بۆچوونە جیاوازەکان بۆ دیدار

پڕۆژەیەک بۆ زیادکردنی متمانە

10:11 - 2022-04-17
ڕاپۆرت
643 جار خوێندراوەتەوە

لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ئەندام و کادرانی یەکێتی، تەنانەت کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە گرنگی و بایەخی دیداری یەکێتی تێگەیشتوون، لەو بارەیەشەوە بۆچوون و لێکدانەوەی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

یەکێتیی و خەمی کۆمەڵگە
فریاد عومەر جەلیل ئەندامی مەڵبەندی 24ی رێکخستن لە بارەی دیدارەکەوە و لە وتارێکدا بە ناونیشانی یەکێتیی نیشتمانی و خەمی کۆمەڵگە، دەڵێ: یەکێتی لە سەرەتای دروستبوون و دامەزراندنییەوە هەوڵ و تێکۆشانی لە پێناو ئازادی و پێشخستنی  کۆمەڵگەدا بووە و رووبەڕووی هەموو پیلانێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان.
یەکێتی دیدارێک دەبەستێت، دیدارێکی جیاواز، ئەویش چەسپاندنی خەمی کۆمەڵگە و بەرقەرارکردنی داواکارییەکان و دەست خستنە سەر کەموکوڕیەکانە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا تا لە داهاتوودا بیکاتە بەرنامەی کاری رێکخراوەیی و بە جۆرێک کەوتۆتە خۆی خۆی بەخاوەنی مەسەلە سیاسی و ئابووری و کارگێڕییەکانی کوردستان دەزانێت ئەویش لە سەر بنەمای دڵسۆزی بۆ دۆزی رەوای گەلەکەی.
دەشڵێت، یەکێتی لەو دیدارەدا دەیسەلمێنێت گوێگر و خەمخۆری میلەتەکەی خۆیەتی لە پێناوی دواڕۆژێکی پرشنگدار بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردن لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا، لێرەوە بەباشی دەزانم تیشک بخەمە سەر ئەو لایەنەی کە چۆن لەم کابینە نوێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تیمی حکومەت بەگشتی و بەتایبەتی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەر.
لە دیداری یەکێتیدا پێویستە بە بایەخەوە سەیری ئەو کەرتە بکرێت، بە جۆرێک  بکرێتە بنەمای خزمەتکردن و گرنگی پێدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەسازی کشتوکاڵی، چونکە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر کە بەزانستیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دەبێتە پایەیەکی خۆڕاگری بۆ دەوڵەت و حکومڕانییەکەی، بەجۆرێک لە کاتی تەنگژە و ئاژاوە و شەڕو قەیرانی دەرەکیدا بە پێشخستی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ لە ناوخۆدا خۆڕاگری و هێزی مانەوەت دەبێت.
دیداری یەکێتی لە قۆناغێکی گرنگدایە چونکە یەکێتی سەرمایەکی زۆری کادر و دۆست و لایەنگری هەیە، دەبێت لەو دیدارەدا گرنگی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بدرێت، بەجۆرێک دیدار ببێتە مایەی خۆشبەختی بۆ هاونیشتمانییەکانی لە داهاتوودا.
لە گۆشەیەکی تری دیداردا بە پێویستی دەزانم یەکێتی پاداشتی دەڤەری راپەڕین بداتەوە، بەجۆرێک لە رێگەی تیمی حکومەتەوە هەموو هەوڵێک بدات بۆ خزمەتکردنی دەڤەری راپەڕین بەگشتی لە هەموو بوارەکاندا و بەتایبەت ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی لە سنوورەکە پەکخراون و بەتەواو بوونیان دەبێتە مایەی شانازی بۆ حزبمان و مایەی خۆشگوزەرانی دەڤەرەکە، کە ئەو حەقەشی بەسەر یەکێتیەوە هەیە چونکە لەو رووبارە خوێنەی یەکێتی رشتوویەتی پشکی شێر بەر دەڤەری راپەڕین دەکەوێت.

