لەیادت ناكەین

11:19 - 2023-02-20
وەرزش
326 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

یەكێك بوو لە مامۆستا دڵسۆزەكان، یەكێك بوو لە وەرزشكارە هەرە دیار و ناودارەكان، یەكێك بوو لە كەسایەتییە خۆشەویستەكان و هەر كەسێك بۆ تەنیا یەك سات ناسیبێتی رێزی بێ پایانی لێگرتووە، خۆشەویست و رۆح سوك و قسەخۆش و پڕ لە یادگاریی وەرزشیی، ئەو كەسەش خواڵیخۆشبوو مامۆستا كەریم عومەرە.
زۆر بەداخەوە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 16/2/2023 هەواڵی ناخ هەژێنی كۆچی دوا مامۆستا كەریم عومەر نەك توێژی وەرزشكاران بگرە خەڵكانێكی زۆریشی خەمباركرد، ئەو یەكێك بوو لە رابەرانی وەرزشی شاری سلێمانی، مامۆستایەكی دڵسۆزیش بۆ ئەرك و خزمەتی پەروەردە و فێركردن، كەم یاریی هەیە ئەم نەیكردبێت، خوێنكارێكی زۆری پێگەیاند، لە روی كوردایەتی و نیشتمان پەروەریشەوە كاراكتەرێكی دڵسۆز و خۆ نەویست بووە، لەهەموو ئەو بوارانەشدا ئەسپسوارێكی لێهاتوو جەربەزەبووە.
چی بوترێت و چی بڵێین سەبارەت بە گەورەیی و خزمەتەكانی مامۆستا كەریم و دڵسۆزی ئەو بۆ نەتەوە و نیشتمان و وەرزش و پەروەردەو فێركردن لە شاری سلێمانیدا هەرگیز ناگەن بە تۆزی كاروانە پڕ سەروەریەكەی خزمەتەكانی.
مامۆستای خۆشەویستی وەرزشكاران و خوێنكاران و هاوڕێ و هەڤاڵانی، ساڵی 1945 لەگەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لەدایكبووە، هەرلەسەردەمی منداڵییەوە خولیای وەرزش بووە، ساڵی 1959 لە تیپی ئاسۆ كە یەكێك بووە لە تیپیە میللییە دێرینەكانی شاری سلێمانی و لەگەڕەكی كانێسكان بووە، دەستی بەیاریكردن كردووە، پاشان  ساڵی 1962 چووەتە تیپی مەریوان، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی سەركەوتووانە تەواو كردووە، لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندنیدا یاریی بۆ ئەو قوتابخانەو خوێندنگایانەش كردووە كە تیایاندا خوێندكار بوە.
پاش تەواو كردنی قۆناغەكانی خوێندن، لە بەغدا لەكۆلێجی پەروەردەی وەرزش وەردەگیرێت و ساڵی خوێندنی 1966-1967 ئەم قۆناغەی خوێندنیش سەركەوتوانە تەواو دەكات، پاشان لەبورای پەروەردە و فێركردندا دەست بە خزمەتەكانی دەكات و وەك مامۆستایەكی دڵسۆز دێتە مەیدانەكە و لەنێوان ساڵانی 1967 تا 2008 لە ژیانی وەزیفی بەردەوام بووە،  یەكەم قۆناغی دەست بەكار بوونی وەك مامۆستا لە ناوەندی جمهوری بووە، دوا قۆناغی خزمەتی لەم بوراەدا دواناوەندی سەرچنار و مەشخەڵان بووە لەو گەڕەكە و دواتر ساڵی 2008 خانەنشین بووە.
لە ژیانی وەرزشكردنیدا خزمەتەكانی هێندە زۆرن كە ناكرێت لە باسێكی ئاوادا مافی خۆی بدەێنێ، هێندە هەیە ئەم وەرزشكار و مامۆستا دڵسۆزە دەریایەك ئارەقی ماندوو بوونی تاقەت پڕوكێنی بۆ وەرزش رشتووە، یاریی بۆ زۆر لە تیپە میللییەكان كردووە، لە ساڵی 1968 ەوە یاریزانی یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی بووە، دەساڵ زیاتر یاریی بۆ تیپی نەقابەی مامۆستایانی سلێمانی كردووە، كاتێك یانەی سیروان ساڵی 1970 دادەمزرێت ئەم ئەندامێكی دڵسۆز و دەستەی دامەزرێنەری بووە، یاریی بۆ تیپەكانی بالەو باسكەو تۆپی پێ و تەنانەت گۆڕەپان مەیدانی یانەكەش كردووە، ساڵی 1971 بۆ ریزی هەڵبژاردەی بالەی عیراق هەڵبژێردراوە.
پاش ئەوەی واز لە یارییكردن دەهێنێت، یەكەم جار وەك مامۆستایەكی دڵسۆزی وەرزش گەورەترین خزمەتی پەروەردە و فێركردن كردووە، لەبواری راهێنەرییشدا جێگە دەستی دیاربووە، ماوەیەك راهێنەری تیپی ئاری بووە لە چوار باخ كە چەندین یاریزانی ناوداری ساڵانی حەفتاكانی سلێمانی یارییان بۆ كردووە، ماوەیەكیش راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی پەروەدەی سلێمانی بووە، ئەندامی رێكخراوی وەرزشكارە دێرینەكانی سلێمانی بووە، زۆربەداخەوە ئەم وەرزشكار و مامۆستا دڵسۆزە رۆژی 16/2/2023 لەتەمەنی 79 ساڵیدا دوا ماڵئاوایی لە وەرزش و پەروەردەو فێركردن و كەس و كار و هاوڕێ و هەڤاڵانی دەكات و كۆچی دواییكرد، بۆ ئەم خەمە هێندەمان پێدەوترێت بڵێین رۆحت شاد مامۆستاو وەرزشكار و كەسایەتییە دڵسۆزەكەی شاری سلێمانی، هەرگیز لە 
یادت ناكەین.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان