حیکایەتی داروین و کتێبەکەی

10:13 - 2023-02-27
کەلتور
758 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بە منداڵی تەمبەڵ بوو، لە قوتابخانەش مامۆستاکانی گلەیی ئەوەیان لێبوو کە لە وانەکان تێناگات و بەکەڵکی خوێندن نایەت، رۆژێکیان باوکی پێی وت: تۆ جگە لە سەگ و مشک و راو، گرنگی بە هیچ شتێکی تر نادەیت، لە کۆتاییدا دەبیتە مایەی شورەیی بۆ خۆت و خێزانەکەت. بەڵام ئەو گوێی بە قسەی مامۆستاکان و باوکی نەدا، هەر سەرقاڵ بوو بە گیانەوەران و رووەک و لە دەفتەرێکی بچووکدا سەرنجەکانی خۆی  تۆمار دەکرد.  بەڵام ئەم خووەی لە کۆتایی تەمەنیدا  کەمێک سوودی پێگەیاند و  بووە مایەی لەدایکبوونی کتێبێک کە لە تەواوی جیهاندا هەتاوەکو ئەمڕۆش هەرای گەورەی ناوەتەوە، کە ئەویش کتێبی " بنەچەی جۆرەکان"ە لە نووسینی چاڕلس داروین.
مەبەستی سەرەکی من لەم وتارەدا، قسەکردن نییە لە بارەی ناوەڕۆک و تیۆرییەکەی داروین، چونکە ئەمە قسەی زۆر هەڵدەگرێت  و  بابەتیکی زۆر زانستییشە، کە زیاتر دەبێت ئەو کەسانە قسەی لەسەر بکەن کە شارەزا و پسپۆرن لە بواری زانستی  گیانەوەرزانییەوە، بەڵام زیاتر مەبەستی من، تیشک خستنەسەر حیکایەتی ژیانی شەخسی داروین و کاردانەوەی جیهان، لە بەرامبەر کتێبەکەی، بەتایبەتی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا.

چارلس داروین

منداڵێکی تەمبەڵ و تەوەزل
چاڕلس داروین لە ساڵی 1809 لە بەریتانیا لەدایک بووە و لە ساڵی 1882 کۆچی دواییکردووە. تەواوی بنەماڵەکەی لە بواری پزیشکیدا ناوبانگیان هەبوو، باپیری زانا و نووسەرێکی ناسراو بوو.
باوکی دەیویست کوڕەکانی وەکو خۆی ببن بە پزیشک، بۆیە داروین و براکەی نارد بۆ زانکۆی ئەدنبەرە تا لەوێ  پزیشكی بخوێنن. دوای دوو ساڵ مامۆستاکان بڕیاریان دا کە بە کەڵکی ئەو پیشەیە نایەت، ئیتر وازی هێنا. پاش ئەوە هەوڵیدا یاسا بخوێنێت، بەڵام مامۆستاکان سکاڵایان لە تەوەزەلی هەبوو. تا دواجار توانی لە زانکۆی کامبریج بڕوانامە لە لاهووتدا بەدەست بهێنێت.  لێرەش بە هەزار حاڵ توانی زانکۆ تەواو بکات و بڕوانامە بەدەستبهێنێت.

رێکەوتێک کە تەواوی ژیانی گۆڕێ
زۆرجار رێكەوت رۆڵی گرنگی لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە، کاتێک سەیری مێژووی فیکر و زانست و سیاسەتیش دەکەین، دەبینین کە رێکەوت رۆڵی هەبووە بۆ لەدایکبوونی کۆمەڵێک زانا و بیرمەند و کەسایەتی ناسراوی جیهان. کۆڵۆمبۆس بە دوای رێگەیەکی نوێی بازرگانی دەگەڕا بۆ هیندوستان، کەچی بەرێكەوت کەشتییەکەی بەرەو ئەمریکای برد، بەمەش دەرگای خێر بۆ ئەوروپا کرایەوە دەرگای دۆزەخیشی بۆ خەڵکە رەسەنەکەی کیشوەرەکە کردەوە، چونکە ئەوروپییەکان ئەم کیشوەرە نوێیەیان بە دڕندەترین شێوە تاڵان کرد و خەڵکەکەشیان لەناوبرد.
 ئیسحاق نیوتن بە نیازی پشوویەکی کورت بوو، خۆی خستە ژێر دار سێوێک، بەڵام کە سێوەکە کەوتە خوارەوە، بووەهۆی لەدایکبوونی گەورەترین بیردۆز و تیۆری کە تەواوی ژیانی زانستیی و فیکری ئەوروپا و جیهانیشی گۆڕی. ئەم برادەرەشمان بەهەمانشێوە  یەک- دوو رێکەوت هەموو ژیانی دەگۆڕێت.

پێشنیازێکی گرنگ
لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەوە بوو بکرێ بە قەشە لە لادێیەکدا، بەڵام پێشنیازی کارێکی کتوپڕی باشتری بۆ کرا، بانگهێشت کرا تا لەگەڵ کەشتی " بیگڵ" دا  سەفەر بکات، کە لە ئاوە هەرێمییەکاندا رووپێویی نیشتمانی ئەنجامدەدا. هەڵبژاردنی داروینیش پەیوەندی بە خولیاکەیەوە نەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە رووەک و گیانەوەر، بەڵکو  کەشتیوانەکە، دوای ئەوەی  یاریدەدەرەکەی جێی هێشتبوو، بە دوای کەسێکدا دەگەڕا لەو سەفەرەدا لەگەڵیدا بێت، ئەرکی کەشتیوانەکە ئەوەبوو نەخشەیەکی ئاوی کەنارەکان بکێشێت، بەڵام هەڵوەدای گەڕان بوو  بەدوای تەفسیرێکی دینیدا بۆ خەڵق، لەبەرئەوەی داروینیش لاهوتی خوێندبوو، بۆیە کەشتیوانەکە داوای لێ کردبوو لەو گەشتەدا هاوسەفەری بێت. داروین پێنج ساڵ لەسەر ئەو کەشتییە مایەوە، واتە لە ساڵی 1831 تا 1836 ، ئەو گەشتەی داروین  دواتر دەیکات بە کتێبێک. لەو گەشتەدا کۆمەڵێک رووەکی دەریای نایابی دۆزیەوە، لە چیللیش لە بومەلەرزە رزگاری بوو. لە تەمەنی 37 ساڵیدا گەڕایەوە  بۆ شارەکەی.

کتێبەکەی ماڵتۆس
رێکەوتێکی تریش رۆڵی هەبوو بۆ لەدایکبوونی بیرۆدزەکەی. سەرەتا ئەوەی بیری لێ نەکردبۆوە تیۆری پەرەسەندن بوو، بەڵام دووبارە رێکەوتێکی تر رۆڵی خۆی دەگێڕێت.  داروین  کتێبەکەی  تۆماس ماڵتۆس  " وتارێک دەربارەی نیشتەجێبوون" بەردەست دەکەوێت و دەیخوێنێتەوە کە تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە لەبەر هەندێک هۆکاری ماتماتیکی، خواردن  و ئازووقە  لەگەڵ نەشونمای دانیشتواندا هاوتەریب ناڕوات، ئەمەش سەرنجی داروینی بەلای خۆیدا رادەکێشت، کە لە گەشتەکەیدا دەبینێت، هەرچی گیانەوەرە لەسەر خۆراک کێبڕکێ دەکەن، ئەوانەش بە خۆڕسک توانای گەشەکردنیان هەیە، گەشە دەکەن و ئەو گەشە کردنە بۆ وەچەکانیان  جێ دەهێڵن  و بەم شێوەیە جۆرەکان بەرەو باشبوون دەچن.  ئەم تێبینییەشی دەبێتە هۆی لەدایکبوونی تیۆرییەک و کتێبێکی گرنگ بەناوی " بنەچەی جۆرەکان"

پێشتر تیۆری پەرەسەندن هەبووە
دیارە تیۆری پەرەسەندنی مێژوویەکی کۆنی هەیە، رەگوریشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن. یەکەم کەسیش فەیلەسوفی کلاسیکی یۆنانی ئاناکسیماندەر بوو کە لە ساڵی 610پ.ز لەدایک بووە لە ساڵی 546 .پ. ز کۆچی دواییکردووە.  ئەو سەرەتا تیۆری گەشەسەندنی داهێناوەو باسی لە بنەچەی مرۆڤ کردووە کە لە گیانلەبەرێکی ئاویی بووە، پاشان بە هۆی کەشووهەواوە، خۆی گونجاندووەو گۆڕانکاری بەسەر جەستەیدا هاتووە. دیارە لەوکاتەدا هێشتا مەسەلەی چۆنێتی دروستبوونی مرۆڤ لەدیدی ئایینە ئاسمانییەکان پەیدا نەبووە، بۆیە ئەم بۆچوونە هەرای گەورەی نەناوەتەوە.
لە سەدەکانی پاشتریشدا زانا و فەیلەسوفی فەرەنسی  بیر لوی موبرتۆی کە لە ساڵی 1698 لەدایک بووەو لە ساڵی 1759 کۆچی دواییکردووە، ئەویش  لە ساڵی 1751 دا لە کتێبی کۆسمۆلۆجیدا، باسی رەگەزە جیاوازەکانی  کردووەو قسەشی لە بارەی  جەنگی مانەوەی گیانلەبەرەکان و تیۆری گەشەسەندن کردووە.
دواتریش لەسەر دەستی زانای فەرەسی جان  باپتیس لامارک، کە لە ساڵی 1744 لەدایک بووەو لە ساڵی 1829" کۆچی دواییکردووە، تیۆری گەشەسەندن زیاتر پێشكەوت، ئەوەبوو  لە ساڵی 1802 کتێبی " فەلسەفەی گیانەوەر" نووسی، لێکۆڵینەوە  لە جۆرەکانی بوونەوەرە زیندووەکان کردووە.

جاحیز
زانا و بیرمەندی گەورەی عیراقیش جاحیز لە جیهانی ئیسلامیدا، یەکەم کەس بووە کە باسی تێزی گەشەسەندی لای ئاژەڵەکان کردووە. جاحیز لە ساڵی 776 لە شاری بەسەرە لەدایک بووەو لە ساڵی 869 کۆچی دواییکردووە. جاحیز لە سەردەمی بەهێزبوونی دەوڵەتی عەباسیی و بەهێزبوونی رەوتی موعتەزیلە ژیاوە، موعتەزیلە باوەڕیان بە هێز و توانای عەقڵ و گەشەسەندنی فیکری مرۆڤی هەبوو. لەهەمانکاتیشدا لەوکاتەدا بەسرە یەکێک بوو لە شارە مەزنەکانی جیهان و پەیوەندی بە خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەبوو.  جاحیز لە کتێبی " حیوان، ئاژەڵ" کە بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دادەنرێت، باسی 350 جۆر ئاژەڵی کردووە، لەهەمانکاتیشدا باسی جەنگ و ململانێی ئاژەڵەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت کردووە. هەروەها باسی ئەوەش کردووە کە ئاژەڵی بەهێز و لاواز هەیە و بەهێزەکان لاوازەکان دەخۆن.

یەکەم کەس نەبووە
داروین یەکەم کەس و داهێنەری تیۆری بنەچە و گەشەسەندنی گیانلەبەران نییە، بەڵام  تاکە جیاوازی ئەوەیە ئەو بنەچەی مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرانی تری  گەڕاندەوە بۆ یەکەمین خانەی زیندوو کە بە " ئەمبویبا Amboeba"  ناسراوە. ئەم خانەیەش بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشووهەوا بەتایبەتی گەرما و باران بارینەوە، نەشونمای کردووەو چەند خانەیەکی تری زیندووی لێدروستبووە، لێرەشەوە چەندین جۆری گیانلەبەر و رووەک و گیانلەبەری شیردەر لەدایکبووە کە مرۆڤیش جۆرێکە لەوانە. ئەم گەشەسەندنەش کاری رۆژێک و  ساڵێک و دوو نییە، بەڵکو کاری ملیۆنان ساڵە. دواتریش داروین پێی وایە، کە مرۆڤیش وەکو مەیمون لەو جۆرە گیانلەبەر شیردەرانە لەدایکبووە، بەڵام جیاوازی نێوان مرۆڤ و مەیمون، عەقڵ و فیکرە کە ئەو بە خانەی ونبوو ناوی دەبات.  ئەم تیۆرییەش دژی تێڕوانینی ئاینییە ئاسمانییەکانە.
لەلایەکی ترەوە داروین پێی وابوو کە گیانلەبەرەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشووهەواو دەستکەوتنی خۆراکەوە، لە ململانێی بەردەوام دان و  گەشە دەستێنێن و وەچە دەنێنەوە، لەمەشدا تەنها بەهێزەکان دەتوانن بمێننەوە وەچە دروست بکەن و لە ژیان بەردەوام بن، لێرەدا کاریگەری تیۆرییەکەی ماڵتۆس دەردەکەوێت بەسەریدا.

بڵاوبوونەوەی کتێبەکە
کتێبەکە لە 5 نۆڤێمبەری 1859  بە تیراژی 1250 دانە بڵاوبۆوە، نرخی  نووسخەیەکی بە 15 سەنت فرۆشرا، ئەم نرخەش لەوکاتدا تاڕادەیەک زۆر بووە،  لە رۆژی یەکەمدا هەموو نووسخەی کتێبەکە فرۆشرا، لەو ساڵەدا 3 جار چاپکراوە، 10 هەزار نووسخەی لێفرۆشرا، خەڵکی لە خۆی دەپرسی ئاخۆ بەراستی ئێمە لە وەچەی مەیموونین؟

کاردانەوەی توند لە جیهاندا
لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەم کتیبە لە بەریتانیا و جیهاندا، کاردانەوەی زۆر توندی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە بازنەی پیاوانی ئایینیدا. لەمەدا کتێبی "کتێبە نەفرەتلێکراوەکان" لە نووسینی عەلی حسێن، وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی،  هاوکاریی باشـمان دەکات بۆ زانینی بەشێک لەو کاردانەوەنە لە جیهاندا، زۆر بە باشی باسی کاردانەوەکانی جیهانی کردووە لەمبارەیەوە. 
 هەر لەپاش بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، پەیمانگەیەکی بەریتانی بۆ دژایەتییکردنی زاستە زیانمەندەکان، دەڵێت: کتێبەکەی داروین هەوڵێکە بۆ داگرتنی خودا لەسەر عەرشەکەی.
سەرۆکی کاهینەکانی بەریتانیاش دەڵێت: داروین دەرگا لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکاتەوە، کە خوا لە کتێبە پیرۆزەکاندا بۆمان دەخاتە روو. دژایەتییکردنی کتێبەکەی داروین تەنها لە بەریتانیا نەبوو، بەڵکو هەموو جیهانی گرتەوە.

خۆرئاوا دژی داروینە
لە ئەمریکا کاردانەوەکان زۆر توند بوون، ئەمەش بە حوکمی ئەوەی کە رەوتی ئایینی لێرە زۆر بەهێز بوو، بۆیە حکومەت رێگەی نەدا کتێبەکە بڵاوبکرێتەوە.   کڵێسای ئەنجیلیکیش لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: داروین دەیەوێت ئینجیل  بکات بە خەیاڵێکی پەتی و جێی بڕواپێکرد نین. ئەو دەیەوێت کەلامی خودا بە درۆ بخاتەوە.
لە ساڵی 1925 مامۆستای زانکۆ جۆن سکۆپس لە ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا درا بە دادگا، چونکە لە زانکۆدا باسی کتێبەکەی داروینی بۆ خوێندکاران کردووە. 
لە ئوسترالیاش سەرۆکی قەشەکانی میلبۆرن کتێبی "زانست و ئینجیل"  دژی داروین و کتێبەکەی نووسیی و دەڵێت: مەبەستی داروین لە کتێبەکەی، باوەڕنەکردن بە ئینجل و رەتکردنەوەیەتی.
لە فەرەنساش هەرچەندە وڵاتێکی عیلمانییە و  رۆڵی پیاوانی ئایینی سنووردار کراوە، بەڵام هەڵمەتی دژایەتییکردنی داروین لێرەش بەهێز بوو.  کڵێسای کاتۆلیکی  بەیانێکی دەرکرد و رایگەیاند: داروین و   تیۆری پەرەسەندن، گومڕاکەر و تاریکبەخشە. داواشی کرد ئەو کتێبە نەکرێتە فەرەنسی، چونکە کتێبێکی لەو جۆرە، کەس نایخوێنێتەوە جگە لە کەسانێکی مەیلسووک و هەستنزم، ئەم کتێبە لە دۆزەخەوە هاتووەو هەر بۆ دۆزەخیش  دەگەڕێتەوە، خاوەنەکەشی کەسێکی بێ شەرم و بێ ئابڕووە چونکە بانگەشە بۆ ئەم جۆرە تیۆرییە دەکات.
لە ئەڵمانیاش کاردانەوەکان بەهێز بوون.  قەشە هاجەرمان رایگەیاند:  تیۆرییەکەی داروین بریتییە لە  وێنەیەکی کاریکاتێری بۆ خەڵقکردن. قەشە هاجەرمان جەختی کردەوە کتێبەکەی داروین  پێچەوانەی هەموو وشەیەکی ئینجیلە، داروین دەیەوێت پووچەڵیان بکاتەوە، بۆیە داوای هەڵگیرساندنی جەنگێکی خاچپەرستی دژ بەو ڕێبازە هەڵە و خراپەکارە کرد.

جیهانی ئیسلامی
ئەم کتێبە تاڕادەیەکی درەنگ گەیشتە جیهانی ئیسلامی، دەتوانم بڵێم، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نوخبەی رۆشنبیری خۆرهەڵات، هێشتا ئاگادای ئەو کتێبە نەبوون، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کتێبە لە میسر وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی.  لە ساڵی 1918 چەند بەشێکی کتێبەکە لەلایەن بیرمەندی میسری  ئیسماعیل مەزهەر وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی، دواتریش د. محەمەد یوسف حەسەن، بەشەکانی تری ئەم کتێبە وەردەگێڕێت و بڵاودەبێتەوە. لێرەش هەرا گەورەکە پەیدا بوو.
لە عیراقی خۆشمان کاتێک شاعیری ناسراو زەهاوی لە چەند وتارێکدا ستایشی ئەم تیۆرییە دەکات، ئەهلی مەلا و پیاوانی ئایینی، زۆر بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە فەتوای کوشتنیشی بۆ دەردەکەن.
لە کوردستانیش هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەم کتێبە لای پیاوانی ئایینی و کەسانێک ئیماندار، جا مەسیحیی بن یان ئیسلام، زۆر دژی ئەم کتێبە و تیۆریەی داروینن، لەم بوارەشدا چەند مەلایەک چ لە خوتبەی مزگەوت یان بەشێوەی وتار یان نامیلکە بەرپەرچی ئەم کتێبەیان داوەتەوە.  جێگەی ئاماژەیە ساڵی 2018 لەلایەن وەرگێڕ نوری کەریم ئەم کتێبە بەناونیشانی " رەچەڵەکی چەشنەکان"  کرایە کوردیی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئەندیشە بڵاوکرایەوە، واتە نزیکەی 159 ساڵ دوای دەرچوونی کتێبەکە کرایە کوردی.

مارکسیزم و  داروینیزم
زۆرجار تیۆرییەکەی داروین لەگەڵ تیۆری مارکسیزمدا تێکەڵ دەکرێت، راستە لە سەرەتای دەرچوونی کتێبەدا، مارکس و ئەنجلسی هاوڕێی زۆر ستایشی کتێبەکە و تیۆرییەکی داروین دەکەن، بە شۆڕشێکی گەورەی زانستی دایدەنێن، بەڵام لە هەمانکاتیشدا رەخنەی توندی لێدەگرن بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە کاریگەری تیۆری ماڵتۆسەوە هەیە کە " مانەوە بۆ بەهێزەکانە"  لە هەمووی سەرنجراکێشتر ئەوەیە، کاتێک مارکس  بەرگی یەکەمی کتێبی " سەرمایە" چاپ دەکات، نوسخەیەکی وەکو دیاری بۆ دەنێرێت، بەڵام داروین بە ئەدەبەوە وەڵامی دەداتەوە کە ئەو لە ئێستادا توانای خوێندنەوەی لەو جۆرە کتێبانەی نییە، هەرچەندە دواتر کتێبی سەرمایە دەبێتە یەکێک لەو کتێبانەی کە کاریگەری گەورە دەکەنە سەر ژیانی  مرۆڤایەتی.

دوا قسە
لە ساڵی 2019 دا  بە بۆنەی  160 ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، لە راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانیادا  هاتبوو،  کە کتێبی بنەچەی جۆرەکان، هەتاوەکو ئەمڕۆش گرنگترین و کاریگەرترین کتێبی زانستی بووە، کە شۆڕشیکی گەورەی زانستی کردووە. لە ڕووی زانستییەوە داروین شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، لەهەمانکاتیشدا گەورەترین نیقاشی فیکریی و ئایینی و زانستی لە سەرانسەری جیهاندا نایەوە، هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم نیقاش و جەدەلە، هەر بەردەوامە.



سەرچاوە:
1
/ عەلی حوسەین. کتێبە نەفرەتلێکراوەکان. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، ئازاد بەرزنجی. چاپی یەکەم. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی.2022
2/ نظرية التطور: بعد 162عاما على صدوره، "في أصل الأنواع" ما زال واحدا من أهم الكتب العلمية في التاريخ. www.bbc.com/arabic
3/الجاحظ المفكر المسلم الذي اكتشف التطور قبل داروين بألف عام.www.bbc.com/arabic
4/ عەلی حوسەین. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە. سەباح ئیسماعیل. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.سلێمانی. 2022.


بابەتە پەیوەندیدارەکان