گەشتێك بۆ شوێنەواری دێرینی تەختی جەمشید

10:29 - 2023-02-09
کەلتور
535 جار خوێندراوەتەوە
تەختی جەمشید

عومەر ئیسماعیل باوزێی

لە گەشتێكی چەند رۆژەماندا بۆ شارەكانی باشوور و باشووری خۆرئاوای ئێران، كاتژمێر (03:00)ی دوانیوەڕۆیەكی ساردی رۆژی چوارشەممە (28/12/2022ز) گەیشتینە دەروازەی شاری مێژوویی تەختی جەمشید، كە بە دووری (7كلم) دەكەوێتە باكووری شارۆچكەی مەرودەشت و (57كلم) باكووری خۆرهەڵاتی شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارس. سەرەتا بەناو پاركێكی گەورەی پڕ لە بازاڕ و دوكانی وەك: كتێبخانە، خواردنگە، چا و قاوەخانە و فرۆشتنی پەیكەری بچوكی مێژوویی و ئێكسسواراتی جوانكاری تێدەپەڕیت، ئینجا لەپرسگە پسولەی چوونە ناوەوە دەبڕیت، بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی بڕەكەی (5) هەزار و بۆ گەشتیارانی بیانی (15) هەزار تومەن بوو. 
شاری دێرینی تەختی جەمشید، ناوی راستەقینەی (پارسە)یە، بەڵام بەهۆی لەناوچوونی زمان و نووسینی رۆژگاری هاخامەنیشیەكان، بە ناوی جەمشیدی پاشای پیشدادیان گۆڕانی بەسەرداهاتووە. شارەكە لە بناری چیای میهر «رەحمەت» رووە و خۆرئاوا هەڵكەوتووە، ساڵی (518پ.ز) بە فەرمانی (داریوشی یەكەم 522-486پ.ز)ی سێیەم پاشای هاخامەنشیەكان، بەمەبەستی نیشاندانی هێز و شكۆی پارسەكان، لەسەر زەویەكی (125) هەزار مەتری چوارگۆشە دەستكرا بە دروستكردنی و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرتاسەری ئیمپڕاتۆرییەت و بەتایبەت لە وڵاتانی بابل، یۆنان، میسر و ... هتد بانگهێشتی بەناوبانگترین وەستا، ئەندازیار و هونەرمەندان كرا، دواتر كرایە پایتەخت و ناوەندی بڕیاردانی دەسەڵات، پاشان تەواوی كارەكانی شارەكە لەماوەی (120) ساڵ و لەسەردەمی فەرمانڕەوایی (4) پاشادا تەواوكرا.
جێگای باسە، پاشماوەكانی تەختی جەمشید لەمانگی (ئۆكتۆبەری 1979ز) بە ژمارە (114) لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی جیهانی یونسكۆ وەك یەكێك لە دیارترین شوێنەوارەكانی ئێران و جیهان ناسێنرا، كە پێكهاتووە لە دوو رێڕەوی پلیكانداری هاتن و چوون، خەزانی بەردینی ئاو، كۆشكی ئاپادانا، كۆشكی تچر، كۆشكی تەواونەكراوی پاشا(ئەردەشێری یەكەم 465-424پ.ز)ی كوڕەزای داریوش، كۆشكی هدیش، كۆشكی سێ‌ دەروازە، باڵەخانەی شورا، حەرەمسەرا، مۆزەخانە، گەنجینە، هۆڵی كۆبوونەوەی گشتی، كۆشكی سەد كۆڵەكە، گۆڕەپانی سەربازان، دەروازەی تەواونەكراو، لەلای باشور و دەستەڕاست گۆڕی پاشا (ئەردەشێری دووەم 404-358پ.ز)، بیری بەردین، لەلای باكور و دەستەچەپ گۆڕی پاشا (ئەردەشێری سێیەم 358-338پ.ز)ی كوڕی ئەردەشێری دووەم، شەقامی سەربازان، كۆڵەكەی دوو سەری هەڵۆ و دەروازەی نەتەوەكان. جگەلەوە، بە رێنووسی بزماری و بە زمانەكانی فارسی كۆن، ئیلامی و بابلی، دەربارەی چۆنیەتی دروستكردنی كۆشكەكان، بیروباوەڕی ئایینی و تێڕوانینی پاشایانی هاخامەنشی، چەند نووسینێك خراوەتەڕوو، هەروەها لەسەربەشێك لە دیوارەكان وێنەی پەلاماردانی شێر و پڵینگ بۆسەر ئاژەڵی كێوی وەك نیشاندانی هێز و دەسەڵات و وێنەی سەربازانی پارس و ماد لەناو سوپای هاخامەنشیدا بە گالیسكە و كەرەسەی شەڕكردن هەڵكۆڵراوە.

كۆشكی ئاپادانا
سەرەتا بە فەرمانی داریوش بڕیاردرا كۆشكێك دروستبكرێت بەناوی ئاپادانا، لەسەر (36) كۆڵەكەی بەردینی گەورە و بە بەرزی نزیكەی (20م)، كە بە (6) دەرگای دارینی (15م) بەرز، كۆشكەكەی بە (3) هەیوانی لای باكور، خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەگەیاند، ئەوانیش لەسەر (12) كۆڵەكە جێگیركرابوون. تەواوی دیوارەكان بەخشت و بەردی داتاشراوی گەورە دروستکراوە و رووی دەرەوە و ناوەوەشیان بە كاشی وێنەداری رەنگاوڕەنگ رووپۆشکرا. كۆشكی ئاپادانا لە چوار لاوە بە (4) تاوەری (3) نهۆمی پارێزگاری لێدەكرا، كە تیایدا پاشا داریوش نوێنەری وڵاتانی دەبینی و كۆبوونەوەی لەگەڵیاندا گرێدەدا، هەروەها رێوەڕەسمی جەژنەكان و بەتایبەت نەورۆزی تێداسازدەكرا. بە جۆرێك لەیەك كاتدا دەتوانرا پێشوازی لە (10) هەزار میوان بكرێت، دواتر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (خشایارشای یەكەم 486-465پ.ز)ی كوڕی داریوش و لەماوەی (30) ساڵدا كارەكانی تەواوكرا.

كۆشكی تچر
كۆشكی تچر کۆشکی تایبەتی زستانەی داریوش بوو، هەندێك پێیانوایە خودی وشەی تچر بە مانای خانوی زستانە دێت، كە بە دووری (3م) لە سەروی كۆشكی یەكەم رووە و خۆرئاوا بنیادنراوە، بە دوو راڕەوی پلیكانەیی هاتن و چوون كۆشكەكەی بە بەشەكانی دیكەی شارەكە دەگەیاند، كۆشكی تچر لە باڵەخانەیەكی (12) كۆڵەكەیی و هەیوانێكی (8) كۆڵەكەیی لە بەشی باشوور و (2) ژوری (4) كۆڵەكەیی لە بەشی باكوور پێكدەهات، تەواوی دیوارەكانی بە بەردی لە قسڵ دروستكراو و نەخشێنراو بە وێنەی گەورە پیاوان و سەربازانی سوپا رازێنرایەوە، كە هەمیشە وەك ئاوێنە درەوشاوەتەوە، بۆیە بە باڵەخانەی ئاوێنەش ناودەبرا، هەروەها لەسەر دەرگای لای باكوور و باشوور وێنەی پاشا داریوش لەگەڵ خزمەتكار و پاسەوانەكانی لەكاتی هاتن و چووندا نەخشێنرا. بەجۆرێك دەستبەند، گەردنبەند، ریش و تاجی پاشا لەوێنەكاندا بە ئاڵتون و زێڕ رووپۆشكرابوو. ئەم كۆشكەش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خشایارشای كوڕی داریوش كارەكانی تەواوكرا، دواتر بە فەرمان و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (ئەردەشێری سێیەم 358-338پ.ز)ی پاشای هاخامەنشی، لەبەشی خۆرئاوا دوو راڕەوی پلیكانەیی هاتن و چوونی دیكە بۆ كۆشكەكە زیادكرا، كە دیوارەكانی بەوێنەی خزمەتكاران رازێنرایەوە، هەروەها لەسەردیوارەكانی كۆشكەكە نووسینی سەردەمی داریوش، خشایارشا و ئەردەشێری سێیەم بە ڕێنوسی بزماری بەرچاو دەكەوێت، كە باس لەمێژوو چۆنییەتی دروستكردنی كۆشكەكە دەكەن، لەگەڵ (2) نووسین بە رێنوسی پەهلەوی ساسانی و نووسینێكیش بە رێنوسی كوفی هەڵكۆڵراوە.

كۆشكی هدیش
دەكەوێتە بەشی باشووری تەختی جەمشید، كۆشكی تایبەتی خشایارشای كوڕی داریوش بوو، كە بە تایبەت بۆ یەكێك لە هاوسەرەكانی بە ناوی هدسە، هدیش، لە بەرزترین شوێنی تەختی جەمشید دروستكرا، پێكهاتبوو لە باڵەخانەیەكی گەورەی (36) كۆڵەكەیی، هەروەها هەیوانێكی (12) كۆڵەكەیی لەبەشی خۆرهەڵات، چەند ژوورێكی دیكە لە بەشی باكوور و باشوور، هەیوانێكی درێژ لەبەشی باشوور، بە(2) رێگای پلیكانەیی كۆشكەكەی بە حەرەمسەرا دەبەستەوە، كە بە دووری (7م) لەخوار كۆشكی هدیش هەڵكەوتبوو. لەسەر دەرگای كۆشكەكە وێنەی خشایارشا و پیاوەكانی هەڵكۆڵرابوو، تەواوی دیوارەكانی لەبەردی گەورەی كێوەكانی دەوروبەر دروستكراوە.

گەنجینەی تەختی جەمشید
بە فەرمانی داریوش دروستكرا و خشایارشا نۆژەنی كردۆتەوە، زۆربەی نەخش و نیگارەكان و بەتایبەت (8) تابلۆ بەردینە نووسراوە بە ناوبانگەكەی خشایارشا لەم شوێنە دۆزراوەتەوە، لە كنەوپشكنیەنە زانستیەكاندا ژمارەیەكی زۆر تاتەقوڕی نووسراو بە رێنووسی بزماری و زمانی ئیلامی دۆزراوەتەوە. گەنجینەكە لە هۆڵێكی گەورەی (99) كۆڵەكەیی بەردین و باڵەخانەیەكی (100) كۆڵەكەیی، هەروەها ژمارەیەك هۆڵی دیكە و ژوور و (2) حەوشەی چۆڵ پێكدەهات. بە گوێرەی گێڕانەوەی مێژوونووسانی یۆنانی كۆن: پێش وێرانكردنی شارەكە لەلایەن (ئەسكەندەری مەكدۆنی 331-323پ.ز)، هەموو خشڵ و ئاڵتون و كەلوپەلە گرانبەهاكان، كە گەورەترین گەنجینەی پاشایانی هاخامەنشی لەم شوێنە بوو، بە (3) هەزار حوشتر و ژمارەیەكی زۆر ئەسپ و ئێستر گوازرایەوە بۆ شوێنێكی دیكە.

كۆشكی سەد كۆڵەكە، یان  باڵەخانەی تەخت
بەفەرمانی خشایارشا دەستكرا بە دروستكردنی و لەسەردەمی فەرمانڕەوایی (ئەردەشێری یەكەم 465-424پ.ز)ی كوڕی تەواو كرا، كە لە ڕازاوەیی و سەرنجڕاكێشیدا بە دووەم كۆشكی تەختی جەمشید دادەنرێت و لە كۆشكی ئاپادانا گەورەتربوو، لەسەر رووبەری (4,600م) چوارگۆشە دروستكرا، بنمیچی كۆشكەكە بە (10×10) ریز كۆڵەكەی لەبەرد دروستكراو و بە بەرزی (14م) راگیر كرابوو. یەكێك لە بەشەكانی باڵەخانەكە پێدەچێت هۆڵی سەرەكی و شوێنی راوێژی پاشا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان بووبێت، كە (8) دەرگای هەبوو، لەتەنیشت دەرگای باشوور بەرەو هەیوانەكە شوێنی كۆبوونەوەی گشتی، لەتەنیشت دەرگای باكوور لە تەنیشت دەرگای خۆرهەڵات و خۆرئاوا وێنەی شەڕەكانی پاشا لەگەڵ شێر و ئاژەڵانی ئەفسانەیی نەخشێنراوە، كە لە ئێستادا دەرگای باشور، خۆرهەڵات و خۆرئاوا نۆژەنكراونەوە، پەنجەرە و دەرگاكان لە بەردی یەكپارچەیی و دیوارەكان لەخشتبوون. لە بەشی باكوری كۆشكەكە هەیوانێك بە (16) كۆڵەكە راگیر كراوە، هەروەها (2) پەیكەری گەورەی گای پاسەوان لە دوو لای هەیوانەكە جێگیركرابوو، لە خۆرهەڵاتی باڵەخانەكەش بەرەولای شاخەكە شوێنی ئێشكگری و پاسەوانی سەربازان بوو. ئەگەرچی لەتەواوی كۆڵەكەكانی باڵەخانەكە تەنها (2) دانەیان بە پارێزراوی مابوو، بەڵام ئەوانیش لەساڵی (1930ز)دا بۆ مۆزەخانەی شیكاگۆ لە ئەمریكا راگوێزران.

دەروازەی تەواونەكراو
ئەگەرچی لەو دەروازەیەدا كاری بنیادنان دەستیپێكردووە، بەڵام تەواونەكراوە، بۆمان دەردەكەوێت بە چ شێوەیەك كار لە شاری تەختی جەمشیددا كراوە. سەرەتا تەختەبەردەكان بە دوو شێوەی لولەیی و شەشپاڵو بۆ شوێنەكە هێنراون، نمونەكەیان لە دەورووبەری كۆشكی تەواونەكراو بەرچاو دەكەوێت، پاشان بەردەكان بە هاوكاری داربەستی گەورە و بە گوریس بەرزكراونەوە و لە شوێنی خۆیان جێگیركراون، ئینجا كاری داتاشین لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەستیپێكردووە. دەموچاوی گا لە دەروازەی تەواونەكراو بەلای هەیوانی كۆشكی سەد كۆڵەكەدا، بەشێوەیەكی تەواونەكراو دەبینرێت و ئەوە نیشاندەدات لە كاتی هێرشی ئەسكەندەردا بۆ سەرشارەكە، لەو بەشەدا وەستا و كرێكاران سەرگەرمی كارەكەیانبوون. لەكاتی كنەوپشكنینەكاندا لەبەشی باكوری دەروازەی تەواونەكراو، لەشوێنێك بەناوی دیوان سەرا نزیكەی (30) هەزار تاتەقوڕی بچوك، بەڕێنوسی ئیلامی و تایبەت بە موچە پێدانی كرێكاران، خزمەتكاران، پاسەوانان و ... هتد دۆزراوەتەوە، لە نووسراوەكاندا ماوەی كاركردن، بڕی موچە، چۆنیەتی پارەدان و تەنانەت دەرماڵەی كرێكارانیش باسكراوە.

گۆڕی ئەردەشێری دووەم
ناوی راستەقینەی منمون بوو، بە واتای زیرەك دەهات، لەلای یۆنانیەكان بە ئەرتاكسركسی دووم و ئەرمەنیەكان بە ئیرشاك تۆماركراوە. دوای كۆچی دوایی پاشا (داریوشی دووەم 424-404پ.ز)ی باوكی لەنێوان ساڵانی (404-358پ.ز) بوو بە پاشای ئیمپڕاتۆرییەتی هاخامەنشی، بەڵام هەر زوو لەگەڵ كوروشی برا بچوكیدا رووبەڕووی یەكتربوونەوە. سەرئەنجام كوروشی بچوك سوپایەكی (100) هەزار سەربازی لەگەڵ بەكرێگرتنی (13) هەزار سەربازی یۆنانی بۆ شەڕەكە ئامادەكرد و لە شوێنێك بەناوی كوناكسا، كە (10كلم) لەشاری بابل دوورە، دوانیوەڕۆیەكی مانگی (ئەیلولی 401پ.ز)، شەڕ لەنێوان سوپای هەردوولادا روویدا. لە درێژەی شەڕەكەدا كوروش توانی رمێك لە سنگی ئەردەشێر بدات و بە برینداری بیخاتە سەر زەوی، بەڵام لە هەمان كاتدا یەكێك لە سەربازەكانی ئەردەشێر تیرێكی ژەهراوی لە ژێرچاوی كوروشدا و كوشتی، دواتر سەربازە بەكرێگیراوەكان بە فەرماندەیی (زەینەفۆن 431-354پ.ز)ی مێژوونووس گەڕانەوە وڵاتی یۆنان. ئەردەشێر دوای (46) ساڵ فەرمانڕەوایكردن كۆچی دوایی كرد و گۆڕەكەی دەكەوێتە لای باشوور و دەستەڕاستی شوێنەوارەكانی تەختی جەمشید و لە ناوجەرگەی شاخی رەحمەتدا بە شێوەیەكی ناوازە و سەرنجڕاكێش شوێنەكەی داتاشراوە.

پاشماوەی شاری تەختی جەمشید

گۆڕی ئەردەشێری سێیەم
ناوی راستەقینەی ئەخس بوو، یۆنانییەكان بە ئەرتاكسركسی سێیەم تۆماریان كردووە. ئەگەرچی ئەردەشێری دووەمی باوكی بۆ دووبارە نەبوونەوەی هیچ یاخیبوونێك، یەكێك لە راوێژكارەكانی بە ناوی باگواس، راسپارد بۆ ئەوەی سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی، براو خوشكەكانی بكوژێت، جگە لە بچوكترین كوڕی، بۆیە شازادە ئەخیس بە سەلامەتی رزگاریبوو دوای كۆچی دوایی باوكی لە نێوان ساڵانی (358-338پ.ز) بوو بە پاشا. باگواس پێشتر رۆڵێكی گرنگی بینیبوو لە گێڕانەوەی هەرێمی میسر بۆ سەر فەرمانڕەوایی هاخامەنشیی، بۆیە ئەردەشێر چاوپۆشی لە كوشتار و كۆمەڵكوژی بنەماڵەكەی كرد، لەبەرامبەردا بە راوێژكاری خۆی دەست نیشانی كرد. سەرئەنجام دوای (20) ساڵ فەرمانڕەوایی، باگواس لەساڵی (338پ.ز)دا ئەردەشێری سێیەمی ژەهرخوارد كرد، ئێستا گۆڕەكەی بە دووری (40م) دەكەوێتە لای باكوور و دەستەچەپی تەختی جەمشید، هاوشێوەی باوكی لەناوجەرگەی شاخی رەحمەتدا بە شێوەیەكی ناوازە و سەرنجڕاكێش شوێنەكەی داتاشراوە و لە (2) گۆڕ پێكدێت و گریمانە دەكرێت یەكێكیان گۆڕی شاژن بێت، هەروەها لەبەشی خوارەوەی ئارامگاكە، چەند ژوورێك بۆ سازدانی رێوڕەسمی ئایینی و شوێنی مانەوەی زێوان و پاسەوانی گۆڕەكان دروستكراوە.

كۆڵەكەی دوو سەری هەڵۆ
ئەم كۆڵەكە دوو سەرانە ساڵی (1914) لە كاتی كنەكاریدا لە هەمان شوێن و لەژێرخۆڵدا دەركەوتن، ئەگەرچی بە كۆڵەكەی دوو سەری هەڵۆ دەناسرێن، بەڵام پێكهاتەی سەری هەڵۆ، دوو گوێی بڵند لە شێوەی گوێی گاو جەستە و پەنجەكانیشی لە شێوەی شێرە، سەركۆڵەكەی لەمشێوەیە لە هیچ شوێنێكی تەختی جەمشیددا بەرچاو ناكەوێت. پێدەچێت دیزاینی دیكە بۆ سەری كۆڵەكەكان لەشێوەی دوو سەری گا، دوو سەری شێر، دوو سەری مرۆڤ و دوو سەری هەڵۆ دروست كرابێت، بەڵام هەتا ئێستا نەدۆزراونەتەوە و لەژێر خۆڵدا بە شاراوەیی ماونەوە.

