەمەد

زیاتر لە (12) ساڵ لەمەوبەر، چەند کەرەڤانێک و چەند ئامێرو شۆفڵێک و هەندێک تابلۆ لە دەروازەی کۆیە لە نزیک مەڕبێن قەدیشە و بازگەی تۆپزاوا دانرا. لەناو شار و ماڵاندا بە بانگەواز و فلێکس دەستکرا بە پڕوپاگەندە بۆ دانانی بەردی بناغەی زیاتر لە (300) خانوو لە دەروازەی شار. 
ئێمەش بەدواداچوونمان کرد تا بزانین ئەو کەمپە چییە و کێ دروستی دەکات؟ وامان دەزانی ئەگەر لەوێ خانوو و ماڵمان هەبێت ئیتر نزیکترین لە زێدی باب و باپیرانمان و رۆژانە لە ئاقاری ئیلنجاغ و کۆمپانیای نەوتی شیواشۆکدا دەبین.
پاشان زانیمان کۆمپانیای چاودێر کارەکەی وەرگرتووە و دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر سەرپەرشتی و رەزامەندیی پێدابوو. 

سەدان گرێبەست و یەک ئەندازیار
خەڵکێکی زۆری خزم و ناسیاومان ناوی خۆیان لەو کەمپە تۆمار کردبوو، پارەیان دابوو، هانیانداین ئێمەش خانوویەک بکڕین. ئەوەندەی ئاگاداربم خەڵکێکی زۆری کۆیە ناویان تۆمارکرد و گرێبەستیان ئیمزاکرد.
 کاری پڕۆژەکە دەستیپێکرد ئەوەی سەرنجم دەدا، چونکە شوێنەکە بەرزی و نزمی تێدابوو، ماوەیەکی زۆر هەر خەریکی بڕین و هەڵکۆڵین بوون، بیرم بێت قوربانیشی لێ کەوتەوە. بە هەرحاڵ دەستکرا بە بناغەلێدان و کارکردن سەرەتا هەندێک کار کرا، بەڵام لەپڕ هەواڵێک بەناو شاردا بڵاوبۆوە گوایە بەڵێندەرەکە لەبەر هەندێک کێشە و گرفتی دارایی خۆی کوشتووە. 
سەرەتا خەڵکەکە لە بانکی رافیدەین بە هەژمارێکی بانکیی کۆمپانیا پارەی پێشەکی و قیستەکانمان دەدا، خانووەکان چیمەنتۆ دەکران پرسیم دەرکەوت: یەک ئەندازیار لە کۆیە راسپێردرابوو سەرپەرشتی لایەنی ئەندازیاری بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرپەرشتی کامپەکانی تری ناوشار، ناوداران و سەیران ستیشی دەکرد. من پرسیارم لێکرد بۆچی تەنیا  یەک ئەندازیار راسپێردراوە لە کاتێکدا سەرپەرشتی سێ پڕۆژە بکات، وتی وەڵڵا وام پێڕاسپێردراوە، هەر بەڕاستیش بە هەموو وردەکارییەک راناگەم. منیش سەردانی بەرپرسانی شاری کۆیەم کرد و ئەو بابەتەم گەیاند و داوامکرد شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و... هتد ژمارەیەک ئەندازیارمان هەیە بۆچی کارێکی واناکەن، ژمارەیەک ئەندازیاری زیاتر رابسپێرن و سەرپەرشتییەکی باشتری ئەم پڕۆژانە بکەن؟ بەداخەوە لە وەڵامدا وتیان ئەوە پەیوەندیی بەوانەوە نییە و وەبەرهێنان ئەو کارە دەکات.

قیستەکان لە بانکەوە بۆ ئۆفیسی کۆمپانیا
زۆرم نەزیرۆکە بۆ هێنانەوە کە ئەوان بەرپرسی شارەکەن و ئەو خانوانە لەم شارە دروست دەکرێن و دانیشتوانی قەزاکە پارەکانیان لێرە خەرج دەکەن، پێویستە چاکتر و گەرموگوڕتر بەدەم ئەم کارە و ئەم داوایەمانەوە بچن، بەڵام بێسوود بوو. ئاگادارکراینەوە ئیتر پارە و قیستی مانگانەکە لە ئۆفیسی کۆمپانیا بدەین، تایتڵی پسووڵەی پارە وەرگرتنەکە و ناوی کۆمپانیاکە  گۆڕا.
 بەهەرحاڵ کارکردن بەردەوام بوو، بەڵام زۆر گەرم نەبوو، ناوبەناو دەوەستا و دەستیپێدەکردەوە. دوای سۆراخێکی زۆر لەبارەی پڕۆژەکە و رۆڵی بەرپرسانی شارەکە، نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک. لەوەش سەیرتر نەماندەزانی هۆکارەکانی وەستانی پڕۆژەکە چی بوو، سەرەڕای ئەوەش هەر پارە لە خەڵکەکە وەردەگیرا. 
ئێمە بێئاگابووین لەوەی پڕۆژەکە کەوتۆتە دەستی بەڵێندەری سێیەمەوە. وەک ئەو زانیارییەی ساڵی 2022 پێماندراوە، گوایە (بەڵێندەری سێیەم) هیچ بەراییەک و گرێبەستێکی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانیشدا نییە.

گلەیی لە بەرپرسانی کۆیە 
بۆیە گلەییەکەم لە بەرپرسانی کۆیە ئەوەیە، ئەگەر خۆیان بکردایە بە چاودێر و خەمخۆری خەڵکەکە و پڕۆژەکە، ئەوا لانیکەم دەیانزانی ئەو بابەتە چییە و بواری ئەو پاشاگەردانییەیان نەدەدا تا کار گەیشتۆتە ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە کارکردن لە کەمپەکە بە تەواوی وەستێنراوە و لەوە دەچێت بەڵێندەری سێیەم وەک دەوترێت هیچ بەراییەکی نەبووە! بە نایاسایی و بەبێ ماف پارەی لە خەڵک وەرگرتبێت و هیچ کەسیش خۆی ناکاتە خاوەن و خەمخۆری چارەسەری ئەم بابەتە. 
لانیکەم ئێمە تائێستا نەمانبیستووە لەسەر ئەو بابەتە سزاو لێپێچینەوە لەگەڵ کەسدا کرابێت. 
من لێرەوە ئەم بابەتە دەوروژێنم و دەیخەمە بەرچاوی بەرپرسانی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان و پەرلەمانتارانی نوێنەری کۆیە و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و  داوایان لێ دەکەم خەمخۆرانە بێنە ناو بابەتەکەوە و چارەسەرێک بۆ چارەنووسی ئەم کەمپە و پارەی بەفیڕۆچووی ئەو خەڵکە بدۆزنەوە. لەکاتێکدا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و شارو شارۆچکەکانی تر بابەتی هاوشێوەی ئەوە چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی خەمخۆری و پێداگریی بەرپرسانی کۆیە لەو ئاستەدا نەبووە و خەڵکی کۆیەش بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ گرفتەکەدا کردووە و نەیانویستوە ئاڵۆزی و گرفت لە شارەکەدا دروست بکەن، لە ئەنجامدا حکومەتی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنان خەمسارد و بێ هەڵوێست بوون و هیچ چارەسەرێکیان بۆ گرفتی ئەم کامپە نەدۆزیوەتەوە. 

80 ملیار دینار بۆ کۆیە کەم نییە
بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمە، زیاتر لە 150 کەس نزیکەی 40  ملیۆن دیناریان  تائێستا وەک پێشەکی و قیست داوە و نزیکەی 100 کەسیش 20 ملیۆن و بەرەوژووریان داوە، هەر خۆی ئەو بڕە پارەیە دەکاتە نزیکەی 80  ملیار دینار، ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ قەزایەکی وەکو کۆیە پارەیەکی زۆرە. 
لەلایەکی دیکەشەوە بە گەڕانەوەی کارکردن لەم پڕۆژەیە سەدان کەس لە شارەکەدا کار و کاسبی دەستدەکەوێت. بۆیە داواکارین بەجدی خەمی ئەم بابەتە بخورێت و دەستەی وەبەرهێنان بەڵێندەرێک بۆ ئەم پڕۆژەیە و پڕۆژە ناتەواو و وەستاوەکانی تری شارەکە تەرخان بکەن و بەبێ کێبڕکێ بدرێتە ئەو بەڵێندەرەی کامپەکەی پێ دەسپێردرێت و حکومەتیش هەندێک کاری وەکو تۆڕی ئاو و کارەبا و شەقام و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و ئەوانیش بەبێ کێبڕکێ بدرێنەوە بە هەمان کۆمپانیا کە تەواوکردنی کامپەکەی پێ سپێردراوە، چونکە ئەم کارە لە قازانجی گشتی و خەڵکی کۆیە و خاوەن خانووی ناو کامپەکەش دەبێت، بەمەش جۆرێک لە متمانەکردن بە بەرپرسانی حکومەت بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە.

#كۆیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان