دیداری- سۆران داودی
ناوچه‌كانی باكوری خۆرئاوای شاری كه‌ركوك، ناو به‌ناو ململانێ و ناكۆكی له نێوان جوتیارانی كورد و جوتیارانی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی ناوچه‌كه و گونده‌كانی ئه‌و سنووره به‌خۆوه ده‌بینێت، هه‌روه‌ك جاروبار گروپه تیرۆریستییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه دروست ده‌كه‌ن.
بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامبوونی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و ده‌ركه‌وتنەوەی داعش له ناوچه‌كه، ئەم دیدارەمان لەگەڵ هیوا عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 17ی رێكخستنی خۆرئاوای كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سازدا.
گه‌وره‌ترین كێشه زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانه
* ئه‌و ناوچانه‌ی له سنووره‌كه‌یدا لێپرسراوی حزبین، واته ناوچه‌كانی خۆرئاوای كه‌ركوك و دوبز و ناوچه‌كانی نزیك ئه‌و ده‌وروبه‌ره، گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و ئه‌و ململانێیانه‌یه كه تیایدایه، خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویوزاره كشتوكاڵییانه كێن؟ ئه‌ی ئه‌وانه كێن كه داوای ئه‌و زه‌ویوزارانه ده‌كه‌ن؟
- له‌سه‌ره‌تادا با به‌راشكاوانه بڵێم ، ئه‌م بابه‌ته ره‌گ و ریشه‌یه‌كی زۆر قووڵ و كۆنی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، له ماوه‌ی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌م كێشه و گرفتانه له‌و ناوچانه سه‌ریان هه‌ڵدا، كاتێك ده‌ستكرا به راگواستنی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆری گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه و تا ساڵانی حه‌فتاكان، به جۆرێك له ساڵانی هه‌شتاكان هیچ گوندێك له‌و سنوورانه نه‌ما كه كوردی تێدا رانه‌گوێزرابێت، كاتێكیش به داخه‌وه كوردانی دانیشتووی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه راگوێزران، بۆ مێژوو ده‌یڵێم به هۆی دروستبوونی كێشه له نێو پێكهاته‌كانی عیراقه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو به‌رپرسیاری ئه‌وه رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عیراق بوون، كه عه‌ره‌بیان له ناوچه‌كانی باشوور و هه‌روه‌ها له شاری موسڵه‌وه به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه ده‌هێنا و له‌شوێنی دانیشتوانی كوردی ره‌سه‌نی ئه‌و گوندانه نیشته‌جێیان ده‌كردن، له‌و كاته‌وه كێشه و ململانێكان ده‌ستیان پێكرد و تا ساڵی 2003 به‌رده‌وامبوو، بۆیه ئه‌و كێشه‌یه ره‌گ و ریشه‌یه‌كی قووڵی هه‌یه، كاتێك له 2003 پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراق ده‌ستیپێكرد و عیراق ئازاد كرا، هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته جیاوازه‌كانی عیراق له ژێر زوڵم و سته‌می ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره ده‌ربازیان بوو، له ده‌وروبه‌ری ساڵی 2005 یش، كاتێك ده‌ستووری عیراق نوسرایه‌وه و زۆرینه‌ی عیراقییه‌كان ده‌نگیان پێدا، چه‌ند ماده‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و گرفتانه دانرا، كه سه‌ره‌تا له ماده‌ی 58 ی ده‌ستووری كاتیدا و دواتریش له ماده‌ی 140 دا ئاماژه‌ی پێدرا.
به بۆچوونی من ئه‌و كێشه و گرفتانه له‌م ساته وه‌خته‌دا چاره‌سه‌ری له‌به‌رده‌ست نییه، به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140، كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سنووری ئیداری چه‌ند پارێزگایه‌كه نه‌ك هه‌ر پارێزگای كه‌ركوك، به‌ڵام كه‌ركوك زۆرترین كێشه و ناكۆكی تێدایه، چونكه دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه له‌سه‌ر خاك و زه‌وی خۆیان ده‌ركراون و راگوێزراون و كه‌سانی تری غه‌یره کوردیان له ناوچه‌كانی تره‌وه هێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنی دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌ی نیشته‌جێیان بكه‌ن، هه‌مووان ده‌زانین ماده‌ی 140 ده‌بێت به سێ قۆناغ جێبه‌جێ بكرێت، قۆناغی یه‌كه‌م ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌كه و قۆناغی دووه‌م سه‌رژمێری كردن و قۆناغی سێیه‌میش راپرسییه له‌و ناوچانه كه ماده‌كه ده‌یگرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ده‌رفه‌تمان پێنه‌دراوه كه رێژه‌ی ٪20 قۆناغی یه‌كه‌میش جێبه‌جێبكه‌ین، كه ئه‌ویش ئاساییكردنه‌وه‌یه، به گوێره‌ی قۆناغی ئاساییكردنه‌وه، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ی له رابردوودا راگوێزراون، بگه‌ڕێنرێنه‌وه سه‌ر زه‌ویوزار و گوند و ناوچه‌كانی خۆیان و هه‌روه‌ها ده‌بێت قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و زیانانه بكرێنه‌وه كه به‌هۆی ئه‌و ماوه زۆره‌ی راگواستنیان به‌ریان كه‌وتووه، به هه‌مان شێوه‌ش، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له ناوچه‌كانی تره‌وه هێنراون بۆ ئه‌م ناوچانه و تیایدا نیشته‌جێكراون كه خه‌ڵكی وا هه‌یه ماوه‌ی چل ساڵه له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویوزار و گوندانه نیشته‌جێكراون، له كاتێكدا ده‌زانن ئه‌و زه‌ویوزار و ناوچانه موڵكی ئه‌وان نییه و موڵكی كورده‌كانه، بۆیه پێویسته ئه‌و كێشه‌یه له رێگه‌ی مادده‌ی 140 ه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، كه ئه‌وه‌ش ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سیاسه‌تمه‌دارانی عیراق و حكومه‌تی فیدڕاڵی له به‌غدا و هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم، به داخه‌وه كه تا ئێستاش ئه‌و كێشه و گرفتانه وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
خه‌ڵكانێكیش هه‌ن كه عه‌ره‌بی هاورده‌بوون و له‌و ناوچانه نیشته‌جێكرابوون، قه‌ره‌بووی خۆیان وه‌رگرتووه و جارێكی‌تر هاتوونه‌ته‌وه، دوای رووداوه‌كانی ساڵی 2017، كاتێك پێشمه‌رگه له كه‌ركوك پاشه‌كشه‌یان كرد و كێشه و ناكۆكی له نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان دروستبوو.
به‌شێك له‌و عه‌ره‌به هاوردانه ده‌یانه‌وێت ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه بكرێته‌وه به ناوییانەوە له‌كاتێكدا ئه‌وان ئه‌و زه‌وییه كشتوكالێیانه‌یان به مامه‌ڵه‌ی دروست له كورد وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵكو گرێبه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراقه.
كێ له پشت گه‌ڕانه‌وه‌ی هاورده‌كانه؟
* له دوبز سووربوون هه‌یه له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌كان، ئایا كێ له پشت ئه‌وانه؟ ئایا ده‌سه‌ڵات و هێزێكی سیاسی هه‌یه له‌پشت ئه‌و كه‌سانه‌وه كه هانیان ده‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه، یاخود بابه‌ته‌كه ته‌نیا كێشه و گرفتێكه له نێوان جوتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده؟
-پێموایه ئه‌و كێشه‌یه له نێوان جوتیاره‌كاندا نییه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی له بارودۆخی ئێستادا له كه‌ركوك هه‌یه، لێی به‌رپرسیاره، پێویسته ئیداره‌ی كه‌ركوك و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستوه‌ربده‌نه بابه‌ته‌كه و خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویوزاره كشتوكاڵییانه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان، نه‌ك پشتیوانی ئه‌و خه‌ڵكانه بكه‌ن كه له ناوچه‌كانی تره‌وه هێنراون و له‌و ناوچانه به مه‌به‌ستی به‌عه‌ره‌بكردن نیشته‌جێكراون.
*ئایا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كه‌ركوك پشتیوانی هاورده‌كان ده‌كات؟
-هه‌ندێكجار لێره و له‌وێ ئه‌و بۆچوونه هه‌یه و به ناوی یاسا و چه‌ند ناوێكی تره‌وه پشتیوانی‌یان لێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ر بابه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كه، ده‌بینیت ئه‌و زه‌ویوزارانه هه‌موویان موڵكی كوردن، ئه‌گه‌ر به‌پێی گرێبه‌سته‌كان بێ یاخود به‌گوێره‌ی ئه‌و تاپۆیانه‌ی هه‌یانه، چونكه ئه‌و راستییانه هه‌مووی له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی كه‌ركوك هه‌ن و زانراون ئه‌و زه‌ویوزارانه پێشتر به ناوی كورده‌كانه‌وه بوو، به‌ڵام كاتێك رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی پێشوو، ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌یان بۆ ناوچه‌كه هێناوه، نیشته‌جێیان كردوون و گرێبه‌ستی كشتوكاڵییان بۆ كردوون، ئێستا ئه‌وان باس له‌و گرێبه‌ستانه ده‌كه‌ن كه بۆیانكراوه كه هه‌مووی پووچه‌ڵكراونه‌ته‌وه کە بە بڕیاڕی به‌ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه بوون.
*كه‌واته ئه‌و گرێبه‌ستانه هه‌موویان پووچه‌ڵ بوونه‌ته‌وه؟
-هه‌ر بڕیاڕێك له به‌ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه‌وه ده‌ركرابێت پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، ئێمه هیوادارین هیچ كه‌سێك پشتیوانی له‌و گرێبه‌سته پووچه‌ڵانه نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كورد بێ یان عه‌ره‌ب یاخود توركمان، چونكه ئه‌گه‌ر پشتیوانی بكرێن، ئه‌وا ئه‌م كێشانه هه‌ر ده‌مێننه‌وه و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی هاوبه‌شی ئه‌و ناوچانه ده‌بێت.
ده‌ركه‌وتنی گروپه تیرۆریستییه‌كان له‌و ناوچانه
* ئه‌و ناكۆكی و ململانێیه‌ی ئێستا هه‌یه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌ویوزاره كشتوكاڵییه‌كان، په‌یوه‌ندیی به ده‌ركه‌وتنی گروپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه هه‌یه؟ چونكه هه‌ڕه‌شه له ژماره‌یه‌كی زۆر له گونده كوردنشینه‌كان كراوه؟
- به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین ده‌بینین له‌و كاته‌وه‌ی ناوده‌برێت به بونیاتنانی عیراقی نوێ، چه‌ندین گروپی تیرۆریستی دروستبوون و زۆرینه‌شیان له‌و ناوچانه بوون، چونكه ناوچه‌ی لاواز و ناسه‌قامگیرن و تیرۆریستان ده‌توانن به ئاسانی دزه‌ی تێدا بكه‌ن و ئاسایشی ناوچه‌كه تێكبده‌ن، له رابردوودا چه‌ندین رێكخراوی تیرۆریستی له‌و ناوچانه هه‌بوون، له نموونه‌ی نه‌قشبه‌ندییه‌كان، رێكخراوی قاعیده.
ئێستا له‌و ناوچانه چه‌ند گروپێكی داعش ده‌بینین، به‌شێكی ئه‌و گروپه تیرۆریستییانه له خه‌ڵكه هاورده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ن و هاووڵاتییانی كوردی ره‌سه‌نی نیشته‌جێی ئه‌و ناوچانه ده‌كوژن و ئازاریان ده‌ده‌ن.
*ئایا دانیشتوانی ناوچه‌كه رۆڵیان هه‌یه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گروپه تیرۆریستییه‌كان؟
-به‌شێكی زۆری كورد له‌و ناوچانه پارێزگاری له گونده‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، له كاتی به‌رگریكردن له‌خۆیان چه‌ندین شه‌هیدیان داوه، تیرۆریستان چه‌ندینیان لێ رفاندوون و كوشتوون، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر نه‌رێنی هه‌یه، هیوادارین بارودۆخی ئه‌و ناوچانه باش بكرێت، ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌موو بگه‌ڕێینه‌وه و كار به ده‌ستووری عیراق بكه‌ین ئه‌وا چاره‌سه‌ر ده‌دۆزینه‌وه.
چه‌ك كردنی كورد له‌و ناوچانه
*كێشه‌یه‌كی تر هه‌یه، به‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه چه‌ك ده‌كرێن و رێگه‌یان پێ نادرێ له‌و ناوچانه چه‌ك هه‌ڵبگرن، له كاتێكدا چه‌ند گوندێكی عه‌ره‌ب هه‌ن مافی ته‌واویان هه‌یه چه‌ك هه‌ڵبگرن و ببنه خاوه‌نی چه‌ك، ئه‌م زانیارییانه تا چه‌ند راستن؟
-ئومێده‌وارین ئه‌و كێشانه نه‌مێنن تا جیاكاری و ناكۆكی له نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه دروست نه‌بێت، نابێت یه‌كێك بێ چه‌ك بكه‌یت و ئه‌ویتر چه‌كی پێبده‌یت، ئه‌گه‌ر چه‌ك داماڵین بكرێت ده‌بێت چه‌كی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازی دابماڵرێت.
*وه‌ك لێپرسراوێكی حزبی، په‌یامت بۆ برایانی عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه چییه؟
-په‌یامی من بۆ هه‌مووانه و ئومێده‌وارم به‌م نزیكانه حكومه‌تی نوێ له به‌غدا پێكبهێنرێت و بتوانێت هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و گرفتانه بدات، ئێمه وه‌ك یه‌كێتیی، ئومێده‌وارین پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له‌و ناوچانه به‌رقه‌راربێت و كێشه و گرفت له نێوان خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌بێت، كێشه‌كانیش له رێگه‌ی یاسا و ده‌ستووره‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت نه‌ك له‌رێگه‌ی ده‌ستوه‌ردانی هێزی ئه‌منیی یاخود له‌رێگه‌ی هۆز و خێڵه‌وه.