شەقامی سوپا
شەقامەكە (92م) درێژ و نزیكەی (10م) پانیەكەیەتی، راڕەوی دەروازەی نەتەوەكان بە دەروازەی تەواو نەكراو و هەیوانی باكوری كۆشكی سەد كۆڵەكە دەبەستێتەوە، لەهەر دوو لای شەقامەكە دیواری لەخشت دروستكراو هەیە، لەباری درێژیدا و بە مەودای (7م) تاقی بچوكی گوارەیی دەبینرێن، پێدەچێت شوێنی جێگیربوونی سەربازان و ئەفسەرانی پاسەوان بوو بێت لەكاتی ئاهەنگەكاندا. دیواری لای راست، بەشی باشور دیواری ژورەكانە، كە حەوشەی كۆشكی ئاپادانا لە شەقامی سوپا جیا دەكاتەوە و پێدەچێت شوێنی جێگیربوونی پاسەوانانی كۆشك بوو بێت. دیواری لای چەپ، بەشی باكور دیواری ژوورەكانە، شوێنی نەخشاندنی سەربەردەكان و كارگەی هەڵكۆڵین بووبێت، لە كۆتایی شەقامەكەشدا بەرە و دەروازەی تەواونەكراو چەندین پارچەی كۆڵەكەكان دەبینرێن، كە هەڵگیراون بۆ شوێنی تەواونەكراو.

كۆشكی دەروازەی نەتەوەكان
ئەم کۆشکە بە كۆشكی دەروازەی كیشوەرەكان، یان دەروازەی چاوەڕوانی و كۆشكی خشایارشا ناودەبرێت، گومان دەكرێت لەسەردەمی دەسەڵاتی داریوشدا دەستكرابێت بە دروستكردنی و لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خشایارشادا كارەكانی تەواوكرابێت، لە بەشی باكووری خۆرئاوای تەختی جەمشید و لە بەردەم پلیكانە سەرەكییەكانی هاتن و چوون بۆ شارەكە بنیاد نراوە. زانیارییەكان دەربارەی ئەم كۆشكە لە نووسراوەكانی بەشی سەرەوەی دیوارەكان وەرگیراون، بە جۆرێك بەرزی كۆشكەكە (18م) بوو، كە (3) دەرگای گەورەی لای باشوور، خۆرهەڵات و خۆرئاوای هەبوو، دەرگای باشوور دەروازەی چوون و هاتن بوو بۆ كۆشكی ئاپادانا، هەروەها لەسەر پایەكانی ئەمبەرە و ئەوبەری دەروازەكانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا (2) پەیكەری گای باڵداریی کەلـلە مرۆڤ بە سەر و ریشێكی درێژی چنراو لە شێوەی ئەبولهۆل و گیانداری ئەفسانەیی هەڵكۆڵراوە، لەو كۆشكەدا هۆڵ، یان ژوورێكی گەورەی چاوەڕوانی میوانان بۆ دیدار و كۆبوونەوەكان هەبوو، لە شێوەی پرسگەی ئێستا، كە بە (4) كۆڵەكەی بەردین راگیركرابوو، ئێستا (3) كۆڵەكە بە پێوە ماوە. هەرچەندە لەسەر دیوارەكان و تەنانەت لەسەر وێنەی پەیكەرەكان چەند گەڕیدە و خۆرهەڵاتناسێك ناو و مێژووی سەردانیكردنیان بۆ تەختی جەمشید هەڵكۆڵیووە.

هێرشی ئەسكەندەرو سوتاندنی شارەكە
ئەگەرچی ئەم شارە دوای رووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی هاخامەنشی لەلایەن ئەسكەندەری مەكدۆنی لەساڵی (331پ.ز)دا، ناونرا پرسیپۆلس، بەواتای شاری پارسەكان، بەڵام كاتێك لەساڵی (330پ.ز)دا ئەسكەندەر بە خۆشی سەركەوتنەكانی ئاهەنگێكی گەورە و رێزلێنانی بۆ سەربازانی سوپاكەی ئامادە كرد، دوای (4) مانگ مانەوە و رابواردن لە شارەكەدا، لەسەر پێشنیاری خۆشەویست و مەعشوقە تایبەتەكەی بەناوی (تایس)، كە ئافرەتێكی جوان و سەرنجڕاكێش بوو، چەند جارێك داوای لێ دەكات لە تۆڵەی تاڵانكردن و سوكایەتیكردن بە پەرستگای (پارتنون)ی كچە خواوەند (ئەتنا)ی كچی (زیۆس)ی گەورە خواوەندی یۆنان و سوتاندنی شاری ئەسینا لەساڵی (480پ.ز)دا لەلایەن سوپای هاخامەنشیەكان، یەكێك لە جوانترین ئەو كارانەی دەتوانێت بیكات و لە سەرانسەری ئاسیادا ناوبانگ دەرکا، ئەوەیە لەگەڵ تایس و هاوڕێكانیدا كۆشكەكانی شاری پرسیپۆلس بسوتێنن، بۆیە ئەسكەندەر لەكاتی مەستیدا بڕیاری سوتاندنی سەرتاسەری شارەكەیدا.
سەرەڕای ئەوە، لە دەورووبەری تەختی جەمشید چەند شوێنێكی دیكەی مێژوویی هەیە، كە لەبەشی باكوور و بە دووری (3كلم)، شوێنەواری نەخشی رەجەب هەڵكەوتووە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی ساسانییەكان، پێكهاتووە لە (4) وێنە و نووسینی هەڵكۆڵراو لەسەر چەند تاشە بەردێكی گەورە، وەك: وێنەی رێوڕەسمی تاج لەسەرنانی (ئەردەشێری پاپەكان 226-241ز)ی یەكەم پاشای ساسانی، وێنەی رێوڕەسمی تاج لەسەرنانی (شاپوری یەكەم 241-272ز)ی كوڕی ئەردەشێر، وێنەی (كورتیر)ی موبیدی گەورەی زەردەشتی و نووسینێكی چەند دێڕی، كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی (بەهرامی دووەم 276-293ز)ی پاشای ساسانی دەگەڕێتەوە، لەگەڵ وێنەیەكی دیكەی شاپوری یەكەم و (9) لە گەورە پیاوان و بازرگانانی ساسانی، هەروەها بە دووری (5كلم) لەلای باكوور شوێنەواری شاری دێرینی ئیستەخر هەیە، ئەم شوێنە ماوەیەك پایتەختی ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی و شوێنی پەرستگای خواوەند (ئاناهیتا) بوو. لەگەڵ ئەوەدا، بەدووری (6,5كلم) لە باكووری خۆرئاوای تەختی جەمشید، شوێنەوارەكانی نەخشی رۆستەم هەڵكەوتووە، كە لەناو دڵی شاخدا گۆڕی (4) لە پاشایانی هاخامەنشی هەڵكۆڵراوە و پێكدێت لە: گۆڕی داریوشی یەكەم، خشایارشای یەكەم، كوڕی داریوش، ئەردەشێری یەكەم، كوڕی خشایارشاو داریوشی دووەم، كوڕی ئەردەشێر و گەورەترین كابە و پەرستگای زەردەشتییەکان، لەگەڵ چەند وێنە و هەڵكۆڵراوێكی دیكەی سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی لێیە.

سەرچاوەكان:
1.
عومەر ئیسماعیل مارف: تۆمارەكانی مێژوو، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی، (سلێمانی، 2013).

2. نووسین و پێناسە شوشەبەندەكانی ناوشوێنەواری تەختی جەمشید، بەزمانی فارسی.

3. سایتی ویكیپدیا، دانشنامە ازاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان