پڕۆژەكەی چین، جەنگی روسیا-ئۆكرانیا دەباتە چ ئاستێكەوە؟

11:21 - 2023-02-28
جیهان
156 جار خوێندراوەتەوە



دوێنێ دووشەممە، دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كریملن، لە بەردەم رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەو پلانە ئاشتییەی كە چین پێشكەشیكردووە، رایگەیاند: وردەكارییەكانی ئەو پڕۆژە 12 خاڵییەی چین، پێویستە شیكاری و حیساباتی وردی بۆ بكرێت.
سەرۆكایەتیی روسیاش پلانی پێشنیازكراوی چین بۆ چارەسەركردنی ئاشتیی ئۆكرانیا بە «پڕۆسەیەكی درێژخایەن» دەزانێت و رایگەیاند: دەبێت وردەكارییەكانی پڕۆژەكە بخرێنە ژێر شیكاری و حیساباتی وردەوە.
پێسكۆڤ، ئاماژەی بەوەشكردووە كە كریملن گرنگییەكی زۆر بەو پلانە ئاشتییە دەدات كە دۆستانی چینی خستوویانەتەڕوو، وتیشی: هەر هەوڵێك بۆ داڕشتنی پلانێك كە یارمەتیدەر بێت بۆ گواستنەوەی ململانێكان بە رێگایەكی ئاشتیانە، شایەنی سەرنجە، ئێمەش بە بەرژەوەندییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ پلانی دۆستە چینییەكانمان دەكەین.
شایانی باسە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی چین بەیاننامەیەكی 12 خاڵی بڵاوكردۆتەوە كە هەڵوێستی چینی لەبارەی ئاشتیی روسیا و ئۆكرانیاوە لەخۆگرتووە.
یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە «پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی هەموو وڵاتان، هەروەها دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ».
لەو پڕۆژەیەدا چین دژی خراپ بەكارهێنانی سزا تاكلایەنەكانە لە چوارچێوەی ململانێی ئۆكرانیادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان