قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دۆخی ناوخۆی هەرێم و چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازییەکان لە دامەزراوەکاندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 23ی شوباتی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باسی پڕۆسەی بە ئەلکترۆنی کردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم کرا کە ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە کاری لەسەر دەکرێت.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی کرد بە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی تۆماری بایۆمەتری و پڕۆژەکانی خزمەت و شەفافییەت لە داهات و بە ئەلکترۆنی کردنی تۆماری کۆمپانیا و کەمکردنەوەی رۆتین و گەندەڵی و بە ئەلکترۆنی کردنی دامەزراوەکانی حکومەت بەگشتی و رایگەیاند: هەموو ئەم پڕۆژانە پشت بەست بە توانای خۆماڵی و راوێژی دەرەکی هەنگاوی باشی بڕیوە ولە ماوەیەکی نزیکدا قۆناغێکی نوێی بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکانی فەرمانگەکان رادەگەیەنین.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا کرا.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا. قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.