د.عەبدوللەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆمار، داوەتنامەیەكی فەرمی لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە بۆ سەردانی ئێران، پێگەیشت.
دوێنێ، سەرۆك كۆمار لە كوشكی بەغدا پێشوازیكرد لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدی هاوڕێی، سەرۆك كۆمار بەڵێنیدا لە نزیكترین كاتدا وەڵامی داوەتنامەكە، بداتەوە.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، جەختی لەەوەكردەوە كە عیراق و ئێران دوو وڵاتی دراوسێن و پەیوەندیی مێژوویی هاوبەشیان هەیە، دەتوانن بەشداری لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و هاندان بۆ پەنابردنەبەر دیالۆگ و ئارامی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە و جیهان بكەن، ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرجەستەكردنی ئاسایش پێویستی بە هاریكاریی نێوان وڵاتانی ناوچەكەش هەیە، هاوكات جەختی لە پێویستی هەماهەنگی و راوێژكردن كردەوە لەسەر پرسە هاوبەشەكان بەشێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و ئێران و ناوچەكەش بكات.
هەروەها، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە لە پشتیوانی هەوڵەكانی عیراق بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و خواستی بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.