نه‌وزادی موهه‌ندیس
خۆشبه‌ختانه له‌و كاته‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی بیری نه‌وت لێبدات و نه‌وت ده‌ربێنێت و له‌ناوخۆی هه‌رێمدا بیپاڵێوێت و له دوای 2007یشه‌وه به‌هۆی هاتنی چه‌ندین كۆمپانیای جیهانی شاره‌زا و پسپۆڕه‌وه لە بواری نەوتدا بۆ كوردستان و ده‌ستكردن به ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و دواتریش راكێشانی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت توانرا ده‌ستبكرێت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان و دواتریش دۆزینه‌وه و ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتیش ئه‌وه‌نده‌ی تر كاریگه‌ری كرده سه‌ر گرنگی پێگه و جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه و جیهانیشدا، ئیدی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی به هه‌ردوو سه‌رچاوه گرنگه‌كه‌ی نه‌وتی خاو و غازی سروشتی بۆته یه‌كێك له هه‌رێمه گرنگه‌كان و چۆته سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی و له‌لایه‌ن كۆمپانیا و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیشه‌وه به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆسیاسی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، وه‌ك به‌شێك له ده‌وڵه‌تی عیراقی فیدڕاڵ له‌لایه‌ك و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش كه هه‌ردووكیان له‌ڕووی جیۆسیاسی و جیۆئابوورییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان گرنگن.
قه‌یرانی وزه و ئه‌گه‌ره‌كانی جه‌نگ
هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵایسانی هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهان و داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جیۆسیاسی بۆ ناوچه‌كه و جیهانیش به‌هۆی نه‌وت و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی و هه‌روه‌ها رێگاكانی گه‌یاندنیان و پاراستنیان هۆكاری هه‌ڵایسانیان بوون ، ره‌نگه هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵایسانی جه‌نگی سێیەمی جیهان كه هه‌موان پێشبینی روودانی ده‌كه‌ن له كیشوه‌ره‌كانی ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌فریقادا بگه‌ڕێته‌وه بۆ قه‌یرانی وزه و ئاڵنگارییه‌كانی ئاسایشی وزه‌ی جیهانی كه په‌یوه‌سته به زۆرێك له لایه‌نه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگا و وڵاتانی جیهانه‌وه. ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی تیرۆریش هه‌ر به‌نده به بابه‌تی وزه‌وه كه بۆته خاڵێكی هاوبه‌شی ململانێ و ناكۆكییه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان.
له‌به‌رئه‌وه‌ی وزه به هه‌موو جۆر و لقه‌كانییه‌وه وه‌كو نه‌وتی خاو و غازی سروشتی و ...هتد، بوونه‌ته بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی و هۆكاری گرنگ بۆ ئابووری و جێگیری ناوخۆیی و هه‌موو بواره‌كان ژیانیش، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو ئاسایشی وزه و ئاڵنگارییه‌كانی قه‌یرانی وزه ده‌بنه هۆكاری سه‌ره‌كی له ئاینده‌دا بۆ مان یان نه‌مانی هه‌ندێك له حكومه‌ت و وڵاته‌كانیش، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه كه وزه بۆته یه‌كێك له گرنگترین ره‌گه‌زه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كۆمه‌ڵگەكان و گه‌لان و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیش.
هه‌ربۆیه چۆن گرنگه هه‌ر وڵات و هه‌رێمێك بیر له دابینكردنی ئاسایشی خاك و ئاو و خۆراكی خۆی بكاته‌وه و دابینیان بكات و بشیانپارێزێت، به‌هه‌مان شێوه ئاسایشی وزه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆته یه‌كێك له پایه گرنگه‌كانی سیستمی حوكمڕانی و ده‌وڵه‌تداری و كۆڵه‌كه‌یه‌كی بنچینه‌ییشه بۆ به‌رده‌وامبوونی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك.
چه‌مكی ئاسایشی وزه
ئاسایشی وزه بریتیه له: بوون و ده‌سكه‌وتنی بڕی پێویست له وزه له بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌نرخی گونجاو و جێگیر و به‌رده‌وام. له‌گه‌ڵ پێویستی كاركردن له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی خۆماڵی له رێگه‌ی ته‌كنۆلۆجیای نوێوه. هه‌روه‌ها گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی نوێ‌دا كه‌پێویستییه هه‌نوكه‌ییه زیاده‌كان له وزه دابینده‌كه‌ن، له‌پاڵ ده‌ستگرتنه‌وه به‌به‌كارهێنانی وزه و هه‌بوونی دڵنیایی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگه و رێزگرتن لێی.
چه‌مكی ئاسایشی وزه لای وڵاتانی هاورده‌كار و به‌كاربه‌ر:
به پله‌ی یه‌كه‌م ئامانجیان بریتییه له دابینكردنی بڕی پێویست و سه‌لامه‌ت و هه‌رزان له سه‌رچاوه‌كانی وزه، كه ببێته هۆی جێگیربوون و به‌رده‌وامی كار و چالاكییه‌كان و گه‌شه‌ی ئابووری به‌شێوه‌یه‌كی جێگیر، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له نه‌وتی خاو و غازی سروشتی دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگی وزه‌ن ئه‌وا به‌رده‌وامبوونی گه‌یاندن و ده‌سكه‌وتنیان هۆكاری سه‌ره‌كی ئاسایشی وزه‌ن.
چه‌مكی ئاسایشی وزه لای وڵاتانی به‌رهه‌مهێن و هه‌نارده‌كار
لای ئه‌م وڵاتانه ئاسایشی وزه به‌نده به بوونی توانای دۆزینه‌وه و گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان و دابینكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه و دیاریكردن و چاره‌سه‌ركردنی هۆكاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان كه كارده‌كه‌نه سه‌ر ئاسایشی وزه وه‌ك هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان كه په‌یوه‌ستن به هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غازی سروشتییه‌وه.
ده‌توانرێت كه ئاسایشی وزه دابینبكرێت به دڵنیابوون له: بڕی به‌رهه‌م و گواستنه‌وه و دابه‌شكردنی سه‌لامه‌ت بۆ سه‌رچاوه‌كانی وزه و وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی وزه و چاكسازیكردنی وێسگه‌كانی پاڵاوتن و تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه و دابه‌شكردن و توانای هه‌ڵگرتن، سه‌ره‌ڕای سیستمه یاسایی و جێبه‌جێكارییه‌كان له كه‌شوهه‌وایه‌كی سه‌لامه‌ت و پارێزراو و جێگیردا به نرخێكی گونجا له‌گه‌ڵ بوونی بازاڕ و به‌كارهێنه‌ری به‌رده‌وام.
سه‌رچاوه‌كانی وزه له عیراق و هه‌رێمی كوردستان
به‌وپێیه‌ی كه عیراق وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه له‌و وڵاته و هه‌رێمێكی دانپیادانراوی ده‌ستووریی عیراقه، به‌هه‌مان شێوه گرنگی خۆی هه‌یه له رووی سیاسی و ئابووری و وزه و ئه‌منییه‌وه له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌و پێیه‌ی پێگه جوگرافیاكه‌ی كه‌وتۆته نێوان سێ كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌وروپاوه، هه‌ر وڵاتێك و ئاسایشی وزه‌كه‌ی به‌نده به هه‌بوونی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی هه‌بوو تیایدا، خۆشبه‌ختانه عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی وزه‌یان تیادایه:
1- نه‌وتی خاو
عیراق وڵاتێكی هه‌نارده‌كاری نه‌وته و یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی رێكخراوی ئۆپیك و بڕێكی زۆر نه‌وتی خاوی هه‌یه كه مه‌زه‌نده ده‌كرێت به 143 ملیار به‌رمیل نه‌وت و داهاته‌كه‌ی بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره و یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ی داهاتی گشتی ده‌وڵه‌تی عیراق به‌ڕێژه‌ی %95و رۆژانه بڕی 4,5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مدێنێت و بڕی 3.8 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ش هه‌نارده‌كات و پلانیشی هه‌یه تا ساڵی 2030 بڕی نه‌وتی به‌رهه‌می رۆژانه 1.5 ملیۆن به‌رمیل زیاد بكات و بڕی به‌رهه‌م بگه‌یه‌نێته شه‌ش ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه.
پاڵاوتنی نه‌وت و دابینكردنی سووته‌مه‌نی: عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه توانای پاڵاوتنی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاوی هه‌یه، به‌ڵام %60ی ئه‌و توانایه‌ی نه‌ما به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه.ده‌توانرێت ته‌نها به چاكردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بێجی بڕی 2.5 ملیار دۆلار له خه‌رجی بگێڕدرێته‌وه كه ساڵانه ده‌درێته سووته‌مه‌نی.
2-غازی سروشتی
بڕی غازی سروشتی یه‌ده‌گی عیراق دادانرێت به شه‌ش تریلیۆن مه‌تر سێجا، خۆشبه‌ختانه به‌شی زۆریشی ده‌كه‌وێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵام عیراق %62ی ئه‌و غازه سروشتییه كه هاوه‌ڵی نه‌وتی خاوه و له‌بیره نه‌وته‌كاندایه ده‌سوتێنێت به‌هۆی نه‌بوونی وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته‌دا، له‌كاتیكدا غازی سروشتی پێویست بۆ وێسگه‌كانی كاره‌با له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات.
3- كاره‌با
دوای وێرانبوونی ژێرخانی كاره‌با له عیراقدا له‌دوای ساڵی 2003 و به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه، ئێستا عیراق ته‌نها توانای به‌رهه‌مهێنانی %50ی پێداویستییه‌كه‌ی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه له هه‌رێمی كوردستان و ئێرانه‌وه كاره‌با ده‌كڕێت، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت كه تۆڕی كاره‌بای نیشتیمانی ببه‌ستێته‌وه به ئوردنه‌وه و دواتر به كوێت و سعودییه‌شه‌وه.
به‌هه‌مان شێوه له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆڕی كاره‌بای نیشتیمانی زۆر خراپه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له كاره‌بای به‌رهه‌مهاتوو له كیسده‌چێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌هه‌ده‌ردانه له‌كه‌رتی كاره‌بادا، دوای لیبیا له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
پێشبینیش ده‌كرێت كه تا ساڵی 2030 پێویستی به‌كاره‌با بۆ دووهێنده زیاد بكات، به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست و پلانی پێشوه‌خته بۆ باشكردنی كه‌رتی كاره‌با ئه‌وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت كه بڕی پێدانی كاره‌با به هاووڵاتیان كه‌متر ببێته‌وه.
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م بابه‌ته‌دا باسی چه‌مكی ئاسایشی وزه و شێوازه‌كانی دابینكردنیمان كرد و هه‌روه‌ها چه‌ند دانه‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كانی وزه‌مان ژمارد و باسمان كردن، كه بریتی بوون له نه‌وت، غازی سروشتی، كاره‌با و ئیستاش جێی خۆیه‌تی كه بێینه سه‌ر سه‌رچاوه‌كی دیكه كه سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌و یه‌كێكه له گرنگترین سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و چواره‌م سه‌رچاوه‌ی سروشتییه، هه‌ڵبه‌ته هه‌ریه‌ك له‌و سه‌رچاوانه گرنگی تایبه‌تی هه‌یه له دابینكردنی ئاسایشی وزه‌دا بۆ هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ره‌نگه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌بێ سه‌رچاوه‌ی نه‌وت، یان غازی سروشتی بژی، به‌ڵام هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌بێ سه‌رچاوه‌ی ئاوی سروشتی كه ره‌گه‌زێكی گرنگی ژیانه ناژی.
4- سه‌رچاوه‌ی ئاو
عیراق به‌هۆی كه‌میی بڕی باران و به‌فره‌وه به زۆری پشت به ئاوی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات ده‌به‌ستێت كه له خاكی توركیاوه هه‌ڵده‌قوڵێن، كاتێكیش توركیا به‌نداوێك دروست ده‌كات و ئاو ده‌گرێته‌وه یان كه‌می ده‌كاته‌وه ئه‌وا عیراق تووشی كه‌مئاوی ده‌بێت. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی عیراق بۆ په‌یوه‌ندیكردنی به جیهانی ده‌ره‌وه له‌بواری فرۆشتن و كڕینی وزه‌دا پشت ده‌به‌ستێت به سنووره ئاوییه‌كانی له پارێزگای به‌سره‌دا كه به‌درێژی 58 كم به‌سه‌ر كه‌نداودا ده‌ڕوانێت و هه‌روه‌ها سنووره وشكانییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران و كوێت و سعودیه و ئوردن و سوریا و توركیاش له‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له‌به‌ر شه‌ڕی داعش و كێشه‌ی سوریاش ئێستا هه‌رسێ سنووره‌كانی ئوردن و سوریا و سعودیه زۆر چالاك نین و ته‌نها سنووره ئاوییه‌كانی كه‌نداو و سنوره‌كانی ئێران و توركیا سوودیان هه‌یه بۆ عیراق.
هه‌رێمی كوردستان زیاتر له %29ی یه‌ده‌گی نه‌وتی خاو و زیاد له %60ی یه‌ده‌گی غازی سروشتی عیراقی هه‌یه، بۆرییه‌كی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتیشی هه‌یه بۆ به‌نده‌ری مێرسینی توركیا كه ده‌توانێت رۆژانه 700 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكات.
هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت رۆژانه بڕی 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بپاڵێوێت، كه ده‌كاته نزیكه‌ی %30 كۆی گشتی توانای پاڵاوتنی ناوخۆیی عیراق و وێستگه‌كانی كاره‌بای هه‌رێمیش ده‌توانن بڕی زیاد له شه‌ش هه‌زار مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مبهێنن، به هه‌مان شێوه %50ی ئاوی عیراقیش به هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕده‌بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش هه‌رێمی كوردستان به‌تاكه رێگای هه‌رنارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك داده‌نرێت له ریگه‌ی توركیاوه، به‌شێك له پێویستییه‌كانی عیراق له كاره‌با و سووته‌مه‌نیش دابینده‌كات له پاڵاوگه‌كانی و وێستگه كاره‌باییه‌كانییه‌وه، هه‌موو ئه‌م كارانه وای له پێگه‌ی جوگرافی هه‌رێمی كوردستان كردووه كه گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت له بواری وزه‌ی عیراقدا، ئه‌م پێگه و گرنگییه‌شی له‌م دواییانه‌دا زیادیكردووه له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
1-كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ته‌نگه‌ی هورمز له كه‌نداو.
2- پشت نه‌به‌ستنی ته‌واو به ده‌روازه‌كانی كوێت و سعودیه.
3- كێشه‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر سنووره‌كانی سوریا.
ئاڵنگارییه‌كانی ئاسایشی وزه
ئاسایشی وزه به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌نده به چه‌ند ئاڵنگارییه‌كه‌وه كه كاریگه‌ریی گه‌وره و دیاریان ده‌بێت له‌سه‌ر ستراتیجی ئاسایشی وزه‌ی جیهانی و ناوچه‌یی، هه‌ر ئه‌م ئاڵنگارییانه‌ش واده‌كه‌ن كه وڵاتان بكه‌ونه‌خۆ بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی جیاواز بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخه نوێیه‌كان و ئه‌و كێشانه‌ی له ئاینده‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌و ئاڵنگارییانه‌ش:
سه‌رچاوه‌ی وزه و ده‌سكه‌وتنی:
بریتییه له دۆزینه‌وه و گه‌ڕانی به‌رده‌وام و دابینكردنی جۆره‌كانی وزه‌ی پێویست له سه‌رچاوه‌ی دیاریكراوه‌وه به شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و جێگیر، ده‌سكه‌وتنیش بریتته له بوونی بازاڕی وزه كه جێگه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئه‌و وزه‌یه‌یه به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له كڕیار و فرۆشیار ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری، بازرگانی، سیاسی و ئه‌منییه‌كانی یه‌كتر بكه‌ن.
رێگاكانی گه‌یاندن و متمانه‌داری:
بریتین له راده‌ی پاراستنی رێگاكانی گه‌یاندن و گواستنه‌وه له تێكدان و هێرشكردنه سه‌ریان، چونكه وزه بڕبڕه‌ی سه‌ره‌كی چالاكی ئابووری و ژیانی رۆژانه‌یه و بڕینی ده‌بێته هۆكاری وه‌ستاندنی كارگه پیشه‌سازییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان، متمانه‌داریش بریتییه له هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه و هاورده‌كردن و ئه‌مباركردنی و گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئه‌و كه‌رته.
