بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی داواکارییەکانی مانگرتوانی دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێن

07:58 - 2023-02-14
کوردستان
432 جار خوێندراوەتەوە

بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی بەشێک لە کێشەکانی قەزای دەربەندیخان چارەسەر دەکرێن و کارەکانی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخانیش دەستپێدەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ قایمقام و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی قەزای دەربەندیخان کۆبووەتەوە لەبارەی داواکاری مانگرتوان و خۆپیشاندەرانی قەزاکەوە کە داواکارییەکانیان بریتین لە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و زیادکردنی کارەبا و دروستکردنی ھۆڵی نەشتەرگەریی و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاری رۆژانەی فەرمانگەکان.

لە بەرامبەریشدا لەسەر فەرمانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڵێندراوە زەوییەکی گرانبەھا لە سلێمانی بدرێت بەوەبەرھێنەرێک و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەواو بکات و لە چەند رۆژی داھاتووشدا کارەکانی دەستپێدەکاتەوە، بڕیاریشدراوە دوو سەعات کارەبای سنوورەکە زیاد بکرێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ھۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشک لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان و ئەگەر پارەی پێویستیش بەردەست نەبوو، ھەمان وەبەرھێنەر کە زەوییەکەی پێدراوە کارەکانی تەواوکردنی ھۆڵی نەشتەرگەری دەگرێتە ئەستۆ و ھەنگاو بەھەنگاویش کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم کاری فەرمانگەکان.

لە کۆبوونەوەیەکی تریشدا لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و تیکۆشەرانی دێرین و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی قەزای دەربەندیخان، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان و بڕیاریشدرا قایمقام و مامۆستایانی ئاینی سەردانی خۆپیشاندەران بکەن و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان باس بکەن، بۆئەوەی کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندان بھێنرێت.

 

#قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان