ئەمین بابە شێخ بۆ حزبی کۆمۆنیستی چین:

مام جەلال پتەوترین کەناڵی پەیوەندییە حزبی و حکومییەکەی نێوانمان بوو

10:22 - 2022-04-17
ڕاپۆرت
894 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی میوانداریی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی چین-ەوە بۆ کۆبوونەوەی گشتیی ئەو حزبە، هەڤاڵ ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، لە وتارێکدا پەیامی ی.ن.ک-ی گەیاندە کۆبوونەوە گشتییەکە و تێیدا ئاستی پەیوەندییەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین و کۆماری میللیی چین-ی لەگەڵ ی.ن.ک و دەوڵەتی عیراق و هەرێمی کوردستاندا بەرزنرخاند کە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال چوارچێوەکەی داڕێژراوە. ئەمەی خوارەوەش دەقی وتارەکەیە

پایەبەرز ژوو روی وەزیری یاریدەدەر-ی بەڕێز
خوشکان و برایان، کادرانی بەڕێزی حزبی کۆمۆنیستی چین..
هاوڕێیانی ئازیزی ئامادەبوو.. رۆژتان باش


سەرەتا خۆشحاڵم بەوەی کە بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سوپاستان بکەم بۆ میوانداری کردنمان لەم کۆبوونەوە گرنگەدا، هەروەک خۆشحاڵیشم کە شانازیی خۆمانتان دەرببڕم بەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان حزبی کۆمۆنیستی چین و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پێشمان خۆشە کە ئەو پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە رێزلێبگرین و بەرزی بنرخێنین کە لەنێوان کۆماری میللیی چین و کۆماری عیراق لەلایەک و هەرێمی کوردستان لەلایەکی دیکەوە، لەئارادایە.
لە رێگەی ئەم پەیوەندییە مێژوویی و سیاسی و ئابوورییەی کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بێگومان دەبێت رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرکردایەتی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی بەرز بنرخێنین. کە سەرۆک جەلال تاڵەبانی باشترین و پتەوترین چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە حزبی و حکومییە بنیاتنەرانەیەی نێوانمان و  ئەو دیالۆگە بەبەرهەمە بوو سەبارەت بە پەیوەندیی حزبیی نێوانمان و نێوان کۆماری چینی میللی و کۆماری عیراق و هەرێمی کوردستانی عیراق و هەروەها سەبارەت بە دۆسێکانی دیکەی جێ گرنگی هاوبەش، وەک پەیوەندییە سیاسی و ئابووریی و کەلتورییەکان، بەو جۆرەی کە لەگەڵ خواستەکانی هەردوو وڵاتدا دەگونجێت.

پەیوەندییەک قووڵایی مێژوویی هەیە
ئەمڕۆ ئەم خواستانە وردە وردە گەشە دەکات لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی ، ئابووری ، کەلتووری ، ئەمنی و سەربازیی کە لەگەڵ بەرژەوەندیی هەردوو گەلدا بگونجێت.
دۆستایەتی چین لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە جیهانی عەرەبیدا، دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی مێژوو، لەگەڵ هەموو سەردەمەکانیشدا نوێ دەبێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری چین و وڵاتانی ناوچەکەمان لەڕووی جوگرافییەوە دوورن لە یەکترییەوە، بەڵام هەردوو گەلی چین و کورد و گەلانی دیکەی نیشتەجێی ناوچەکە بەشێکی گرنگی جیهان بێکدەهێنن، وەک گەلانی دیکە، کە گەلانی ناوچەکە شەریکی رێگەی ئاوریشمیی دێرین بوون.
لەسەر ئاستی مێژووی سیاسیش، گەلی چین و کورد هاورێباز بوون لە خەبات لەپێناوی سەربەخۆیی و رزگاری. هەروەها کۆماری میللیی چین لاپەڕەی گەشاوەی بۆ هاوکاریی و سوود گۆڕینەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نەخشاندووە لەنێویاندا دەوڵەتی عیراق و هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر دۆخی نێودەوڵەتیدا هاتووە، هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە دێنە سەر رێگەی بووژانەوە و پێشکەوتنی هاوبەشی هەردوو وڵاتمان، بەڵام پێویستە پابەندبین بە بنەمای راوێژ و هاوبەشی و دابەشکاریی، بە ئامانجی پشتگیریی رایەڵە سیاسی و ئابووریی و کەلتوریی و ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.

 

پشتێنە و رێگا
دەرکردنی «کتێبی سپی» لەلایەن کۆماری چینەوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەرهەق بە ناوچەکە وایکردووە کە دەستپێشخەریی (پشتێنە و رێگا) ببێتە بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانی چین لە ناوچەکەماندا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەریی (پشتێنە و رێگا) وا دەبینێت کە گرنگییەکی ستراتیژیی و ژیانیی زۆری هەیە و بەوپەڕی لێبڕاوییەوە لەسەر هەردوو ئاستی عیراق و کوردستان تێدەکۆشین لەپێناوی سوودی هاوبەش و بەشداریکردن لە دەستپێشخەریی (پشتێنە و رێگا).

پایەدار وەزیری یاریدەدەری بەڕێز
خوشکان و برایانی ئامادەبووی بەڕێز


بەوپێیەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەریکێکی سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری عیراقدا، لەڕێگەی رێکەوتن و یاداشەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەوڵدەدەین بۆ جێبەجێکردن ئەو رێکەوتن و یاداشتانە و چالاککردنیان لەسەر سەرجەم ئاستەکانی وەک ئابووریی و پیشەسازیی و تەکنۆلۆجی و گەرەنتی هێنانەدیی بنەمای ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی وزەی باو بۆ وزەی ئەڵتەرناتیڤ.

رێکەوتن و لێکتێگەیشتنەکان
لێرەدا بەپێویستی دەزانین کە بەشێک لەو رێکەوتن و یاداشتە گرنگانە بەبیر بهێنینەوە کە لەنێوان هەردوولا (کۆماری میللیی چین و کۆماری عیراق)دا ئیمزاکراون:
*رێکەوتنی چوارچێوەی هاریکاری (هاوکاریی دارایی و نەوت 2019).
*رێکەوتنی هاریکاریی ئابووری و تەکنیکی بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی بێ بەرامبەر لەنێوان کۆماری عیراق و کۆماری میللیی چین -2019.
*رێکەوتنی هاوکاریی ئابووریی و تەکنۆلۆجی -2015.
*یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆماری عیراق و ئۆفیسی میدیایی سەربە ئەنجومەنی دەوڵەتی چین.
*یاداشتی لێکتێگەیشتنی کەشتیوانیی ئاسمانی تایبەت بە مانگە دەستکردەکان لەنێوان وەزارەتی پەیوەندییەکانی عیراق و ئۆفیسی کەشتیوانیی چین.
*یاداشتی لێکتێگەیستن بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق لەپاش جەنگ.
* یاداشتی لێکتێگەیستن لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی عیراق و وەزارەتی ئاسایشی گشتیی چین.
* یاداشتی لێکتێگەیستن سەبارەت بە شەراکەت بۆ هاندان بەمەستی بنیاتنانی پشتێنەی ئابووریی رێگەی ئاوریشمی بۆ سەدەی بیست و یەکەم.
* یاداشتی لێکتێگەیستن لەبواری هاوکاریی سەربازیی 2015.
* یاداشتی لێکتێگەیستن لەبواری وزە 2015.

خاڵی هاوبەشی حزبی کۆمۆنیست و ی.ن.ک
لە پەرۆشیشمانەوە بۆ پەیوەندییە حزبییەکانمان، بە پێویستی دەبینین درێژە بەو پەیوەندییانە بدەین کە قووڵاییەکی مێژوویی هەیە و  کاریگەریی هەبووە لە بوارەکانی ئابووریی و کەلتووریی و سیاسی، هەروەها بە پێویستی دەزانین کە گەشە بەو پەیوەندییانەی نێوان حزبی کۆمۆنیستی چین و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاڵی فیکریی هاوبەشیان لەنێواندایە. وەک سۆشیالیزم و دیموکراسی کە ئەو دووخاڵە بوونەتە پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ رێکخستنی ژیانی گەلان بە ئامانجی پشتیوانیکردنی بنەما مرۆڤانەکانیش پێویستمان بە پشتیوانیی حزبی کۆمۆنیستی چینە لە رێگەی شارەزاییەکانی لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری چاکسازیی و ئاڵوگۆڕی حزبی و سیاسی و ئابووریی و کارگێڕییەکاندا.
لە کۆتاییشدا سوپاسمان ئاراستەی حزبی کۆمۆنیستی چین دەکەین بۆ ئەو میواندارییە گەرمەیان کە دەستپێشخەرییان کرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە و نوێکردنەوەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی لێبڕاوانە لە نێوانماندا.
دەشمەوێت بەو وتە بەناوبانگە چینییە وتارەکەم کۆتایی پێبهێنم «پێداگریی بەرد دەکاتە پشکۆ» هەربۆیە داوامانکرد کە هەنگاو بە هەنگاو هەوڵە هاوبەشەکانمان چڕ بکەینەوە رووە و ئامانجەکانمان. 
هیواداریشم ئەم کۆبوونەوەیە سەرکەوتوو بێت.

#چین

بابەتە پەیوەندیدارەکان