متمانە بە ئایندەیەکی روون
سەرباز ئەحمەد برایم سەبارەت بە گرنگی دیدارەکە دەڵێ: دیداری یەکێتی مۆدێلێکی نوێی کاری حزبی و رێكخراوەییە بۆ ئامانج و سیاسەتکردن و خزمەتکردن لە ئایندەدا بە هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە لە سەر ئاستی هەرێم و دەرەوەش، دیداری یەکێتی دیدارێکەبۆ پەنجە خستنە سەر برینەکان لە ناو دامەزراوە حزبی و رێکخراوەی و حکومییەکان لە سەرجەم سکێتەرە جیاوازەکاندا. دیدارەکە پڕە لە پرۆژەی هەمەلایەن بۆ سەرجەم بوارەکانی کارکردنی حزبی و رێکخراوەیی و حوکمداری ناوخۆ و مامەڵەکردنی ژیرانە لەگەڵ دۆستەکانمان لە دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دیدارێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم  پرسە جیاوازەکان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، دیدارێکە بۆ گفتوگۆی تێرو تەسەل لەسەر ئەو پرسانەی کە زۆر لە ناکاو بەرۆکی هەرێمەکەمان دەگرن و باجمان پێدەدەن.
دیداری یەکێتی دەیەوێت بۆ هەموو ئەگەرەکان پڕۆژە و ستراتیژێکی روون و ئامادەباشی هەبێت بۆ ئایندەی هەرێمەکەمان لە ناوخۆ بێت یان دەرەوە، دیداری یەکێتی پێمان دەڵێت نا ئومێدییەکانتان دەگۆڕین بۆ ئومێد بە ئایندەیەکی باشترو پڕ بەرهەم بۆ حزبمان و کۆمەڵگە، متمانە بەدیداری یەکێتی متمانەیە بەئایندەیەکی روون بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەرێمەکەمان. دیداری یەکێتی پڕۆژەیەکی گرنگە، متمانەمان زیاتر دەکات و ئایندەمان گەشتر پیشان دەدات. متمانە بوون بە دیداری یەکێتی گەڕانەوەی هەستی نەتەوایەتییە، متمانەیە بۆ ئایندەی هەرێمەکەمان بۆ دەربازبوون لە سیاسەتی نادروست. متمانە بە دیداری یەکێتی روحی سەرۆک مام جەلال ئاسوودە دەکات.

دیداری یەکێتی نوێکردنەوەی دید و سیاسەتەکانە
پەرژین سلێمان مەحمود چالاکوان و رۆژنامەنووس بۆ دیدارەکە دەنووسێت و دەڵێ: دیداری یەکێتی مۆدێلێکی نوێی سیاسەتکردنە، جارێکیتر پێویستمان بە بەخۆداچوونەوە و رەخنە سازییەکی تەواو جیاوازە کە بنەما سەرەکییەکانی لەسەر لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی زانستی بێت بە رەچاوکردنی دونیای گۆڕاو و هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوە، بە تایبەتیش بۆ ئافرەتان گەڕانەوەی ئومێدە بۆ کارکردنیان لە پێگە جیا جیاکاندا.
یەکێتی لە رێگەی ئەم دیدارەوە دەیەوێت لە رووبەرێکی گەورەی خەڵک و بیرو ئەندێشە جیاوازەکانی شەقامەوە روئیایەکی نوێ بخاتە گەڕ، پێویستمان بەوەیە لە ھەموو سێکتەرەکاندا دیدی نوێ و دەستپێشخەری یەکێتیانە بھێنینە کایەوە.

 

