چارەسەرکردنی شەکرە لە رێگەی یۆگا و کاڵخۆرییەوە

10:08 - 2023-03-06
کەلتور
309 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە بەربڵاوترین نەخۆشییەکان لەم سەردەمەدا. لە هەموو شوێنێک بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی لەناو ئەو وڵاتانەی لەگەشەکردن و پێشکەوتندان زیاتر پەرە دەستێنێت. دکتۆر «نیل بێرنارد» بەمەبەستی دۆزینەوەی شێوازێکی دروستی کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە لەلایەن دامەزراوەی لەشساغی نەتەوەیی ئەمریکا و بەهاوکاری زانکۆی جۆرج واشنگتن و زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا بۆماوەی چەند ساڵ خەریکی لێکۆڵینەوە بوو. دکتۆر نیل بەو دەرەنجامە گەیشت کە «کاڵ سەوزەخۆری» خاوخۆری» چارەسەری سەرەکیی و راستەقینەی نەخۆشی شەکرە و چەندین نەخۆشی دیکەن، واتە ئەو نەخۆشییانەی چارەسەرە کیمیاییەکان پێیان چارەسەر ناکرێت بە باشی بە کاڵ رووەکخۆری چارەسەر دەبن، هەر لەم پەیوەندییەدا ئێمە لە ماڵی یۆگای هەناسە ئەزموونی زۆرباشمان هەن، خەڵکانێکی زۆر توانیویانە بەراهێنانەکانی  یۆگا و خاوێنکردنەوەی خۆراک و خواردنەوەیان تەنانەت ئەگەر هەندێ لە خۆراکە ژیانبەخشەکانی وەک گۆشتەکان و شیرەمەنی و برژاو و زۆر کوڵاوەکانیان وەلانا بێ، بە بەرەنجامی زۆر باش گەیشتوون.

د. نیل بێرنارد دەڵێ: تا زیاتر لەناو خەڵکدا رێژەی گۆشتخۆری و خواردنی شیرەمەنی و هێلکە و بەروبوومی ئاژەڵەکان بەرزتر بێتەوە نەخۆشیی شەکرەش زیاتر پەرەدەستێنێت

چۆن تووشی شەکرە دەبین
شەکرە بارودۆخێکە شەکری خوێن زۆر زیاد دەکا و بەرزدەبێتەوە. ئەو شەکری خوێنە «گلوکۆز»ە دەچیتە ناو خانەکانەوە تا وزەمان زیاد بکا و وزەمان پێ ببەخشێت، بەڵام نەخۆشی شەکرە ناهێڵێ ئەو «گلوکوز»ە بچیتە ناو خانەکانەوە و لە خوێندا دەمێنێتەوە و لەوێدا ژەهراوی دەبێت. پاش ئەوە دەتوانێت بە ئاسانی هێرش بکاتە لەسەر چاوەکان و موودەمارە خوێنییەکانی چاوەکان و هەروەها بەئاسانی هێرش دەکاتە سەر گورچیلەکان و زیانی کوشندەیان پێدەگەیەنێت.
دکتۆر نیل بێرنارد دەڵێ: «ئێمە لە رێگەی بەراوردکردنی وڵاتان و لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانمان بۆمان دەرکەوت تا زیاتر لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا رێژەی گۆشتخۆری و خواردنی شیرەمەنی و هێلکە و بەروبوومی ئاژەڵەکان بەرزتر بێتەوە نەخۆشیی شەکرەش زیاتر پەرەدەستێنێت و خەڵکانێکی زیاتر تووش دەبن.
ئەو کەسەی تووشی نەخۆشی شەکرە بووە، دەمارەکانی پڕن لە دڵۆپی بچوکی چەوری، کە ئەو چەورییەش، چەوری گۆشت و پەنیر و بەگشتی هی شیرەمەنی و هێلکە و خواردەمەنییە سوورکراوە چەورەکانن.

شەکرەی جۆری دووەم
 نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم ئەو کاتە روودەدا کە چەوری لەناو خانەکاندا کەڵەکە دەبێت و ئەنسولین چیتر ناتوانێت بەمەبەستی وەرگرتنی «گلوکۆز» پەیوەندی لەگەڵ خانەکاندا دروست بکات. کەواتە دەبێ ئەو چەورییانە لەو خانانە بهێندرێنەوە دەرەوە. ئەو کارە چۆن دەبێ بکەین و ئەو چەورییانە لە کوێوە هاتوون؟ ئەو چەورییانە لە رێگەی «کاڵ سەوزەخۆری»یەوە دەهێنرێنە دەرەوە. سەرچاوەی ئەو چەورییانەش گۆشتەکان و هێلکە و شیرەمەنییەکانن. پەنیر رێژەی 70% ی چەورییە و خراپترینیانە، پاشان گۆشتەکان و هێلکە و رۆنی چێشت لێنانیش بەهەمان شێوە.
چەوری ئاژەڵی رۆڵی سەرەکی هەیە لە دروستبوونی نەخۆشی شەکرە و ئەو نەخۆشییە زۆر پەرە پێدەدات. کەواتە چارەسەرەکەی بەکارنەهێنانی چەوری ئاژەڵییە بەهەموو شێوەیەک. بۆ ئەو مەبەستەش کاڵ سەوزەخۆری شێوازێکی زۆر سادە و گونجاوە و تەنانەت دەیان نەخۆشی تری ناو لەشیش لەناو دەبات و پێش بە سەرهەڵدانییان دەگرێت. جا ئەو نەخۆشییانە ئەگەر جۆرە ترسناکەکانی شێرپەنجەش بن هەر لەناویان دەبات و رۆژانەش دەیان کەس لە سەرانسەری دنیادا بەم شێوازە چاک دەبنەوە و لەو نەخۆشییانە دەرباز دەبن.

کاڵخۆری چییە؟
کاڵ سەوزەخۆری بەم شێوە سادەیەی خوارەوەیە:
یەکەم: گۆشتەکان و هەموو بەروبومێکی ئاژەڵی وەلاوە بنێن.
دووەم: رۆن و کەرە و هەموو جۆرەکانی چەوری، تەنانەت لەسەرەتاکاندا چەرەسات و دانەوێڵە چەورەکانیش مەخۆن.
سێیەم: شەکر و نانی سپی و هەموو جۆرەکانی شیرینی و بسکویت و خواردنەوە غازییەکان و شەرەبەتە ناسروشتییەکان و تەنانەت لەسەرەتاکاندا خورما و میوە شیرینەکانیش مەخۆن. بەڵام کاربۆهیدراتە «سالم» و باشەکان دەتوانن بخۆن، بۆ وێنە برنج، ماکارۆنی، پەتاتە بە کوڵاوی، فاسۆلیا و نۆک و نیسک خۆراکی باشن و بۆ هەمیشە دەتوانن بەکاریان بێنن.
شێوازی چارەسەرەکە بەهیچ شێوەیەک قورس و سەیروسەمەرە نییە، هەر ئەوەندەیە کە لەسەرەوە بە زمانێکی سادە ئاماژەی پیکرا. ئەگەر رەچاوی بکەیت، «کاڵ سەوزەخۆری» ئەو کاریگەرییانەی خوارەوەی لەسەر نەخۆشی شەکرەکەی جەنابت دەبێت و بە زوویی دەبینی توانیویتە کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە بکەیت.
یەکەم: هەنگاو بە هەنگاو شەکری خوێنتان دادەبەزێ. دوای دەست پێکردنی ئەم شێوازە دروستەی چارەسەری هەفتەی جارێک شەکرەکەتان تاقی بکەنەوە تا ئاگاداری گۆڕانگارییەکان بن.
دووەم: ئەگەر قەڵەو بن، کێشتان دادەبەزێ و ئەگەر لاوازیش بن نۆرماڵ و سروشتی دەبنەوە و بۆتان زۆر بەسوود دەبێت. کاڵ سەوزەخۆری دەبێتە هۆی ئەوەی کۆلسترۆڵی خوێنتان بەشێوەیەکی سالمتر دابەزێت.
سێیەم: زەختی خوێنیشتان نۆرماڵ و ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمانە هەمووی خاڵی گرینگن و مرۆڤ ساغ و سەلامەتر دەکەن. جگە لە شەکرە ئەگەر نەخۆشییەکانی گەدە و ریخۆڵە و قەبزیتان هەبێ بەم شێوازە بەزوویی چاک دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر شێرپەنجەکان و ئارتریت و میگرێن و ژانەسەر و دەیان نەخۆشی دیکەشتان هەبێ بە درێژەدان بە شێوازی کاڵ سەوزەخۆری بۆ هەمیشە چاک دەبنەوە.


د. نیل بێرنارد

بابەتە پەیوەندیدارەکان