״عیراق پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە״

09:15 - 2023-03-02
عیراق
505 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەفدێكی هاوڕێی كرد، كە پێكهاتبوون لە خاتوو روزماری دی كارلۆ یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بونیادنانی ئاشتی و خاتوو جێنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی لە عیراق.

لەدیدارێكدا، باس لەو هەوڵانە كرا كە دراون بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی و میكانیزمی كاری نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و ئەو رۆڵەی كە شانبەشانی هەوڵە نیشتمانییەكان دەیگێڕێت.سەرۆك كۆمار، خواستی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاریكاری و كاری هاوبەش بۆ دابینكردنی پێداویستیی ئاوارەكان، كە تائێستا هەزاران خێزانی ئاوارە لە دۆخێكی زۆر كارەساتبار و ئاڵۆزدا دەژین و وتی: هیوادارین بە هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان كێشەكانیان چارەسەربكرێت ئەوەش بە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەبێت.
خستنەڕووی كێشەكانی ئاو، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەو رووەوە سەرۆك كۆمار، وتی: عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرە و بەدەست كەمیی ئاو و وشكەساڵی و بیابانبوونەوە دەناڵێنێت، بۆ چارەسەری كاریگەرییەكانیش داوایكرد كاربكرێت بۆ دابینكردنی پشكی ئاوی پێویست بۆ عیراق.

لای خۆیەوە، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند: نەتەوە یەكگرتووەكان هاوشانی عیراق دەوەستێت و پاڵپشتی هەوڵەكانی دەكات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، تەئكیدیشیكردەوە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پابەندن بە پاڵپشتیكردنی ئاوارەكانەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان