قوباد تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە عوساف سەعید، سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان و تاوتوێی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەو وڵاتە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە 21ی شوباتی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و باڵیۆز و کونسوڵی هیندستان ئامادەیبوون، باس لە چاکسازی و پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت کرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی هیندستان لە بواری حکومەتی ئەلکترۆنیدا کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی پڕۆسەی حکومەتی ئەلکترۆنی لەپێناوی نەهێشتنی رۆتین و گەندەڵی پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی هیندستان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، باسی لە پێویستیی رێکخستنەوە و بە ئەلکترۆنیکردنی سیستمی بانکی کرد و لەم چوارچێوەیەشدا کە وڵاتی هیندستان زۆر پێشکەوتوون، داوای هەماهەنگی لێکردن.
سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی هیندستانش لە کۆبوونەوەکەدا ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و راشیگەیاند، ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لەڕووی گواستنەوەی ئەزمو،نی ئەو وڵاتە بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی حکومەتی ئەلکترۆنی.