نەوت لە نێوان گەمارۆدانی روسیا و پڕۆسەی چاکردنەوەدا

09:35 - 2023-02-20
ئابووری
393 جار خوێندراوەتەوە
کارکردن لە پاڵاوگەیەکی نەوتدا

فەیسەڵ عەلی

ئێستا جیهان لە کێشەدایە، گەمارۆدانی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لەلایەن ئەوروپاوە دەستی پێکرد، تا کۆتایی ساڵ هیچ ئەلتەرناتیڤێکی بەهێزیان لە بەردەستدا نییە، لە کاتێکدا پاڵاوگەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا ئاستی بەرهەمهێنانیان لە بەنزین و دیزڵ (گاز) بەهۆی پرۆسەی چاککردنەوەی پاڵاوگەکانیانەوە کەمکردۆتەوە.

هەڵكشانی نرخی نەوت، وا لە کۆمپانیاکان دەکات پڕۆسەی چاکردنەوە دوابخەن تا سوود لە بەرزیی نرخی نەوت وەربگرن. هەڵكشانی پەراوێزی نرخی پاڵاوتنی بەرمیلێک نەوت وا لە پاڵاوگەکان دەکات چاکردنەوەکانیان دوابخەن، کەمیی هەناردە و بەرزیی نرخ وا لە کۆمپانیاکانی لولە نەوتییەکان دەکات، ئەمانیش پرۆسەی چاککردنەوەکانیان دوابخەن، بەرزبوونەوەی نرخی غازی شلکراو لە بازاڕی خێرا، پرۆسەی چاککردنی ویستگەکانی شلکردنەوەی غازی سروشتی دوابخەن، دواخستنی پرۆسەی چاکردنەوە، واتە زیادبوونی مەترسییەکانی تەقینەوە و سووتان و لێچوون و لیککردن.

بۆتە گرفتێکی جیهانی
چی روودەدات کاتێک هەموو پرۆسەکانی چاککردنەوە هاوکاتی یەک دەبن؟ گەیاندنی بەرهەمە نەوتی و غازی شلکراو چییان بەسەر دێت، چی لە ئەوروپا روودەدات؟ کاریگەریی هەموو ئەوانە لەسەر نرخ چی دەبێت. کاریگەریی ئەوانە لەسەر دەستهاتی کۆمپانیاکان و دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت چی دەبێت؟
بە شێوەیەکی گشتی، دەوڵەتانی ئۆپیک، کە لەم سێ مانگەی دواییدا بەرهەمهێنانیان کەمکردەوە، جگە لە کەرتی پاڵاوتنی نەوت، بە ئاسانی دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن، چونکە گرفتی کەرتی پاڵاوتن ئێستا بۆتە گرفتێکی جیهانی، بەتایبەتی لە سایەی کەمبوونی گەیشتنی دیزڵ بە بازاڕەکان و ئەو گەمارۆیەی دەوڵەتانی ئەوروپا بەسەر هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیادا سەپاندوویانە.
پرۆسەی چاکردنەوە لە هەندێک لە ویستگەکانی شلکردنەوەی غاز لە ئوسترالیا هەیە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان رایانگەیاند بۆ ماوەی دوو مانگی داهاتوو لە هەندێک ویستگەدا بەرهەمهێنان رادەگرن، هیچ ئەلتەرناتیڤێک بۆ غاز لە بەردەستدا نییە، جگە لە گەڕانەوەی وێستگەی فریپۆرتی ئەمریکا بۆ غازی شل، کە چەند مانگێکە لە کارکردن دواکەوتووە، ئەگەر ئەم کۆمپانیایە تا سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ دەست بە کارکردن نەکاتەوە، واتە جیهان ناتوانێ دەستبەرداری غازی شلکراوی روسیا ببێت.
بڕیاری گەمارۆی ئەوروپا
راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە رۆژی پێنجی شوباتی 2023دا و لەگەڵ جێبەجێکردنی سەقفی نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا دەستی پێکرد، دەوڵەتە ئەوروپاییەکان راگرتنی هاوردەکردنی نەوتی خاوی روسیایان لە پێنجی کانونی یەکەمی 2022دا دەست پێکرد، لەگەڵیشیدا سەقفێکی نرخیان بە 60 دۆلار بۆ نەوتی خاوی روسیا دەستنیشانکرد.
وەک پێشتریش ئاماژەی پێکراوە، زۆربەی سزاکانی سەر روسیا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵگەش زۆرن، چونکە ئەو گەمارۆدانە تەنها ئەو بەرهەمە نەوتییانە دەگرێتەوە کە لەڕێی دەریاوە دەگوێزرێنەوە، ئەوانە ناگرێتەوە کە بە لولە یان لە رێگەی بارهەڵگرەکانەوە دەگوێزرێنەوە، هەروەها دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا دەتوانن بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا کە لە دەوڵەتێکی تر دەپاڵێورێن هاوردە بکەن.
دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا دوو مانگ بەر لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر روسیادا، بڕێکی ئێجگار زۆری بەرهەمە نەوتییەکانی روسیایان کڕی و ئەمباریان کرد، ئەگەر ئامانجەکە لە قاڵبدانی روسیا و ئەو پارەیە بێت کە دەستیان دەکەوێت، بۆچی بەر لە دوو مانگی گەمارۆکە هاوردەیان لە روسیا زیادکرد؟ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کە دژ بە روسیا و لایەنگری یەکێتیی ئەوروپایە، باسی لەوەکرد، کە روسیا لە مانگی رابردوودا بەرزترین بڕی دیزیڵی هەناردە کردووە، کە لە رۆژێکدا 1.2 ملیۆن بەرمیل بووە، دوو لەسەر سێی بۆ دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا ناردووە.
لەگەڵ پێشبینی هەندێکدا نایەتەوە
ئەمبارکردنی بەرهەمی روسیا لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە بەر لە جێبەجێکردنی گەمارۆدانەکە، واتە کاریگەرییەکەی لە مەودای کورتدا سنووردارە، ئەمەش لەگەڵ پێشبینی هەندێکدا نایەتەوە، کە رایان وایە ئەو گەمارۆیە بەرهەمهێنانی روسیا کەم دەکاتەوە و نرخی نەوتیش بەرز دەکاتەوە، هەر ئەمانە بوون کە پێشبینییەکانی پێشوویان لە مانگی کانونی یەکەمی 2022دا نەهاتەدی، کاتێک گەمارۆیان بەسەر روسیا سەپاند، نە بەرهەمهێنانی روسیا کەمی کرد و نە نرخی نەوتیش بەرز بۆوە.
روسیا لە هەر یەکێک لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بازاڕی نوێی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانی دۆزیوەتەوە، هەرچەندە بەرهەمەکانی رێگەی تریان بۆ بازاڕی ئەوروپا و ئەمریکا دۆزیوەتەوە.
رەنگە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی روسیا بەهۆی پرۆسەی چاکردنەوەوە کەم بکات، ئەگەر هاتوو ئەو پرۆسەیە هاوکاتی پرۆسەی چاکردنەوەی ناوچەکانی تری جیهان بێت، ئەوا بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێدەکەوێتەوە. گرفتەکە لەوەدایە، میدیای خۆرئاوا کەمبوونەوەی هەناردەی روسیا بۆ سزا و دەستنیشانکردنی سەقفی نرخی نەوتی روسیا دەگەڕێننەوە، نەک بۆ پرۆسەی چاکردنەوەکان.

پڕۆسەکانی چاکردنەوە
کەرتی پاڵاوتنی ئەمریکا چەند ساڵێکە بەدەست کێشەوە گرفتار بووە، هەر بەهۆی کۆنیی دامەزراوە نەوتییەکانەوە نییە، بەڵکو بە هۆی ئەو یاسا توندانەی ژینگەشەوەیە، کە لەسەر هەردوو ئاستی فیدراڵی و ناوخۆیی ولایەتەکان پەیڕەو دەکرێن، ئەمەش داخستنی ژمارەیەکی دیاری پاڵاوگەکانی لێکەوتۆتەوە، کە کەمکردنەوەی توانای پاڵاوتنی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێناوە و وایکردووە چین پێشی بکەوێت.
کێشەکانی پاڵاوتن لەگەڵ دووبارەبوونەوەی زریانەکانی کەنداوی مەکسیک، پاشان داخستن و کەرەنتینەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نرخی بەنزین و دیزڵی بە بەرزی هێشتۆتەوە، هەرچەندە نرخی نەوتی بەشێوەیەکی دیار کەمکردۆتەوە.
هەندێک لە پاڵاوگەکان هەوڵیاندا سوود لە پەراوێزی قازانجی پاڵاوتنی ئەو دوو ساڵەی رابردوو وەربگرن، پرۆسەی چاکردنەوەی پاڵاوگەکانیان راگرت، تا گەیشتە ئاستێک چیتر بەرگەیان نەدەگرت، ئەوەش ناچاری کردن، بە شێوەیەکی دەوری چاکردنەوە دەست پێبکەن، کە ماوەیەکی درێژتری پێویست بوو. داتاکانی ئێستا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە زۆربەی چاکردنەوەکانی ئەمریکا لە وەرزی بەهاردا دەکرێن. پرۆسەی چاکردنەوە دوو پرس دەگەیەنێت، داکشانی خواست لەسەر نەوتی خاو بە بڕی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە ئەمریکا، ئەویتریشیان، داکشانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین و دیزڵە.

بۆ پاڵاوگەکانی ئاسیاش راستە
ئەم پرسە هەر لە ئەمریکا نییە، کۆمپانیای شێل رایگەیاند، ئەویش دەست بە پڕۆسەی چاکردنەوەی پاڵاوگەی پرێنس لە هۆڵەندا دەکات، کە گەورەترین پاڵاوگەی ئەوروپایە، کێشەی ئێستای ئەوروپا، ئەگەر دەستپێکردنەوەی مانگرتنەکانی کرێکارانی پاڵاوگەکانە، وەک ئەوەی ئەم دواییەی فەرەنسا، ئەمەش کاریگەریی دیاری لەسەر فەراهەمکردنی دیزڵ دەبێت، کە لەسەر ئاستی جیهانی کەمیکردووە، هەمان پرس بۆ پاڵاوگەکانی ئاسیاش راستە، پاڵاوگەکانی کۆریای باشوور و چین و سەنگافورە و هیندستان، هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەوروپا گەمارۆی خستۆتەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا.
داکشانی بەرهەمهێنانی بەنزین و دیزڵ لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا، زیادبوونی مسۆگەری چالاکی بازاڕی رەشی بەرهەمە 
نەوتییەکانی روسیایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان