ئارێز عەبدوڵڵا: نابێت بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، دەبێت سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم بگۆڕدرێت

10:59 - 2022-04-17
دیدار
745 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەفتەی رابردوو لە دوو دیداری تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو کەناڵی (گەلی کوردستان و کوردسات نیوز)، لەبارەی چەند تەوەرێکی گەرم و گرنگ، پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عیراق چەند بابەتێکی وروژاند، لێرەدا بە کورتی بەشێک لە هەردوو دیدارەکە، بۆ خوێنەران دەخەینەوەڕوو.

*یەکێتی بیانوو دەگرێت یان بەڕاستیەتی کە ئەم کۆمسیۆنەی خۆمان بە کەڵکی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان نایەت؟
-ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا، یەکێتی پێیوایە بە هەڵبژاردن پڕۆسەی سیاسیی و دیموکراسی گەشە دەکات و یەکێک لە دروشمەکانی ئێمە دیموکراسییە، بەڵام تۆ دەبێت هەڵبژاردنێک بکەیت کە پاک بێت، تۆ ئەم هەڵبژاردنە دەکەیت چونکە دەبێت وردە وردە هەڵبژاردنەکان بەرەوپێشەوە بچێت، ئێمە دەڵێین پێویستە پێش هەڵبژاردن هەندێک هەنگاو بنرێن، ئەمە تازە نییە و دەمێکە داوامان کردووە، دەبێت یاساکە هەموار بکرێتەوە، لەسەر ئەنجومەنی کۆمسیاران رێکبکەوین، بە حوکمی ئەوەی پارتی خۆی 45 کورسی هەیە، دەیەوێت ئەنجومەنی کۆمسیارانیش و بە ناوی زۆرینە بکاتە هی خۆی، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، خۆمان دەزانین ئەگەر یەک لایەن کۆنترۆڵی ئەو دەزگا گرنگە بکات چۆن مامەڵەی پێوە دەکرێت. 
ئێمە لەگەڵ ئەوەین کۆمسیۆن بێلایەن و خاوەن بڕیار بێت، دەڵێین یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، چونکە پێویستە هەموار بکرێتەوە، بۆ؟ لەبەرئەوەی سەیری عیراق بکە لەماوەی رابردوودا یاسای هەڵبژاردنی هەموار کردۆتەوە، با ئێمەش هەمواری بکەینەوە، لەبەرئەوەی ئێستا هەموو هەرێمی کوردستان یەک بازنەیە، هەڵمەتی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییدا زۆر قورسە و خەرجی زۆری دەوێت، لەبەرئەوەی لیستی کراوەیە و دەبێت کاندید هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵەبجە و زاخۆش بکات، ئەوەش تێچووێکی زۆری دەوێت، دواتر چەندین حزبن و هەر حزبێک 100 کاندیدی هەیە و فەوزا دروست دەبێت، ئەمەش کارێکی باش نییە.
ئێمە دەمانەوێت پارێزگاکان نوێنەری خۆیان هەبێت، بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی خەڵک کەمتر دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، بەڵام پێویستە ژمارەی نوێنەرەکانی پارێزراو بێت و نوێنەری هەبێت، بەڵام لە شوێنێکی وەک دهۆک خەڵک زیاتر دەچنە سەر سندوقی دەنگدان، بۆ نموونە ناکرێت شوێنێک ملیۆنێک دەنگی هەبێت، نوێنەرەکانی لە ملیۆن و نیوێک زیاتر بێت، بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا بە مەبەست یان بێ مەبەست لەسەر حسابی سلێمانی بە پلەی یەکەم، ئینجا هەولێر پارتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری لە دهۆک سەرخستووە، ئەوە نادادپەروەرییە.
دووەم: سەبارەت بە کۆتاکان ئێستا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە کە گوایە یەکێتی و لایەنەکانی تر دەیانەوێت ژمارەی پەرلەمانتاری تورکمان و مەسیحی کەم بکەنەوە، ئەمە وانییە، ئێمە نەمانویستووە کەمبکرێتەوە، بەڵکو دەمانەوێت ئەوان نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکانی خۆیان بن، کێشەمان لەسەر ژمارە نییە، دەبێت بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێن کە ئەوان هەڵدەبژێردرێن و نوێنەری پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان نەبن، بەڵکو نوێنەری خۆیان بن و بەکار نەهێنرێن.

*بۆچی یەکێتی گلەیی لە حکومەتی هەرێم هەیە؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: لە کوردستان کێشە زۆرن، لەوانە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەی سیستمی سیاسیی و حوکمڕانی، کێشەی ئابووریی و بەڕێوەبردن، ئەوانە هەمووی کێشەن، بەڵام لەسەرووی ئەوانە کێشەیەک هەیە کە پێی دەڵێن کێشەی متمانە، واتە نەبوونی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەوە زۆر مەترسیدارە.
ئەگەر لەوە دەست پێبکەین سەردەمانێک مووچە نەبوو، پڕۆژە نەبوو، خزمەتگوزاری کەم بوو، بەڵام خەڵک نیگەران نەبوو، چونکە خەڵک متمانەی بە حکومەت هەبوو، خەڵک داواکاری هەبوو، بەڵام هەڕەشەیان نە دەکرد، حکومەتیش هەرئەوەی لە توانادا بوو، بەڵام ئێستا بەتایبەت دوای زۆربوونی داهاتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی سەرمایەکی زۆر هاتە کوردستان ئەو متمانەیە وردە وردە کەم بووە، بەتایبەت کە بینرا لە پڕ هەندێک خەڵک و دەسەڵاتدا دەوڵەمەندبوون، باس لەوە دەکرێ لە دەرەوە پڕۆژەیان هەبێت، یان داهاتەکانی کوردستان بەتایبەت نەوت دیار نییە، هەموو ئەوانە بێ متمانەییەکی گەورەیان دروست کردووە. 

*بۆچی جۆرێک لە بێ ئومێدی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە دیارە؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: ئێمە پێمان وابوو لە دوای راپەڕین و بەتایبەت دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق، رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە دەچین، بۆ ئەوە سەرەتا هەنگاوی باشمان نا، بەڵام دواتر لە قۆناغێکدا وەستاین، خەڵک چاوی لە خزمەتی باشتر و پەیوەندی باشترە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەندێ بواردا بەرەو دواوە دەگەڕێینەوەو خەڵک لەبەر ئەو قەیرانە سیاسیی و ئابووریانەی هەن بێ ئومێدە.

*پەیوەندییەکانی ئێوە و پارتی لە چ ئاستێکدایە؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هیچ کات هێندەی ئێستا پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی خراپ نەبووە، خۆشبەختانە شەڕی تێنەکەوتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تۆ لایەنێکت هەیە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بکات و دەڵێت من زۆرترین کورسیم هەیە، بەڵام نابێت بیرت بچێت کە یەکێتی لەگەڵ تۆ لە حکومەتە، لەگەڵ تۆ لە پڕۆسەی سیاسی عیراقە، دەبێت بەیەکەوە بین نەک هەر ئێمە لایەنەکانی تریش تەنانەت ئەگەر لێرە ململانێمان هەبێت، دەبێت لە بەغدا بەیەکەوە بین.
گرنگترین شت ئەوەیە ئەو لایەنە کوردستانیانەی لە بەغدا کورسیان هەیە لەگەڵیان رێکبکەوین، بۆ ئەوەی هەموو لایەکمان لە بەغدا بەهێز بین، هەموومان دەزانین پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لاواز بووە، ئەوەتا لەبەرچاوی هەموو جیهان بۆردوومانی پایتەختمان دەکرێت، بەڵام یەک وڵات لەسەرمان هەڵوێست وەرناگرێت، دەبێت حکومەت و لایەنکان لەو پەیامانە تێبگەن، دەبوو ئێمە لە بەغدا رێکبکەوین نەک بە پێچەوانەوە. 

*چی لەبارەی رێکەوتنی پارتی و لایەنە عیراقییەکان دەڵێن؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: پارتی رێکەوتنی لەگەڵ تەیاری سەدری و سوننەکان کردووە، بەشداربوو لە یەکخستنی لایەن سوننییەکان، پاشان هاتووە دەڵێت بابچینە بەغدا، چووینە بەغدا دەبینین هەموو شتێکیان بڕاندۆتەوە، دەڵێن ئێمە زۆرترین کورسیمان هەیە، بەڕاستی زۆرترین کورسیتان هەیە، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی کورد، بۆ ئەوەی وەک خۆتان دەڵێن زۆنی زەرد و سەوز پشتیوانی حکومەتەکەت بکات لە بەغدا، بۆئەوەی بودجە بەباشی تێپەڕێت، مادەی 140 جێبەجێ ببێت و...تاد. ئێ وەرە لەگەڵ یەکێتی رێک بکەوە، ئەوان لە پشت یەکێتی ئەوەیان کردووە، ئەوەی بەلامەوە سەیرە ئەوەیە تۆ وەرە سەیری میدیا و راگەیاندنیان بکە لە 2005وە جەخت لەسەر شتێک دەکەنەوە(هاوسەنگی، سازان، بەشداری راستەقینە)، تۆ لەناو ماڵی خۆتدا لەگەڵ هیچیان نیت، دیارە چۆن هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی عیراق گرنگە، لە هەرێمی کوردستانیش گرنگە بۆ پێشخستنی پڕۆسەی دیموکراسی، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو وایدەبینێت و حەز دەکات کۆنترۆڵی جومگەکانی دەسەڵات بکات، من وایدەبینم ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا نییە.

*بۆچی لە حکومەت ماونەتەوە؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: خۆزگە هەلومەرجی کوردستان بە جۆرێک بوایە لە حکومەت نەبووینایە، بۆئەوەی بباین بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام هەموومان دەزانین هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس یەک نەخراون، واتە لایەنی کەم هێزی چەکداری یەک نییە، باشە کە لە حکومەت نەبین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکرێت، من داوا دەکەم نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆستەکانمان بێنە مەیدان تا هێزە ئەمنییەکان بێلایەن بکرێن، ئەوکات بێین ململانێی سیاسی بکەین، ئینجا خوا بەکێی دا با حکومەت پێکبهێنێت. 

*مەترسی دوو ئیدارەیی هەیە؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: بە باوەڕی من نابێت بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم بگۆڕدرێت، دەبێت بیر بکەینەوە کە ئەو سیستمە حوکمڕانیەی ئێستا، سیستمێکی حوکمڕانی سەقەتە و پێویستە پێیدابچینەوە و بیگۆڕین.
ئەگەر لە من دەپرسیت یەک پەرلەمان و یەک سەرۆکایەتی هەرێممان هەبێت، لەگەڵ چوار حکومەتی خۆجێی، داهاتمان هەیە و پێویستە بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەش بکرێت، ئەمە لێدان نییە لە قەوارەی هەرێم، بەڵکو ئەو کات ململانێی سیاسیش بەوشێوەیە توندوتیژ نابێت، بۆیە پێشنیار دەکەم لە جیاتی دوو ئیدارەیی بیر لە یەک ئیدارەیی بکرێتەوە بەشێوەیەکی نوێ. 

*پارتی کێشەی مووچە و دەرمان و زۆر شتی تر لە سلێمانی دەخاتە ئەستۆی یەکێتی ئێوە دەڵێن چی؟
-
ئارێز عەبدوڵڵا: بۆ گەیشتن بەو راستیانە بڕۆن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بپرسن، بەڵام دیوە سیاسییەکەی با من پێت بڵێم، یەکەم: ئێمە دوو داهاتمان نییە، یەکێکیان بۆ هەولێر و سلێمانی یان پارێزگاکانی تر، هەموو داهاتەکان دەچێتە یەک ناوەند، ئەگەر بڕیارە هەر پارێزگایەک ئیدارەی خۆی بدات، با رابگەیەندرێت، دووەم: هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن پارێزگاری سلێمانی یەکێتی نییە. 
ئێمە دەزانین لە هەندێ خاڵی گومرگی چی دەگوزەرێت، بەشێکی داهات بۆ حکومەتە و ئەوەی تر بۆ حزبە، حکومەت وایکردووە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان هیچ رۆڵێکیان نەبێت. ئەم کابینەیە بەتەواوەتی پەرلەمانی پەک خستووە، لە کاتێکدا دەبوایە ئەزموونی کاری پەرلەمانی گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت، دەبوایە پەرلەمان وردتر و بە دەسەڵاتتر بێت، بەڵام ئێستا دەست و پێی پەرلەمان بەستراوە، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت بە وردی چاودێریی کاروبارەکانی حکومەت بکات. 
بۆ دەرچوونیش لەو قۆناغە بەگشتی دوو رێگەمان لە پێشە، چاکسازی راستەقینە یان رووخان و دەرفەتی دیکەمان نییە.

پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لاواز بووە، ئەوەتا لەبەرچاوی هەموو جیهان بۆردوومانی پایتەختمان دەکرێت، بەڵام یەک وڵات لەسەرمان هەڵوێست وەرناگرێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان