بەپێی دواین ئامار، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەی توركیا و سوریاوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتۆتە نۆ هەزار 858 كەس، تیمەكانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە دەرهێنانی تەرمی ئەو كەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەكاندا ماونەتەوە.
بەڕێوەبردنی كارەساتە سروشتییەكان و فریاكەوتنی توركیا ئاشكرایكردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە توركیا گیانیان لەدەستداوە بۆ حەوت هەزار و 108 كەس بەرزبووەتەوە و 40 هەزار و 910 كەسیش برینداربوون و جگە لەوەش پێنج هەزار و 775 باڵەخانە رووخاون.
لای خۆیەوە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە سوریا بۆ دوو هەزار و 750 كەس بەرزبووەتەوە و دوو هەزار و 554 كەسیش برینداربوون.
رێكخراوی یونیسێفی سەربە بە نەتەوەیەكگرتووەكانیش باسی لەوەكردووە، بە هۆی بوومەلەرزەكەوە بە هەزاران منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنێك و 400 هەزار منداڵیش ژیانیان لە مەترسیدایە.
سەرچاوە: سكای نیوز