ماریا بوو بە قوربانی جیابوونەوە

11:08 - 2022-04-16
ڕاپۆرت
548 جار خوێندراوەتەوە

كاوە عەزیز حەمە
ئەمڕۆ چل رۆژ بەسەر کوژرانی ئیمان سامی مەغدید  (ماریا)دا تێدەپەڕێت کە رۆژی 7/3/2022 لە هەولێر لەلایەن برا بچوکەکەیەوە بە پاساوی شەرەف کوژرا و بووە یەکێکی تر لە قوربانییەکانی غەدری خێزان و نەریتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگە.
ماریا تەمەنی تەنها 20 بەهاربوو، بەدەم گۆرانییەوە دەیڕوانییە ژیان، بەڵام لە كورتیدا تەمەن هەر لە بەهاردا بووە قوربانیی نەریتێكی كۆنەپارێز و دواكەوتوو، جارێك بە 14 ساڵی دوور لە لۆژیك و قانوون بەشوویان دا و گیرۆدەی سەختیی ژیان و ئێشوئازاری خێزانداریان كرد و سەرئەنجام رێگای ماڵەوە و ژیانێكی شایستە و لەسەرخۆی ونكرد، لەلایەكی دیكە لەژێر كاریگەریی بیری كۆنەپارێزیی و دەمارگیریی نەریتی كۆمەڵگەدا، ماریایان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە نەوبەهاردا خەڵتانی خوێنیان كرد.
چیرۆكی یاخیبوونی كچێكی بەتوانا و خوێندەوار و روبەڕوبوونەوەی واقیعی تاڵی ژیان و سەرەنجام كوژرانی لەلایەن كەسوكارەكەیەوە، پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت، وەڵامی بەشێك لەو پرسیارانە، وەڵامە بۆ هۆكاری كوژرانی زۆربەی ئەو كچ و ژنانەی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا دەبنە قوربانی.
كوژرانی ماریا جیاواز لە رووداوە دڵتەزێنەكانی دیكە، دەكرێت لە زۆر رووەوە تەماشای بكەین بۆیە قسە و باسی زۆری لەسەركرا، لەلایەك سروشت و رێڕەوی ژیانی ماریا، لەلایەكی دیكەوە چیرۆكەكە تێكەڵ بە هەندێک بارودۆخ كرا، بۆیە بەشێك لە میدیاكانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد.
سەرەتای تراژیدیا
سەرەتای تراژیدیای ژیانی ماریا لە بەشوودانییەوە لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستیپێكرد، ئەمە وایكرد رێڕەوی ژیانی ئەو كەسە بگۆڕێت و سەرلێشێوان لە ژیانیدا دروستبێت و هەموو ئەو لێكەوتانە بەدوای خۆیدا بهێنێت كە دواتر بەسەریدا هات. هەربۆیە دەبینین دیمەنی سەرەتای ژیانی، لەگەڵ دیمەنی بەر لە كوژرانی تەواو پێچەوانەی یەكترن، بۆیە دەبینین دوای چەند ساڵێكی كەم لە مێردەكەی جیادەبێتەوە و ژیانێكی جیاواز لە رابردووی خۆی دەستپێدەكات.
سەرەتای ژیانی ئەو كچە رێڕەوێكی ئاینداریی و بێژەریی بوو لە كەناڵێكی ئاینیی، دواتر گۆڕا بۆ كەسایەتییەكی دیكە تەواو پێچەوانەی ئاینداری، لە كچێكی لەچك بەسەرەوە بۆ كچێكی مۆدێرن و تێكەڵ بە دونیای سەردەم و ژیانێكی كراوەی تایبەت، ناوی خۆی لە ئیمانەوە كردە ماریا! ئەم گۆڕانە لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەدا بۆخۆی جێی سەرنج بوو، هەر ئەمە رێگەی خۆشكرد تا لەناو خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت میدیاكانیشدا قسەی زۆری لەبارەوە بكرێت.
ماریا دوای جیابوونەوەی وەك كەسێكی ئازاد و مۆدێرن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركەوت، هەڵسوكەوت و سیمایەكی جیاوازی هەبوو، بەپێی گرتە ڤیدیۆكانی بڵاوبوونەوە و لێدوان و چاوپێكەوتنی كەسوكار و هاوڕێكانیی، گۆڕانی لەناكاوی كەسێتی ماریا، كاردانەوە بوو بەرامبەر زوو بەشوودان و ئەو دۆخە دەروونییەی بۆی دروستبوو، چونكە ناكرێت كچێكی 14 ساڵ لە سەردەمێك كە كۆمەڵگاو ژیان پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بە پێوەری سەردەمێكی بەسەرچوو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، رووبەڕووی دۆخێكی گرانی كۆمەڵایەتیی بكرێتەوە! بۆیە دەبینین كاردانەوە و ئەنجامەكەی تراژیدیایەكی پڕ ئازار بوو.
جیابوونەوەی دایک و باوکی
جیابوونەوەی دایك و باوكی و لێكترازانی خێزان هۆكارێكی دیكەی ژیانی ئەو كچە بوو، دابڕانی كچێكی جوان و تازە پێگەیشتوو لە خێزانێكی سەقامگیر، بێگومان یەكێكی دیكە بوو لەو كاریگەریی و هۆكارە سەرەكییانەی ماریای تووشی هەڵدێر كرد، كاتێك دایك و باوك لەیەكتر جیادەبنەوە و هەریەكەیان رێگایەكی دیكە بۆ ژیان دەگرێتەبەر، بێگومان جیابوونەوەی ماریا و سەرگەردانبوونی لەبارتر و ئاسانتر دەبێت، بۆیە دەكرێت بڵێین سەقامگیریی خێزان، هۆكارێكی سەرەكی هەم پەروەردەكردنی منداڵ و هەمیش پاراستنێتی لەلادان و سەرگەردانبوون، چونكە دەبینین ئەو كچە لەو تەمەنە ناسكەدا رووبەڕووی جیابوونەوە و دۆخێكی نوێ‌ دەبێتەوە، كەچی لانەی یەكەمی كە خێزانە ئەسڵییەكەی خۆیەتی، لێكترازاوە و ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
جیاوازیی ماریا
جیاوازییەكی دیكەی (ئیمان) یان ماریا لەگەڵ قوربانییەكانی دیكە، دەركەوتنی بوو بە ملوانكەیەكی لەخاچدراوی مەسیح و بەوتنی سروود بۆ ئاینی مەسیحی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی! ئەمە لەكاتێكدا ئەو كچە بەرنامەیەكی تایبەتی هەبووە لە كەناڵێكی ئیسلامیی و بەلەچك و سیمای ئیسلامییەوە دەركەوتووە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی بەمەسیحیبوونی ماریا بڵاوبۆوە، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك لەسەر بەمەسیحیبوونی ماریا نییە، كەسوكارەكەی و هاوڕێكانی ئەو دەنگۆیە رەتدەكەنەوە، پێدەچێت ئەو دەركەوتنانە بەو شێوەیەی تەنها رووكاربووە، چونكە ماریا بەهۆی كاردانەوەی بەرامبەر سەختیی ژیانی، دەستبەرداری ئاینداریی بووە.
گۆڕانی ماریا لە كەسایەتییەكی شەرمنی ئایندارەوە بۆ كەسێتییەكی كراوە، ئازادییەكی زۆری فەراهەمكرد تا بتوانێت تواناكانی خۆی پێشان بدات، بەرلەوەی لەلایەن برایەكی بچووكییەوە كە تەمەنی تەنها 18 ساڵان بوو گۆرانییەكی بەسۆز وەك یەكەم بەرهەمی دەنگێكی پڕ هەست تۆماربكات بەناوی (قەت لەبیرت نەچێت) كە لە ماوەیەكی زۆر كورتی دوای تیرۆركردنی دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكرد.
ئیمان سامی مەغدید رۆژی 7ی مارسی رابردوو، واتە رۆژێك بەر لە رۆژی جیهانیی ژنان لە تەمەنی 20 ساڵیدا لە شەقامی 100 مەتری هەولێر لەسەر رێگەی فڕۆكەخانە بە بیانووی پاراستنی شەرەفەوە لەلایەن برایەكییەوە درایە بەر گوللە و تیرۆركرا، دوای تیرۆركردنیشی لە لێدوانیدا بۆ میدیاكان تاوانەكەی پشتڕاستكردەوە، هەروەك مامێكیشی بە تۆمەتی بەشداربوون لەو تاوانە، لەلایەن پۆلیسەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا.


بابەتە پەیوەندیدارەکان