كاكە حەمە بە قەد عیلمی عەلی وەسفت بكەم هێشتا كەمە

10:35 - 2023-02-27
کەلتور
329 جار خوێندراوەتەوە
#مەلا کاکە حەمە

بورهان شێخ رەئوف 


ئەو سەرباسەی سەرەوە قسەی شێخ مەحمودی حەفیدە بۆ مەلا کاکە حەمە. مەلا كاكە حەمەی ناوچەی گەرمیان بە گشتی و بەتایبەتی بناری سەنگاوی هەڵبژاردووە بۆ گۆڕەپانی چالاكی و هەوڵ و خەبات و تێكۆشانی خۆی بۆ بەگژاچوونەوەی جەهل و نەخوێندەواری، ئەو پیاوە مەردەی لە مێژووی كۆن و نوێی كوردا لە وێنەی كەمن.

مەلا كاكە حەمە هەر بەوەشەوە نەوەستاوە كوڕان فێری خوێندەواری بكات، بەڵكو ئامانج و ئاواتەكانی زۆر گەورەبوون و لەو ناوچە دوورە پەرێزەی كوردستاندا بۆ یەكەمجار دەرگای حوجرەی بە رووی كچانیشدا كردۆتەوە و فێری خوێندەواری كردوون

بۆ ناوچەی سەنگاو و بۆ گەرمیان؟ 
ناوچەی سەنگاو ناوچەیەكی دوورە دەست و دوور لە سنوورەكان و نەبوونی رێگاوبان، وای كردبوو دەستی خوێندن و خوێندەواری پێ‌ نەگات، هەر لە سەردەمی حوكمی عوسمانی و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی عیراقیش، هەرچەندە سەنگاو جاران گوندێك بوو گۆپتەپەیان پێ‌ دەگووت یەكێك لە ناحیە كۆنەكانی پارێزگای كەركوكیش  بوو، باوكم رەوانشاد (شێخ رەئوفی كێلەبەرزە) دەی فەرموو ئەگەر نامەیەك بهاتایە بۆمان دەبوو چەندین دێ‌ و شوێنی تر بگەڕێین تا خوێندەوارێك بدۆزینەوە بیخوێنێتەوە، دڵنیام هەر ئەو هۆكارەیە پاڵی بە مەلا كاكە حەمەوە ناوە ئەم ناوچە پان و بەرینە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی 36 ساڵی تەمەنی خۆی بۆ تەرخان بكات تا بەردی بناغەی نەوەیەكی خوێندەوەراو دابنێت و دڕ بە شەوەزەنگی نەخوێندەواری بدات .

شێخ مەحمود و مەلا كاكە حەمە
ئەو شیعرەی شێخ مەحمود بۆ مەلا کاکە حەمەم دەماودەم و لە زاری كەسوكاری خۆمەوە بیستووە، وەكو بۆمیان گێڕایەوە شێخ مەحمود فەرمانی  بە (ئەحمەد شوكری) سكرتێری كردووە نامەیەكی سوپاس و ستایش و رێزلێنان بۆ مەلا كاكە حەمەی سەیفوڵا بنووسێت، بەڵام دواتر شێخ مەحمود نامەكەی ئەحمەد شوكری بە دڵ نەبووە خۆی ئەم دێڕە شیعرەی بۆ نووسیوە:

(كاكە حەمە بە قەد عیلمی عەلی وەسفت بكەم هێشتا كەم) 
لە لایەكی ترەوە مەلا كاكە حەمە رێز و خۆشەویستییەكی زۆری بۆ مەلیكی كوردستان هەبووە هەر لەگەڵ پێكهێنانی یەكەم حكومەتی كوردستان لەلایەن شێخی نەمرەوە مەلا كاكە حەمە وەكو قازی ناوچەی سەنگاو دیاری دەكرێت و ڕۆڵێكی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لە خزمەت كردنی خەڵكی ئەو ناوچەیەدا، هەرچەندە هەندێكجار لە بەر دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ شێخ و حكومەتەكەی و شۆڕشەكەی گلەیی و گازندە و ڕەخنەشی هەبووە، تەنانەت جاروبار دڵیشی رەنجاوە و لە شێخیش دوورە پەرێز بووە، تەنانەت لەو كاتانەشدا گوێ بیستی تانەوتەشەر و پیلانگێڕی لە شێخ و شۆڕشەكە دەبێت ئازاری پێدەگات و ناڕەحەت دەبێت ئەم نامەیەی خوارەوە بۆ شێخ مەحمود دەنووسێت.

نامەیەکی مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵا 
کاتێ نامەکەی بۆ شێخ مەحمود ناردووە هەرچەندە زۆر پەست و نیگەرانیش بووە لە جەنابی شێخ تەنانەت سلێمانیشی بە جێهێشتووە، بەڵام کاتێک هەست دەكات مەترسی هەیە و بۆنی ئەوە دەکات پیلان هەیە دژی شێخ مەحمود  ئەم دێڕانە دەنووسێت و بە ڕێبوارێکدا بۆ شێخی دەنێرێت، بەڵام سوێندیان دەدات کە نەڵێن هی ئەوە!
دەقی نامەکە ئەم دوو دێڕەیە: (بەعزێ لە سەگە خوێڕییەکانی قەوم بە شەوقی سەتوەتە خوا پێداوەکەت دەوەڕن بۆ ئەو وەڕینە ناسازە لازمە مەئموری سەگ کوژی دابنرێت.) 
لەوانەشە نامەکە لەوە درێژتر بووبێت، من لە «حیسامی شێخ عەلی»م بیست ئەویش لە باوباپیری مەرحومیانەوە بیستوویەتی، ئیدی نازانم لە شوێنی تر یان لەسەرچاوەی تر باسی کراوە یان نا، بەڵام من وەکو هەڵوێستیکی مەردانەی رەوانشاد مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵا پێم باشبوو بیری خەمخۆرانی مێژووی کوردی بخەمەوە، حەزدەکەم هەرکەس زانیاری زیاتری لایە بۆی زیاد بکات .
هەموو ئەم هەڵوێستە گەورانە چ لە مەلا كاكە حەمەوە بۆ شێخ مەحمود و شیعرەكەی شێخی نەمر و مەلیكی كوردستان بۆ مەلا كاكە حەمە گەواهیدەری گەورەیی و كاریگەری مەلا كاكە حەمەن بۆ كورد و كوردستان كە لەو سەردەمەدا چ رۆڵێكی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەی بۆ  هۆشیار كردنەوە و بە ئاگا هێنانەوەی نەتەوەکەی هەبووە .
هەر لێرەدا زۆر بە گونجاوی دەزانم راوێژێك و پێشنیارێكی مەلا كاكە حەمە باس بكەم كە بۆ شێخ مەحمودی كردووە، لەو كاتەدا مەلا كاكە حەمە لە گوندی كربچنە خزمەتی كردووە و مەدرەسەكەی لەوێندەر بووە، كە دەبیسێت شێخ مەحمود بە تەمای شەڕ و پەلاماردان و خۆسازدانە پێش شەڕی ئاوباریك كۆبوونەوەیەك دەكرێت لە گوندی بانی مۆرد لە بناری سەنگاو و لە ماڵی شێخ مستەفای شێخ عەبدولقادری گولـلە نەبڕ، مەلا كاكە حەمە بە ڕوون و ئاشكرا بە شێخ دەڵێت قوربان لەم شەڕەدا سەركەوتوو نابیت و نەكرێت باشترە چونكە ئینگلیز و عەرەب پێكهاتوون و رێككەوتوون كە نەوتەكە بدەن بە ئینگلیز و هیچ بە كورد نادەن، بەڵام وەكو دەركەوت دواتر شەڕەكەش كرا و ئاكامێكی ئەوتۆی نەبوو.

مەلاكاكە حەمە لە كتێبخانەی كوردیدا 
یەکەم: ئەگەرچی  دەیان كتێب و وتار و باس و لێكۆڵینەوە لە سەر گەورەیی مەلا کاكە حەمەی سەیفوڵا بنووسرێت هێشتا كەمە، بەڵكو  پێشتر ساڵی 1972 مامۆستای رەوانشاد و شەهیدی نیشتمان شاكر فەتاح یەكەم كتێبی بە ناوی (مەلا كاكە حەمە چیرۆكی ژیانی زانا و وێژەوان و نیشتمان پەروەرێكی هەرە گەورەی كوردستان ) نووسیوە .
دووەم: مامۆستا مستەفا نەریمانیش نامیلكەیەكی بە ناونیشانی (مامۆستای نەمر) لەسەر كار و چالاكییە خۆبەخشییەكانی مەلاكاكە حەمەی جاویدان نووسیووە و زیاتر مەیدانی بووە.
سێیەم: مامۆستا هێمن عومەر خۆشناویش لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر رێزمانی كوردی لە سەر (ئەلف و بێ) یەكەی مەلا كاكە حەمە نووسیوە .
چوارەم: جگە لەمانەش دەیان وتار و لێكۆڵینەوە لەسەر كار و چالاكی و خۆبەخشییەكانی مەلا كاكە حەمەی سەیفوڵا لە رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا بڵاوكراوەتەوە.
پێنجەم: مامۆستا زانا قەرەداغیش دوا كتێبی  بە ناونیشانی (مەلا كاكە حەمەی حاجی سەیفوڵا زانایەكی گومناو) لە ساڵی (2019) دا بەچاپ گەیاند .

كتێبەكەی زانا قەرەداغی 
خۆم خەڵكی ناوچەی سەنگاوم و مەلا كاكە حەمەیش بەشێكی لەو سی و شەش ساڵەی كە خەریكی بڵاوكردنەوەی زانست و خوێندەواری بووە لە ناوچەی سەنگاو و گوندی داربەڕوو، دواتریش لە هەنجیرە  بووە و خزم و كەسی نزیكمن و زۆرێك لە قوتابییەكانی لە كەسە نزیكەكانمن و خۆم بە دیداریان شاد بووم هەرچەندە ئێستا زۆریان لە ژیاندا نەماون .
ئەو گوندانەی مەلا كاكە حەمە وانەی تێدا وتوەتەوە وانەكانی هەر ئەلف و بێ‌ نەبووە، بەڵكو زۆر بواری دی گرتۆتەوە كە 42 بابەت بوون گوندەكان (كربچنە، فەقێ‌ مستەفا، مەلا هۆمەر، كۆییك، مەسۆیی، خان ئیبراهیم، خانچی، داربەڕوو، قەرەداغ، قزرەبات، تەپە سپی، سیا مەنسوور، چیا رەزا، باقووبەرە) كاك زانا 14 گوندی نووسیوە، بەڵام لە بەدوادا چوونەكانی مندا بۆم دەركەوت ماوەیەكیش دوای گوندی داربەڕوو لە گوندی هەنجیرەی سەر بە ناحیەی سەنگاو بووە و مەدرەسەی هەبووە لە لایەن خوا لێخۆشبوو شێخ سەعیدی شێخ حسینەوە هەموو پێداویستی و خەرجییەكانی مەدرەسەكەی بۆ دابین كراوە.

ناوی فەقێ کوڕەکانی مەلا کاکە حەمە
هەربۆ زیاد كردنی زانیارییەكانی مامۆستا زانا قەرەداغی ژمارەی قوتابییەكانی قوتابخانەكەی داربەڕوو تا ئێستا ناوی دە فەقێم دەست كەوتووە  بەو هیوایەیەی لە داهاتوودا ناوەكانی تریش بدۆزینەوە ئەگەر هەبێت، ئەو تەنها چواریانی بەردەست كەوتووە ئەمەش ناوەكانە كە خۆم بە دوادا چوونم بۆ كرد ئەمانەن :شێخ عەبدولعەزیز شێخ محەمەد، شێخ بەهائەدین شێخ محێدین، شێخ عومەر شێخ  فەرەج، شێخ حسێن شێخ سەعید، شێخ مەحمود شێخ عیسا درۆزنە (تەنیا ئەم لە ژیاندا ماوە تائێستا)، شێخ حسێن شێح ئەحمەد درۆزنە، شێخ حسێن شێخ محەمەد(مامە حسێن) شێخ واحید شێخ مەحمود، مەحمود مام فەرەج نەورۆڵی، ئەحمەد رەحیم (حاجی ئەحمەد لە گوندی درۆزنە بوون دواتر چوونەتە گوندی سماق).
لەلایەكی تریشە مامۆستا مەلا كاكە حەمەی كورد هەر بەوەشەوە نەوەستاوە كوڕان فێری خوێندەواری بكات، بەڵكو ئامانج و ئاواتەكانی زۆر گەورەبوون و لەو ناوچە دوورە پەرێزەی كوردستاندا بۆ یەكەمجار دەرگای حوجرەی بە رووی كچانیشدا كردۆتەوە و فێری خوێندەواری كردوون، دەبێت ئەمە چ نهێنییەك بێت مەلا كاكە حەمە توانیبێتی قەناعەت بە شێخەكانی گوندی درۆزنەی سەر ئاوەسپی و بناری دەلۆ بكات كچەكانیان بخەنە بەرخوێندن و حوجرەی مزگەوتەكان، وابزانم تا ئێستا هیچ كام لە نووسەران و ئەوانەی لەسەر مەلا كاكە حەمەی سەیفوڵایان نووسیوە باسی ئەم هەوڵە دەگمەن و پێشكەوتنخوازییەی مەلا كاكە حەمەیان نەكردووە كە كچانی كوردی فێری خوێندەواری كردووە، منیش دوای كنە و پرسیار و بە دواداچوونی زۆر ئەو زانیارییەم دۆزییەوە، بەشی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فەقێ‌ كچەكان خزمی خۆمن و ئەگەرچی ئێستا لە ژیاندا نەماون بەڵام خۆم بە خزمەتی  خوا لێخۆشبوو حاجی حەپسەی خێزانی حاجی شێخ قادر گەیشتبووم دەمدی قورئانی دەخوێند .

ناوی فەقێ‌ كچەكانی مەلا کاکە حەمە
حەپسە شێخ عیسای شێخ حسێن درۆزنە، مەلەك شێخ علی شێخ حسین  درۆزنە، رەحیمە شێخ عیسا شێخ حسێن، ئامینە عەبدولرەحیم ساڵح (خێزانی شێخ نەسرەدین شێخ عەلی شێخ حسێنە شێتە).
هیوادارم منیش توانیبێتم کەمێک رۆشنایی بخەمە سەر ژیانی ئەو پیاوە جوامێر و خۆنەویستەی نەتەوەکەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان