یادگار عەلی
دەركەوتنی دیاردەی وشكەساڵی لە گەرمیان راگەیەنرا و جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێكاری پێویست كرایەوە.
لەبارەی پرسی ئاو و هەوا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە بە سەرپەرشتی جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان كۆبوونەوە.
135 هەزار دۆنم زەوی
لەو كۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ كرا لەبارەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە وشكەساڵی و پاشان زەرەر و زیانەكانی تایبەت بە وشكەساڵی بە داتا خرانەڕوو، كە بەهۆیەوە رووبەری 135 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵیی چێنراو لەناوچووە، لەگەڵ ئەوەشدا 700 هەزار سەر ئاژەڵ روبەڕووی كەمئاوی و بێ لەوەڕی دەبنەوە، هاوكات ئەو وشكەساڵییە زیان بە ئاوی سەر و ژێر زەوی و رەز و باخ و دارستانە دەستكردەكان دەگەیەنێت.
هاوكات جەختكرایەوە، كە راپۆرتی تایبەت بە وشكەساڵی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە ئاراستەی سەرووی خۆی بكرێت، بە ئامانجی گرتنەبەری رێكارەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی.
هاوشێوەی ساڵی رابردوو
دوای كۆبوونەوەكە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند: بەپێی رێژەی بارانبارین لە شوێنە جیاجیاكانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لە گەرمیان وشكەساڵیی دەبێت.
هاوشێوەی ساڵی رابردوو، بەشێكی زۆر لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی كەمبارانییەوە، رووبەڕووی وشكەساڵی بوونەتەوە. پێشتریش لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم رایانگەیاند: ئامادەكاریی دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی لە هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش بودجەیەك تەرخان دەكرێت.
كەمی باران بارین و دروستبوونی وشكەساڵی، تەنیا لە عیراق و هەرێمی كوردستان نییە و وڵاتانی دراوسێی عیراقیش رووبەڕووی هەمان كێشە بوونەتەوە، بەشێوەیەك ماوەیەك لەمەوبەر هەریەك لە ئێران و سوریا ئامادەكارییان بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی راگەیاند.
بەوتەی پسپۆڕانی بواری ژینگە، وشكەساڵی دیاردەیەكی سرووشتییە و 10 - 15 ساڵ جارێك، چەند ناوچەیەك دەگرێتەوە.