تێچوونه‌كان و تواناكان:
هه‌رچه‌نده چه‌مكی ئاسایشی وزه و توانای دابینكردنی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به گشتی بریتییه له گه‌یشتن به‌وزه به نرخێكی گونجاو بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان، هه‌رله‌به‌رئه‌وه ئاسایشی وزه په‌یوه‌سته به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1- متمانه‌داریی له‌گه‌یاندندا.
2-ده‌سكه‌وتنی سه‌رچاوه‌كانی وزه به بڕی پێویست.
3-توانای هه‌ڵگرتنی تێچوونه‌كان.
4- پاراستنی رێگاكانی گه‌یاندنی وزه.
گۆڕانكارییه سیاسی و ئه‌منی و ئاڵنگارییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له وڵاتانی به‌رهه‌مهێندا ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت یان وڵاتان نه‌توانن وزه‌ی پێویست بگه‌یه‌ننه بازاڕه‌كان، وه‌ك جه‌نگه‌كان، په‌تاكان، گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان و مه‌رجه تونده‌كان، یان كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای وڵاتان و كۆمپانیاكان بۆ دابینكردنی وزه و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ و ناسه‌لامه‌تی رێگاوبانه‌كانی گه‌یاندن.
پێویسته هه‌رێمی كوردستان كاربكات بۆ جێگیربوونی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌كه‌ی له رووی ئاسایشی وزه‌ی عیراقه‌وه و هه‌وڵبدات كه ئاسایشی وزه‌ی خۆی گرێ بداته‌وه به ئاسایشی وزه‌ی عیراقه‌وه و له‌و رووه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا پته‌وتر بكات، به تایبه‌تی له بواره‌كانی:
1- به‌رزكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌می نه‌وتی خاو و غازی سروشتی.
2-زیادكردنی توانای پاڵاوتن.
3- زیادكردنی به‌رهه‌می كاره‌با.
4- زیادكردنی توانای هه‌نارده‌كردن له رێگه‌ی بۆرییه‌وه.
5- هه‌نارده‌كردنی وزه بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی عیراق.
6-گه‌شه‌پێدانی ئاڵوگۆڕی وزه له‌گه‌ڵ عیراقدا.
هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی وزه‌ی خۆی دابین بكات و بیپارێزێت له هه‌موو مه‌ترسی و ئه‌گه‌ر و ئاڵنگارییه‌كان، پێویسته به‌ته‌نیا پشت نه‌به‌ستێت به داهات و كه‌رتی وزه و ببێته هه‌رێمێكی قازانجخواز، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی هه‌مه‌جۆر بكات، پێویسته به داهاتی نه‌وت هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی هه‌ردوو بواری به‌رهه‌مهێنان له كشتوكاڵ و پیشه‌سازیدا بدات وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی بنچینه‌یی بۆ به‌هێزبوون و گه‌شه‌كردنی ئابووری، هه‌روه‌ها پێویسته ته‌نها سه‌رقاڵ نه‌بێت به ده‌رهێنانی نه‌وتی خاو و غازی سروشتی و فرۆشتنیانه‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵی به پیشه‌سازیكردنی ئه‌و بواره‌ش بدات له رێگه‌ی دامه‌زراندنی كارگه‌ی پترۆكیمیاییه‌وه كه به‌رهه‌مه‌كانی به‌ده‌یان جار به‌قازانجتره له نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاو.
له ئێستاوه بیری لێبكرێته‌وه
هه‌رێمی كوردستان پێویسته هه‌ر له ئێستاوه كه مه‌ترسی چۆڕبڕبوونی نه‌وتی خاو له‌به‌رچاو بگرێت، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له 40-50 ساڵی ئاینده‌دا روو بدات، له‌به‌رئه‌وه پێویسته پلانی زانستی دابنێت بۆ وه‌به‌رهێنان له سه‌رچاوه جێگره‌وه‌كانی وزه‌دا له هه‌رسێ جۆری وزه‌ی (خۆر و با و ئاو) كه له هه‌رێمی كوردستاندا تاڕاده‌یه‌كی باش ده‌ستده‌كه‌ون و وزه‌یه‌كی پاك و خاوێن و هاوڕێی ژینگه‌ن و كه‌متێچوون، به‌هه‌مان شێوه پلانی هه‌بێت بۆ سوود وه‌رگرتن له وزه‌ی ریشاڵ و گژو گیا كه به‌وزه‌ی ئه‌ندامی ده‌ناسرێت.