یەکێتى و ئایندە
هەر سەبارەت بە دیدارەکە، کاروان شەهید کەمال زورکانى دەڵێ: یەکێتی لە ساتەوەختێکدا لەدایکبوو تەواوی کوردستانیان بە شکستی شۆڕشی ئەیلول کەوتبوونە بازنەی نائومێدییەوە و ئەوێ رۆژێ تروسکەی هیوایەک نەمابوو، ئەم ساتەوەختە سەنگی مەحەک بوو بۆ پارتێکی سیاسی بێ پشتیوانی دەرەکی و ناوخۆ لەسەر پای خۆی بوەستێت، بەڵام بەرنامە و کارامەیی سەرکردایەتی نوێی شۆرش ئیرادەی پۆڵاینی پێشمەرگەو کادرانی حزب، بە دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن بە ئامانج گەیشت و یەکێتی بەڵێنی خۆی بەکوردستانیان و شەهیدان بەجێ گەیاند .
هەرچەندە دوای راپەڕین لە ئەدای بەڕێوەبردن و ئیدارەدا، لە ئەنجامی لادان لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حزب، یەکێتی تاڕادەیەک دوور خستنەوە لە جەماوەر و ئەرکی راستەقینەی حزب، رۆژ دوای رۆژ رەخنەو گلەییەکان لە یەکێتی بەرەو زیاد بوون دەچوون، لەگەڵ ئەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاری و بەرزی و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینی ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەبردن و حزب جێهێشت، گەرچی ئەمە نابێتە پاساو بۆ پارتێکی سیاسی کە لە پرۆسەی رزگاری نیشتیماندا دەریایەک خوێنی بەخشیوە و لەسەرجەم کێشمەکێشی ناوچەکەدا ئامادەیی بەرچاوی هەبووە، هەڤاڵانی یەکێتی تا ئەم چرکەساتەش جێگای ئومێدی کۆماڵانی خەڵکی کوردستانن و یەکێتی جێی روانینی دۆستەکانە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەکە بەگشتی، واتە دیداری یەکێتی ئەبێت فریادڕەسبێت و نەقش بێنێت، جگە لە راستکردنەوەی باری خواری حزب رێگایەکی ترمان لەبەردەست نییە، دەبێ دیداری یەکێتی لە داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی بۆ سەرجەم سێکتەرەکان بە خوێندنەوەیەکی واقعیانەدا بڕوات و ئاوێتە بێت بە رۆحی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە، ناشێت دیدار لەپێناو بەرژەوەندی ئەم و ئەو لاڕێ بکرێت با چیتر دڵی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ئازار نەدەین، با چیتر پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین نائومێد نەکەین، با چیتر گەنج و لاوانمان لە دووری نیشتمان سەرگەردان نەکەین .
باچیتر ژنان و توێژەکانی کۆماڵگا لە خۆمان زویر نەکەین و ئەم دیدارە بکەینە دەستپێکی رۆژێکی  نوێ، لەم بەهارەدا بەوتەیەکی بەنرخ و رەنگینی مام، کە دەڵێ: (یەکێتی هی هەموانە)، با یەکێتی بکەینە هی هەموان.

ئومێدێک لە قۆناغێکی گرنگدا
سەردار ساڵح مەنگوڕی، دەڵێ: دیداری یەکێتی فۆرم و شێوازێکی نوێیە لە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی رێکخراوەیی یەکێتیدا. 
نامەوێت بچمەوە مێژوو بۆ بیرھێنانەوەی داھێنانەکانی یەکێتی لە شێواز و تەکنیک و فۆرمەکانی ژیانی حزبیدا، لە دوای کۆنگرەی چوارەوە کە ئومێدی سەرجەم تێکۆشەرانی یەکێتی و بگرە تەواوی خەڵکی کوردستانیش بوو، کە دوای شەڕی داعش و ریفراندۆم و غیابی مام جلال یەکەم کۆنگرە بوو، بێگومان گەلێک پرسی چارەسەر کرد، بەڵام سروشتی کۆنگرەو کۆنفرانسەکان وایە ئەنجامەکانی لە پراکتیکدا رێژەیین و ھێشتاش چارەسەرو وڵامی بۆ سەرجەم پرسەکان و کێشەکان پێ نەبوو. 
دیدار وەک لە دروشمەکانیدا ئاماژەی پێدراوە، نە بەدیلی کۆنگرەیەو نەپەیڕەویش دەگۆرێت،بەڵکو خوێندنەوەیەکی ترو راڤەیەکی ترە بۆ ئامانج و دیدگاکانی یەکێتی و ستراتیژو پلانی درێژ خایەن و کورتخایەنی یەکێتی، ھەم ئەو ستراتیژ و پلانانەی کۆنگرەی چوار کە ناھتنەدی و ھەم ئەوانەی لەدوای کۆنگرەوە بونەتە پێوێستی نوێ و پرسی نوێن لە گۆرەپانی حوکمرانی و سیاسی کوردستان.
خوێندنەوەیەکی جیاواز و نوێ بۆ کێشەکانی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ..ھتد بە شێوەیەک لە پراکتیکدا شیاوی جێبەجێ کردن بن.
خەڵک و یەکێتییەکان ئومێدیان لەسەر دیدار ھەڵچنیوە لەبەر ئەوە پێوستە دیداری یەکێتی لە جێی ئومێدی خەڵک بەگشتی و تێکۆشەران و لایەنگرانی رێبازی سیاسی مام جلال دا بێت.
دیداری یەکێتی پێویستە راڤەیەکی نوێ بۆ دیدگا و تێڕوانینی یەکێتی بۆ مامەڵە کردنی یەکێتی لەگەڵ ئەو پرسانەدا بکات کە بەلای خەڵکەوە لەپێشینەدان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت، بۆ پرسی کێشەکانی ھەرێم و بەغدا موچەو بودجە، پرسی کارگێری و ئابووری بەنەوت و غاز و سامانە سروشتیەکانیشەوە، بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ کێشەی گەندەڵی کە یەکێکە لەدەردە ھەرە کوشندەکانی کۆمەڵگای ئێمە و پێویستە راسپاردەو پێشنیاری بۆی ھەبێت و راسپاردەکانیشی پابەندکەربن و چاودێری جێبەجێ کردنیان بکات.
دیدار پێویستە پلان و ستراتیجی نزیک مەوداو دور مەودای پێ بێت بۆ کێشەکانی گەنجان و بێکاری و کۆچی بە لێشاوی گەنجان کە بێگومان دەرەنجام و دەرھاویشتەکانی ئەم کۆچ و رەوە کاریگەری نەرێنی و وێرانکەری بەسەر کایەی سیاسی و ئابووری و ھێزی کارو پرسە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە دەبێت لە ئایندەیەکی نزیک و ناوەند و دووردا.
دیدار پێویستە وەڵام و خوێندنەوەی نوێی پێ بێت بۆپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکاری و نەخشەی نوێی رۆژھەلاتی ناوەڕاست، قۆناغی دوای روودانی شەڕی ئۆکرانیاو دەرھاوشتەکانی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەک و روسیاو چین لەلایەکی تر خوێندنەوەیەک نەخشە رێگایەک کە کوردو کوردستان بپارێزێت لە دەرھاویشتەکانی ئەم ململانێ جێھانییە و بێ زیان یا کەمترین زیان لێی دەربچین.
دیدار جێی ئومێدی خەڵکەو پێوەستە وەڵام و راسپاردەی پێ بێت بۆ ھەموو ئەو پرسانەی کە پرسی گەرمن لای خەڵک و رای گشتیش بە پەرۆش و ئومێدەوە چاوەرێی ئەنجامەکانی دەکات و کاردانەوەشی بۆیان دەبێت، ئومێد دەکەم دیدار لەجێی ئومێدی ھەمواندا بێت.

یەکێتی و یەک رەنگی کورد لە بەغدا
بنار محەمەد لە وتارێکدا بۆ دیدار دەڵێ: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەموو بارودۆخێکی دژواردا کە روو لە کورد و ھەرێمی کوردستان دەکات، ھەنگاوی جیاواز و بوێرانە دەنێت، چونکە یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی عیراقدا کار دەکات، بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانی ھەرێم و یەکدەنگی لەسەر ئاستی عیراق، ئەمەش لە پێناو بودجە و مووچە و خۆشگوزەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
بۆ ئەم قۆناغەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگرە لەسەر ماف و ئیمتیازەکانی کورد لە عیراق، ھەمیشە سوورە لەسەر تێکەڵنەکردنی قوتی ھاووڵاتیان بە ململانێ سیاسییەکان، بەداخەوە کورد بەھۆی چەند لایەنێکی سیاسییەوە، پەرتەوازە بووەو ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە یەکێتی دەیەوێت بۆ ئەو دۆخە خراپەی کورد ھەنگاوی جیاواز بنێت لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکانی عیراق، تا چارەسەری قەیرانەکانی کورد بکات.
جیاوازی نێوان یەکێتی و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی  کوردستان، بە رەوا نەزانینی یەکدەنگی کوردە لەلایەن لایەنە سیاسەکانی کورد، کە یەکێتی وەک تاکە حزب کار لەسەر یەک پاکێجی کورد دەکات لە عیراق، وەک ئاشکرایە ئەگەر یەکێتی نەبوایە لە رابردوودا کورد نەیدەتوانی ئەو مافەی ھەیەتی لە عیراق دەستە‌بە‌ری بکات، ئەویش لە رێگای سیاسەتە حەکیمەکانی سەرۆک مام جەلالەوە کە توانی سەرجەم کێشەکانی کورد چارەسەر بکات، ئێستاش لەسەر رێڕەو و ستراتیژەکانی سەرۆک مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەفدێکی باڵا لە بەغدایە، بە ھەموو توانایەک لە ھەوڵی چارەسەرکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵک و ئە‌و بارە نالەبارەی کورد و عیراق تێکەوتووە.

قۆناغی سەختی سیاسی
گلێنە عەبدوڵڵا وسو، لە بارەی دیداری یەکێتییەوە دەڵێ: لە دوای سەرۆک مام جەلال، یەکێتی بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و حیزبیدا تێپەڕی. سەفەری یەکجارەکی سەرۆک مام جەلال بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و رۆحی بۆ سەرجەم یەکێتییەکان و تەنانەت دۆست و لایەنگرانی دروست کرد. بۆیە یار و نەیار پێیان وابوو جارێکی  تر یەکێتی نابێتەوە بە یەکێتییەکەی جاران و ناکەوێتەوە سەرپێی خۆی، پێیان وابوو یەکێتی دەبێتە مێژوو. بەڵام خۆشبەختانە بە بڕوای پتەوی یەکێتییەکان بڕیاری کۆنگرە درا و سەرکەوتوو بوو، یەکێتی سەلماندی بە پشتبەستن بە هێزی جەماوەرەکەی دەتوانێت بەسەر هەموو ئەو کێشانەدا زاڵ بێت کە دێنە سەر رێگەی. 
گۆڕانکارییە بەردەوام خێراکانی دنیا ئەوە دەخوازێ کە یەکێتی وەک حیزبێکی سۆسیال دیموکرات بەردەوام لە گۆڕان و نوێ بوونەوەدا بێت، بە ئاراستەی زیاتر خزمەت کردنی خەڵک و جەماوەرکەی، لەو پێناوەدا گەڕانەوەو گوێگرتن لە  کادرو لایەنگران و پسپۆڕی تایبەت و گفتوگۆ و تاوتوێکردنی مەسەلە هەنووکەیی و چارەنووسسازەکان پێویستە. لەو چوارچێوەیەشدا دیداری یەکێتی پێوەستە ببێتە بناغە و تیایدا بەرنامەو کاری سێکتەرە جیاجیاکان دیاری بکرێن، لەوێشەوە هێڵی کارکردنی ئاییندەی یەکێتی دەست نیشان بکرێت. 
پێموایە ئەم دیدارە، قۆناغێکی  گرنگی حیزبی تێدەپەڕێنێ و هەموومان چاوڕێین لەسەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی ئەو پرسیارو سەرنجانە بدەنەوە کە کادران ئومێدی ئاییندەی یەکێتی لەسەر هەڵدەچنن و ئەم بەهارە بۆیەکێتییەکان ببێتە دوو بەهار. 

دیداری  یەکێتی بۆچی؟
شاخەوان سلێمان لە بارەی دیدارەکەوە دەڵێ: بە بنەماگرتنی رەهەند و ئەفکارە جیاجیاکان لە ناو هەموو جوڵانەوە و پارتێکی سیاسیدا جیاوازە لە چاو  دید و دیدگای یەکێتی بۆ ئەندامەکانی خۆی، تێڕامانی رابەری شۆڕشی نوێی  گەلەکەمان  بریتی نییە لە ئیتاعەت و مەعبودیەت بەڵکو پێچەوانەکەی بە بنەما گرتووە، ئەو پێیوایە هەمومان لە بۆچووندا ئازادین و لە بڕیاردا هاوبەشین و ئەرکیش لەسەر شانی هەموانە، دیداری یەکێتیش داننانە بە وجودی هەموو هەڤاڵان بۆ دیاریکردنی رێڕەوی کارکردنیان لە ناو حزبەکەی خۆیاندا. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بڕوای بە خەباتی رەوای گەلەکەی هەبووە بۆ هێنانەدی ئامانجە گەورەکە کە ئەویش کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆیە، گرنگی دیداری یەکێتی بریتییە لە بەرنامەیەکی رێکخراو بۆ رۆژانی داهاتوو بۆ ئەوەی بە ئەرک و راسپاردەوە  هاوتەریب لەگەڵ خەم و پێویستییەکانی میلەتەکەی بە ئامانجی خزمەتی زیاتر و جێبەجێ کردنی هەموو دروشمەکانی یەکێتی لەم دیدارەدا بە ئامانج دەگیرێ بۆ ئاسوودەکردنی رۆحی رابەری ئەم شۆڕشە نوێیەو هەنگاوی کردەییش دەنرێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەمەش رەنگدانەوەی رۆحی راستەقینەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییە.

#دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان