رەنگکوێریش بەھرەیەکە بۆ داھێنان

11:03 - 2023-02-26
هەمەرەنگ
394 جار خوێندراوەتەوە
تابلۆیەکی خانمە هونەرمەند (أسماء القاضی)

رەنگکوێری دروستبوونی کێشەیە لە بینینی رەنگی (سور، سەوز، شین) یان تێکەڵەیەك لەم رەنگانە، دەگمەنە کەسێك هەبێت ئەم رەنگانە هیچیان نەبینێت.
رەنگکوێری نەخۆشییەکی بۆماوەییە، کەسێکی ئاسایی کە لەدایك دەبێت سێ جۆر خانەی قوچەکی لە چاویدا هەیە، کە تایبەتن بە سێ رەنگە سەرەکییەکە (سور، سەوز، شین) بینینی رەنگەکان لەسەر ئەم جۆرە خانانە بەندە، لە کاتی نەمانی هەریەكێك لەم خانانە کەسەکە ناتوانێت ئەو رەنگەی تایبەتە بەو خانەیە بە جوانی بیبینێت، یاخود وەك رەنگێکی تر دەیبینێت، هەندێكجار هۆکاری رەنگکوێری بۆماوەییە و هەندێکجاریش بەهۆی هەڵکشانی تەمەن یاخود زیان گەیاندن بە چاو دەکرێت کەسەکە تووشی ببێت.
رەنگکوێری دەکرێت خوێندنەوە قورس بکات یان کێشە دروست بکات بۆ جیاکردنەوەی وێنەکان، هەروەها یەکێکە لەو کێشانەی تووشی ئەو منداڵانە دەبێت کە نەزانراوە گرفتی رەنگکوێریان هەیە، چونکە کەرەستەکانی فێرکردن زۆرجار رەنگاوڕەنگن، لەلایەکی تریشەوە دەکرێت کێشە دروست بکات لە کاتی کڕینی سەوزە و میوەکاندا، یان لە کاتی شۆفێریدا، بەتایبەت بۆ بینینی ترافیك لایت لە کەسانی بەتەمەندا، ئەم نەخۆشییە زۆرجار گرفتێکی گەورە بۆ ئەو هونەرمەند و وێنەکێشانە دروست دەکات کە توشبووی رەنگکوێرین، ئایا بارێکی ئاساییە هونەرمەندێکی وێنەکێش جوانترین تابلۆ بکێشێت، لە هەمانکاتدا رەنگکوێر بێت!؟

وێنەکێشێکی رەنگکوێر
لای هەموان ئاشکرایە هونەرمەندانی وێنەکێش هەموو جۆرە رەنگێک بەکاردەهێنن، بە بۆچوونی ئێمە ئەم حاڵەتە دەگمەنە و پێویستە هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەین.
هونەرمەندێك بە ناوی (أسماء القاضی) دانیشتوی میسرە، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی لە بواری هونەری وێنەکێشان شارەزاییەکی باشی هەیە، ئەم هونەرمەندە بە هۆکارێکی بۆماوەیی تووشی رەنگکوێری بووە، ئەو توانیویەتی بەربەستەکان بشکێنێت و ژیرانە سەربکەوێت بەسەر ئەم گرفتەدا،  هەروەها چەندین تابلۆی جوان و سەرنجڕاکێش بنەخشێنێت. 
ئەسما دەڵێت: بەهۆکاری ئەوەی باپیرم وێنەکێش بووە، سەخت نەبووە بۆم فێری ئەم هونەرە ببم، (لە کاتێکدا باپیریشی هەمان گرفتی رەنگکوێری هەبووە) هەمان رێچکەی باپیری دەگرێتە بەر و  دنیای هونەر و رەنگەکان هەڵدەبژێرێت. لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەبێتە هونەرمەندێکی پیشەگەر، ژیرانە بەسەر ئەم گرفتە بۆماوەییەدا سەردەکەوێت، بۆ جیاکردنەوەی رەنگەکانیش لە یەکتر تەکنیکێکی بەکارهێناوە، بۆ نموونە تابلۆکانی لە کاتێکی دیاریکراوی رۆژدا کێشاوە، بەتایبەت ئەو رۆژانەی زۆرترین بڕی رووناکی رۆژ هەبووبێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی  رەنگەکان و جیاکردنەوەی رەنگەکان بە شێوەیەکی هونەری بنەخشێنێت و لە هەمانکاتدا ئاسانکاریەکە بۆ ئەوەی بتوانێت رەنگەکان پێکەوە بگونجێنێت.
بەهرەیەکی بۆماوەییە
ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە ئەم خانمە نیگارکێشە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری وەرگێڕانی راستەوخۆ لە زانکۆی ئەزهەر بەدەستهێناوە، هەروەها کۆرسی زمانەوانی و وەرگێڕانی لە زانکۆی قاهیرە خوێندووە، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی هونەری نەخوێندووە و پشتی بەو بەهرەیە بەستووە کە لە ناخیدا چەکەرەی کردووە و  لە باپیریەوە بۆی ماوەتەوە و فێری بووە!
ئەم هونەرمەندە لە کێشانی تابلۆکانیدا رەنگەکانی ئەکریلیک و رەنگە ئاوییەکان و پاستیلی نەرم بەکاردەهێنێت، زیاتر ئەو مادانە بەکاردەهێنێت کە هاوڕێی ژینگەن، ئەمەش بەهۆکاری تووشبوونی بە هەستیاری سنگ و هاوکات پێی وایە هونەر ژیانە ئەو ژیانەش نابێت ببێتە هۆکاری تێکچوونی ژینگە لە هەسارەکەماندا.

چاویلکەی تایبەت
لە ئێستادا  بە بەکارهێنانی چاویلکەی تایبەت بە رەنگکوێری دەتوانێت بە درێژیی رۆژ تابلۆ بکێشێت.
ئەسما پشتگیری ژنان دەکات و زۆربەی تابلۆکانیشی باس لە رۆڵی ژن دەکات لە کۆمەڵگە، بڕوای وایە «جیهانی نوێ، جیهانێکە لە لایەن ژنێکی بەهێزەوە دروست دەبێت» جگەلەوەی بڕوای وایە هیچ کام لە گرفتە بۆماوەییەکان هۆکار نین لە بەدی نەهاتنی خەونەکان و پێویستە خەونەکان لە گرفتەکان گەورەتربن و نموونەیەکی جوان جێبهێڵن بۆ نەوەکانی ئایندە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان