رەوەز ئیسماعیل
لە یارییەكی گرنگی هەفتەی 22 ی پریمەرلیگدا كە یاریی لووتكەی ئەو هەفتەی بوو، یانەی تۆتنهام پشتی یانە زەبەلاحەكەی شاری مانچستەر (مان سیتی) لەزەویدا و ئەركی بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵی لێ ئاڵۆزتر كرد.
ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەر كردن بوو ئەوەبوو تاكە گۆڵی بردنەوەی تۆتنهام لەم یارییەدا هاری كەینی یاریزانی نێودەوڵەتی ئینگلیزی لەدەقیقەی (15) دا كردی، ئەم گۆڵەش ئەم داتاو ئامارانەی پێ تۆمار كرا:
*ریكۆردی گۆڵكەری مێژوویی یانەی تۆتنهامی شكاند و خۆی بوو بە گۆڵكەری مێژوویی یانەكە بە 267 گۆڵ، ریكۆردی پێشوو بەناوی جیمی گریڤسەوە بوو، جیمی گریڤس لە نێوان ساڵانی 1961 تا 1970 توانیبووی 266 گۆڵ بۆ ئەم یانە لەندەنییە لە خولی ئینگلیزیدا تۆمار بكات.
*ئەم یاریزانە گۆڵكارەی تۆتنهام تەمەنی 29ساڵە، لە ساڵی 2010 ەوە لەم یانەیە یاریی دەكات و هێشتا زۆری لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر بكات، ئێستا چاوی لەوەشە ببێتە گۆڵكەری مێژووی خولی ئینگلیزی، تائەم ساتە گۆڵكەری مێژووی خولی ئینگلیزی ئالان شیرەرە بە تۆماركردنی 260 گۆڵ و واین رۆنی دووەمە بە 208 گۆڵ.
*كەین لەكۆی ئەو 267 گۆڵەكەی بۆ تۆتنهام كردوونی، 200 گۆڵیان لە خولی ئینگلیزیدا بووە، لەبەر ئەوە زۆر ئاسانە بەم نزیكانە ببێتە دووەم گۆڵكەری مێژوویی خولی ئینگلیزی، بەڵام بۆ شكاندنی ریكۆردەكەی شیرەر 260 گۆڵ، هێشتا رێگاكەی دورو درێژە بەڵام سەخت نییە.
*هاری كەین یاریزانە بەوەفاكەی یانەی تۆتنهام، لە تیپی لاوانی یانەكەیەوە دەركەوتووە، ساڵی 2009 بۆ تیمی تازەپێگەیشتووانی یانەكە (ئەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 16 ساڵ كەمترە) یارییكردووە، وەرزی 2009-2010 بۆ تیمی یەكەمی یانەكە بانگ كراوەو چەند یارییەكیشی بۆكردووە، پاشان بەخواستن لەو ساڵەداو ساڵی دواتریش چووەتە چەند یانەیەك، بەڵام وەرزی 2014-2015 بەرەسمی بوو بە یاریزانی تیمی یەكەم تائێستا.